چاوپێکەوتن لەگەڵ عەلی مەردان
  2025-11-19     

و/ سامان عەلی

 

دیداری ئەم هەفتەیەمان، لەگەڵ یەکێک لە گۆرانیبێژە گەورەکان بوو (لە برا کوردەکانمان) کە بە ڕاستی بە (شێخی گۆرانیبێژانی کورد) لە قەڵەم دەدرێت، خوێندنی هونەریی لای مامۆستا دێرینەکانی گۆرانی تەواو کردووە، ئەم گۆرانیبێژەش عەلی مەردان قادرە، ساڵی ١٩١٠ لە شاری کەرکوک لە دایک بووە، لەم دیدارە کورت و خێرایەدا چەند پرسیارێکم لێ کرد، بە سوپاسەوە ئەویش وەڵامیدانەوە.

 

حەمودی ئەلوەردی: ژیانی هونەرییت چۆن دەست پێ کرد؟

عەلی مەردان: کاتێک منداڵ بووم، هۆگری خویندنەوەی قورئانی پیرۆز بووم، لەو کاتەدا هاموشۆی تەکیەی شێخ عەلی تاڵەبانیم دەکرد لە کەرکوک، لەو تەکیەیەدا ئەرکە ئایینییەکانم بەجێ دەهێنا و، گوێم لە قورئانخوێنەکان دەگرت. تا تەمەنم بوو بە پانزە ساڵان بەو جۆرە بردمە سەر، لەو قورئانخوێنانەی کە گوێم لێ دەگرتن وەک: حاجی نەعمان، کە لە هونەرەکانی مەقام و ئاوازدا شارەزا و زانایەک بوو بۆ خۆی، هەمیشە ئامادەی کۆڕ و دانیشتنەکانی دەبووم، هەروەها شێخ محەمەد عەلی کە لە ڕووی زانایی و شارەزاییەوە هیچی لە حاجی نەعمان کەمتر نەبوو، لەگەڵ ژمارەیەک خەڵکی دیکەی بێجگە لە ئەواندا. پاشان لە ڕێگای ئاهەنگەکانی گۆرانی و لە دایکبوونەوە درێژەم بە خوێندنەکەم دا، زیاتر ئامادەی ئەو ئاهەنگانە دەبووم کە محەمەد خەلیل ئاغا سازی دەکردن.

 

حەمودی ئەلوەردی: کەی بوو دەستت کرد بە گۆرانی گوتن لە ئاهەنگەکاندا؟

عەلی مەردان: ساڵی١٩٢٨ لە ئاهەنگە تایبەتەکاندا دەستم کرد بە گۆرانی گوتن، لە دوای ماوەیەکی کەم توانیم لەبارەی ئاهەنگە گشتییەکان و لە دایک بوونەوە ئاهەنگی گۆرانیی خۆم ساز بکەم.

 

حەمودی ئەلوەردی: دەتوانیت ناوی هەندێک لەو مامۆستایانەتمان پێ بڵێیت کە هونەری گۆرانییان لێوە فێر بوویت؟

عەلی مەردان: ئەو مامۆستایانەی گۆرانییان لێوە فێر بووم؛ محەمەد سەعید سابڵاخی و ئەسغەر هەمەدانی و مورتەزا خان ئەسفەهانی و سەید یەحیای ئێرانی و خزر بەهران کەرکوکلی و، سەید عەلی ئەسغەر و شێخ عەلی تاڵەبانی و محەمەد خەلیل ئاغا و حاجی نەعمان.

 

حەمودی ئەلوەردی: بواری تایبەتت لە گۆرانیدا چی بوو؟

عەلی مەردان: لە ڕاستیدا تایبەتمەندییم بە پلەی یەکەم گوتنی مەقام و بە پلەی دووەم گۆرانییە کوردی و تورکی و فارسییەکان بوو، لەو گۆرانییانەش نزیکەی ٤٠٠ گۆرانیم گوتون، هەندێکیان فۆلکلۆری کوردی بوون و هەندێکیشیان ئاوازی خۆم بوون، هۆنراوەکانیشیان دوو جۆر بوون، کۆن و نوێ، نوێیەکان دانانی خۆم بوون، شیعری مەقامەکانیش دانانی شاعیرە کۆنەکانی کوردی وەک مەولەوی و فایەق بێکەس و عەبدوڵڵا گۆران و ئەحمەد دەروێش و تایەر بەگی جاف و ئەحمەد موختار جاف و عەلی باپیر ئاغا و شاعیرانی دیکەی بێجگە لە ئەوان بوون.

 

حەمودی ئەلوەردی: کەس لای تۆ هونەری گۆرانی خوێندووە؟

عەلی مەردان: زۆربەی گۆرانیبێژە تازەکانی کورد، قوتابیی منن.

 

حەمودی ئەلوەردی: ساڵی چەند بوو لە ئێستگەی عێراق بۆ گۆرانی دەستبەکار بوویت؟

عەلی مەردان: ساڵی١٩٣٩ چوومە بەغدا و دەستم کرد بە پێشکەش کردنی ئاهەنگی گۆرانییەکانم لە ئێستگەی عێراق.

 

حەمودی ئەلوەردی: لەو گۆرانییانەی کە گوتووتن هیچ گۆرانییەکت لەسەر قەوان تۆمار کردوون؟

عەلی مەردان: ژمارەیەکی زۆر لە گۆرانییەکانم لەسەر قەوان بۆ ئەم کۆمپانیای تۆمارکردنانە تۆمار کردوون: هۆمۆ کورد، ئەبو جەمەل، ئەبو کەلب، بیزافۆن، سۆدوا، چەقماقچی.

 

حەمودی ئەلوەردی: سەبارەت بە مامۆستا قەبانچیی گۆرانیبێژی عەرەب چی دەڵێیت؟

عەلی مەردان: من مامۆستا قەبانچی چاک دەناسم و هەروەها ئەویش من چاک دەناسێت و ئەو هاوڕێی یەکەمی منە و، من بە ناسینی سەربەرزم و شانازیی پێوە دەکەم، هاوکات من یەکێکم لەو کەسانەی کە بە کەسایەتی و هونەر و وێژە و گۆرانییەکانی سەرسامم.

 

حەمودی ئەلوەردی: سەبارەت بە گۆرانیی عەرەبی، سەرنج و بۆچوونت چین؟

عەلی مەردان: من گۆرانییەکانی قەبانچیی گۆرانیبێژی یەکەمی عێراقم لە هەر گۆرانییەکی دیکە لە لا پەسەندترە، لە دوای ئەو چێژ لە گۆرانییەکانی مامۆستا محەمەد عەبدولوەهاب و ئوم کەلسوم وەردەگرم.

 

تێبینی: ئەم دیدارە بە زمانی عەرەبی و لە ژمارە (٩٠١)ی ڕۆژی هەینیی ڕێکەوتی ١٩ی نیسانی ساڵی١٩٦٧ی ڕۆژنامەی (البلد)ی عێراقیدا بڵاو کراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×