ئا: شاھۆ ئەحمەد
شەوی ٣ لەسەر ٤ی ئەم مانگە لەلایەن چەند کەسێکەوە ١٧ گۆڕ لەگۆڕستانی کریستیانەکان لەگوندی ھەرمۆتەی سەر بەقەزای کۆیە شوێندران، لەنێویاندا گۆڕی ھونەرمەندی ناوداری کۆچکردوو "خاڵە سێوە"، ئەو رووداوە کاریگەری دەروونی لەسەر پەیڕەوانی ئەو ئایینە دروست کردووە، لایەنە پەیوەندارەکانیش لێکۆڵینەوەیان لەرووداوەکە دەستپێکردووە.
ھەرمۆتە، گوندێکی دێرینی مەسیحیەکانەو دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری کۆیەوە، سەرچاوە مێژوویەکان باس لەوە دەکەن بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لەم گوندە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی سەرەتای سەرھەڵدانی ئاینی مەسیحیو پێش ھاتنی ئیسلام بۆ کوردستان. مەسیحیەکانی ھەرمۆتە کلدانیو سەر بەئاینزای کاسۆلیکینو بەزمانی سریانی دەدوێن، لەگەڵ ئەوەشدا بەکوردییەکی پاراو قسە دەکەنو ئاوێتەی کلتورو جلو بەرگی رەسەنی کوردین، ھەروەھا خاوەنی چەندین کەسایەتی ھونەریو سیاسی ناودار بوون.
شکاندنی گۆڕەکانو پێکەوەژیان لەکۆیە
شکاندنی گۆڕی کریستیانەکان نیگەرانی لێکەوتوەتەوەو کاریگەری دەروونی لەسەر مەسیحیەکانی ھەرمۆتەو کوردستان دروست کردووە، د.ھاوژین سڵێوە مامۆستای زانکۆو یەکێک لەپەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لەکۆیە، بەئاوێنەی وت "ئێمە وەکو دانیشتوانی گوندی ھەرمۆتە نیگەرانین لەو کارە قێزەونەی کراوە، ئەویش شکاندی کێلی گۆڕی چەند کەسو کەسایەتی گوندەکەیە، لەکوردەوای قسەیەک ھەیە دەڵێن کەسێک مرد شەیتانیش دەستی لێھەڵدەگرێت! بەڵام دیارە ئەو کەسانە لەشەیتانیش خراپترن، ھەروەھا لەمێژووی بابو باپیرمان کاری لەمجۆرە نەبوەو یەکەمجارە حاڵەتی وا رووبدات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا ئەو کارەی ڕوویداوە کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان موسوڵمانو مەسیحیەکان نابێ، بەڵام ئەو کارە ھی منداڵ نیەو بەگروپ ئەنجامدراوەو فکرێکی لەپشتە، ئەو وتی "بەھۆی ئەو رووداوە پەیوەندی ئێمە لەگەڵ موسوڵمانەکان زیاتر بەھێز بووە، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە چەند کەسێکی دەرون نەخۆشن، ھەر بۆیە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم بەزووترین کات بکەرانی ئەو کارە بدۆزرێتەوەو سزای یاسایی بدرێن".
سڵێوە ئەوەشی روونکردەوە کەوا گوندی ھەرمۆتە خاوەنی چەندین کەسایەتی ھونەریو سیاسی ناودار بوون، کە نەک هەر جێیی شانازی کلدانیەکان، بەڵکو جێیی شانازی کوردیش بوون، لەوانە "کەریمی ئەلەکە" کە وەزیری دارایی بوە لەحکومەتی شێخ مەحمود، ھونەرمەندی کوچکردوو خاڵە سێوە، کە مەقامبێژێکی بەتوانا بوەو زۆرینەی کاتیش لەگەڵ موسوڵمانەکان لەبۆنە جیا جیاکان گۆرانیو مەقامی وتوەو ھیچ کێشەیەکیش لەنێوانیان رووینەداوە، هەروەها قەشە یوسف پەری کە کەسایەتییەکی ناودار بووە لەسلێمانی.
پیاوانی ئایینی موسڵمانو مەسیحیش لەشاری کۆیە بەداخو دڵگرانن سەبارەت بەو کارە نەشیاوو قێزونەی بەرامبەر گۆڕی مەسیحییەکانی هەرمۆتە کراوەو بەتوندی ئیدانەی دەکەن.
