هێمن مەحموود
"هیچ شتێک هێندەی کۆڵان بەرەو چیرۆک نامبزوێنێ"
لەناو ئەم هەموو جەنجاڵی و ژاوەژاوەی ئەم ڕۆژانەدا کە دونیای ئێمەی داگیرکردووە، خوێندنەوەی کتێبێکی نوێ، چیرۆکێکی نوێ، ڕۆمانێکی نوێ ئارامییەکی لەڕادەبەدەر دەبەخشێت، ڕەنگە کتێبە نوێیەکەی (بەختیار حەمەسوور) یەکێک بێت لەو کتێبانەی کە ئەو ئارامییە دەبەخشێت.
(گۆرانیبێژی بچووک) نوڤلێتێکە یاخود سێ چیرۆکە لە یەک چیرۆکدا کە ڕووداوەکانی پەیوەستن بەیەکەوە و ناتوانرێت لە یەک داببڕێن و جیابکرێنەوە.
لە دەستپێکی ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ) ی خوان ڕۆڵفۆدا پاڵەوانی ڕۆمانەکە بەم جۆرە دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان و دەڵێت: هاتمە کۆمالا، چونکە پێیانگوتم باوکم، پیدرۆ پارامۆ، لێرە دەژی. دایکم ئەمەی پێگوتم. منیش بەڵێنی ئەوەم پێدا دوای مەرگی بچمە دیدەنی. وەک بەڵگەیەکیش بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەو کارە دەکەم، دەستیم گوشی. لەو کاتەشدا دایکم لە سەرەمەرگدا بوو، منیش ئامادەبووم هەر بەڵێنێکی پێبدەم.
بەختیاریش لە گۆرانیبێژی بچووکدا دەڵێت: سەرەتا کە دەستنووسی چیرۆکەکانم خوێندەوە، وەک دەقێکی ئەدەبی وەرمگرت، دایکم گوتی نا، گوتی زیادتر لەوەن، وردتر بیانخوێنەوە، ژیانی ئێمەن، من و باوکت، مامت و هاوڕێکانی، خاڵ و پوورەکان، داپیرە و باپیرەکان، گوند و شار و کەسانێک، کە چیدی نەماون، بەڵام چاوەڕێن چارەنووسی چیرۆکەکە بە لایەکدا بکەوێت. گوتی باوکت سوێندی دام نەچم، سوێندم خوارد ناچم، چووم، تۆ لەگەڵمدا بووی، نەمگوت کە چووم. تا بە سەکتەی دڵ، کە دوای مامت بەردەوام دەیگوت بێماناترین جۆری مردنە، مرد، نهێنییەکە نهێنی مایەوە، هەست بە گوناهـ دەکەم، ناتوانم بچم، تۆ بچۆ، دڵنیام کەسانێک هەن قسەت بۆ بکەن.
لە گۆرانیبێژی بچووکدا بەختیار زۆر وەستایانە، زۆر لێزانانە وەک چیرۆکنووسێکی ورد چیرۆکی سێ نەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە یەک بەدوای یەکدا دێن و بەسەرهات و ڕووداوگەلی جیاوازیان بەسەردا دێت. ئەوەی لە چیرۆکەکانی بەختیار خوێنەر سەرسام دەکات گێڕانەوەیە.
ئەم چیرۆکخوانە وەستای وردەکاری و گێڕانەوەیە، دەستێکی باڵای لە ڕووداو دروستکردن و پێکەوەبەستنی ڕووداوەکان هەیە، بە زمانێک دەگێڕێتەوە حەز بە کۆتاییهاتنی ناکەیت، چێژ لەو هەموو وردەکارییە دەبینیت، سەرسامی ئەو قەرەباڵخییەی کە لە چیرۆکەکانیدا هەیە، ئەفسوونی ئەو هەموو خەیاڵە دەبیت کە لە چیرۆکەکانیدا هەیە، بە بڕوای من ئەوەی بەختیار لە زۆرێک لە چیرۆکنووسەکانی دیکە جیادەکاتەوە تەنیا و تەنیا گێڕانەوەیە بەو زمانە تایبەتەی خۆی.