م.ھاشم شیرەیی، مامۆستای ئاینیو پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی خێرخوازان، لەبارەی ڕووداوەکەی ھەرمۆتە بۆ ئاوێنە وتی "کۆمەڵێک کەس دوور لەھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی ھەستاون بەشکاندنی گۆڕی گۆڕستانی کریستیانەکان، ئەو ڕووداوە ھیچ پەیوەندی بەئیسلامو موسوڵمانەکانەوە نیەو خوای گەورەش ھیچ کات بەو کارە رازی نییە، ھەر بۆیە من بەبکەرانی ئەو کارە دەڵێم ئەوەی ئێوە کردووتانە تەنھا رێزو خۆشەویستی نێوان ئێمەو مەسیحیەکان زیاد دەکات".
ئەم مامۆستا ئایینیەی کۆیە باسی پێکەوەژیان لەکۆیە دەکات، کە چەندان ساڵە موسوڵمانو مەسیحیەکان لەکۆیە لەخۆشیو ناخۆشیدا بەیەکەوە بوون، ئەو وتی "ئێمە بەشداری پرسەی ئەوان دەکەین، ئەوانیش بەھەمانشێوە، سەردانی نەخۆشی یەکتر دەکەین، ھاوکاری مادیو مەعنەوی یەکتری دەکەین، ھەربۆیە ئێمە دانیشتوانی گوندی ھەرمۆتە دڵنیا دەکەینەوە ئەو ڕووداوە کاریگەری لەسەر پەیوەندیەکانمان نابێت، رێزو خۆشەویستیمان بۆ ئەوان زیاتر دەبێت".
ھەر سەبارەت بەڕووداوەکەش، قەشە زەیا شابا، قەشەی کڵێسای گوندی ھەرمۆتە بەئاوێنەی وت "کارەساتێکی دڵتەزێنە ئەو رووداوە، ئێمە زۆر داوای لێبوردن لەو کەسانە دەکەین کەسو کاریان لەو گۆڕستانە ھەیەو ئێستا دەبینێت کێلەکەی شکێنراوە، ھیوادارم کاری لەو شێوەیە دوبارە نەبێتەوەو بەزووترین کاتیش بکەرانی ئەو رووداوە دەستگیر بکرێن".
قەشە زەیا جەختی لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان موسوڵمانو مەسیحی لەکۆیە کردەوەو وتی "ئەو کارە ئێمەی بەخەبەر ھێناو جارێکی تر دۆستایەتیو برایەتی لەنێوان ئێمەو موسوڵمان تازە کردەوە".


گۆڕستانەکە نۆژەندەکرێتەوەو کامیرەی چاودێریش دادەنرێت
سەبارەت بەلێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە کەوا "بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کارە نابەجێو تێکدەرانە دەکەین کە لەقەزای کۆیە دژی چەند گۆڕێکی خوشکو برا کریستییانەکان کراوە، داواش لەدامودەزگاکانی حکومەت دەکەین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بکرێت بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانو سزادانیان ،ھەروەھا گۆڕستانەکەش لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم نۆژەنبکرێتەوە".
سەبارەت بەلێکۆڵینەوە لەرووداوەکە، حاکم تاریق حەیدەر قایمقامی قەزای کۆیە لەلێدوانێکی بۆ ئاوێنە وتی "لەو کاتەوەی ھەواڵەکەمان بیستووە دەستمان بەلێکۆلێنەوە کردووە، کەیسەکە لەدادگای کۆیە دۆسیەی بۆ کراوەتەوە، لەبەر ھەستیاری بابەتەکە نامانەوێت وردەکارییەکەی باس بکەین، بەڵام ئێمە بەشێوەیەکی یاسایی لەبابەتەکە دەکۆڵینەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت تێمێک لەحکومەت ھاتوە بۆ کۆیە ھەم گۆڕستانەکە نۆژەندەکاتەوە، ھەم کامێرای چاودێریش لەو شوێنانەی پێویستە جێگر دەکرێن، ئەو وتی "موسوڵمانو مەسیحیەکان باش دەزانن ئەوەی ئەو کارەی کردووە دەستێکی رەشو نامۆیە بەکۆیە، ماوەی چەندان ساڵە پێکەوەژیانی موسوڵمانو مەسیحی ھەبووە، خەڵکی کۆیە مردووی ئەو گۆڕستانەو ئەوانەشی گۆڕەکانیان شێوێنراون بەکەسو کاری خۆیان دەزانن، ھەربۆیە ھەردوولا جەختیان لەتەباییو یەکریزی خۆیان کردووەتەوە".