بەختیار لە چیرۆکەکانیدا و لە گۆرانیبێژی بچووکیشدا دێوانەی شارە، بەتایبەت سلێمانی، سلێمانیت جارێکی دیکە بۆ بینادەکاتەوە، بە کۆڵانەکانیدا دەتبا، بە خانووەکانیدا چیرۆکگەلی زۆرت بیر دەخاتەوە، سلێمانی ئەم سلێمانییەی ئێستا نییە، سلێمانی خەیاڵێکە ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا ژیانیکردووە، سلێمانی سەردەمێکە کە جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوە، نە سرووشتەکەی، نە خەڵکەکەی، نە کۆڵان و شەقام و خانووەکانی.
شار لە چیرۆکەکانی بەختیاردا و لەم چیرۆکەشدا پانتاییەکی گەورە داگیردەکات و مانایەکی دیکەی هەیە جیاواز لە شاری ئاسایی، چیرۆکنووس مێژووی شارت بۆ هەڵدەکۆڵێت، کەسایەتییە ناودارەکانت بۆ زیندوو دەکاتەوە و ناهێڵێت لەبیرەوەری خەڵکدا بسڕێنەوە، ئەو زمانەی بەختیار پێی دەنووسێت زۆر سەرنجڕاکێشە.
گۆرانیبێژی بچووک چیرۆکی سێ سەردەمە لەڕێگای سێ کەسایەتی باوک و برایەک و نەوەیەکەوە دەگێڕرێتەوە و تەونەکانی پێکەوە گرێ دەدرێت، زمانی گێڕانەوەکەی زمانێکی یەکسەری نییە و چەندین جار تێکەڵاو دەبێت و سەرەتا و کۆتاییەکەی پێکەوە گرێ دراوە، خوێنەر بێتاقەت نابێت لەو تێکەڵاویی و سەرەتا و کۆتایی چیرۆکەکانی.
گۆرانیبێژی بچکۆلە مێژووی بنەماڵەیەکە کە نەوەکانی وەک نەوەکانی سەدساڵ تەنیاییەکەی مارکیز هەریەکە و چارەنووسێکی جیاوازیان هەیە و دووبارە نابنەوە و شانسێکی دیکەیان لە زەویدا پێنادرێتەوە، چیرۆکی سێ نەوەیە کە جەنگ و عەشق و تەنیایی و ڕەنگی جیاوازی چاوەکانیان چارەنووسیان دیاری دەکات و دواتر لە ڕێگای چیرۆکەوە بە ئێمە ئاشنا دەبن.
من وەک خۆم هەرگیز تاقەتم نییە بێم کتێبێک بگێڕمەوە و خوێنەر لە چێژی خوێندنەوەی بێبەش بکەم بۆیە نایگێڕمەوە بۆتان، بەڵام جیاوازیش لە زۆرێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرەکانیش کە پێیان عەیبە باس لە بەرهەمی هاوڕێکانیان بکەن، شانازی دەکەم قسە لەسەر بەرهەمی هاوڕێکانم بکەم و بە خوێنەریان بناسێنم، تەنانەت چێژیش لەوە دەبینم تا بەرهەمێکی کوردی هەبێت قسە لەسەر کتێبی وەرگێڕدراو بکەم، چونکە ئەوەی خۆمان زیاتر واقیعیترە و باس لە دونیای خۆمان دەکات، هەر بۆیە ئەگەر کتێبێکی جوانم لەم ماوەیەدا خوێندبێتەوە ئەم نۆڤلێتەی هاوڕێم بەختیار حەمەسوورە و پێشنیازیش دەکەم ئێوەش بیخوێننەوە.