چاخانەیەک موسوڵمانو مەسیحی کۆدەکاتەوە
لەناو گوندی ھەرمۆتە چاخانەیەک موسوڵمانو مەسیحیەکان کۆدەکاتەوەو رۆژانە بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان سەردانی ئەو چاخانەیە دەکەن، ئازاد مەربێن تەمەن ٥٦ ساڵ پەیڕەوی ئایینی مەسیحیەو رۆژانە سەردانی ئەو چاخانەیە دەکات، ئەو بۆ ئاوێنە وتی "ئێمە ھەر لەکۆنەوە لەناو گوندی ھەرمۆتە لەگەڵ موسوڵمانەکان پێکەوە ژیاوین، تائێستاش ھیچ کێشەیەک لەنێوانمان دروست نەبوە، لەسەر ھەموو شتێک کێشەمان ھەبوو بێت لەمەسەلەی ئاینو بیروباوەڕ کێشەمان نەبوە، لەدوای ئەو رووداوەش ئێمە ھەروا دەبین".
ھەروەھا حەکیم رەسوڵ، کە موسڵمانەو دانیشتوی گوندی ھەرمۆتەیەو لەگەڵ مەسیحیەکان لەو چاخانەیە کۆدەبێتەوە، بەئاوێنەی راگەیاند "ئەوەندە ساڵەی ئێمە لێرە دەژین تا ئێستا کێشەی دینمان نەبووە،ئێمە لەناو چاخانەکە باسی ھەموو شت دەکەین بەس دین نەبێت ھیچ گفتوگۆیەکی ئاساییو توند لەگەڵ یەکتری لەسەر ئەو مەسەلە ناکەین، ئێمە دێین یاریو قسەی خۆش دەکەین، سەردانی نەخۆش دەکەین لەبۆنەکان بەشداری دەکەین، ھەربۆیە ئەو کارەشی بەرامبەر ئەو گۆڕستانە کراوە پێمانناخۆشەو ئیدانەی دەکەین ".
لایەنە سیاسیەکان ئیدانی دەکەنو داواش دەکەن تاوانباران بدۆزرێنەوە
بەدەر لەچینو توێژەکان لایەنە سیاسیەکانی کۆیەش ئیدانەی ئەو ڕووداوە دەکەنو داوا دەکەن بەزووترین کات بکەرانی ئەو ڕووداوە دەستگیر بکرێنو سزای یاسایی بدرێن، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکەوە لەراگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کەوا "رەنگدانەوەی ژیانی پێکەوەییو کلتوری یەکتر قبوڵکردنو بەشداری بۆنە ئاینیو کۆمەڵامەتیەکان لەنێوان ئاینە جیاوازەکانی کۆیە ،سیمایەکی شارستانیەتی نوێو پێشکەوتنخوازی خەڵکی کۆیەیە، داوا لەھێزە ئەمنیەکانی سنورەکە دەکەین ھەرچی زووە رێکاری توند بگرنەبەر بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە، تاکو کەسانێک تەنانەت بەخەیاڵیش بیر لەتێکدانی ئەو پێکەوەژیانەی کۆیەو کوردستان نەکەنەوە ".
لەلایەکی ترەوە چەتۆ حەسەن بەرپرسی لیژنەی ناوچەی کۆیەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەئاوێنەی راگەیاند "شێواندنو شکاندنی گۆڕی کریستیانەکان بەکاری خراپو نەخوازراو گێرەشێوێنی دەزانین ،ھەر بۆیە ئێمە ئەو کارە شەرمەزار دەکەین، چەندین ساڵە موسوڵمانو مەسیحیەکان پێکەوەژیاون ھیچ کێشەیەکیش لەنێوانیان دروستنەبوە، ئەوەی ئەو کارەی کردووە تەنھا ویستویەتی ترسو دڵەڕاوکێ لەدڵی خوشکو برا مسیحیەکان دروست بکات ،ھەروەھا دەیانەوێت ئەو پێکەوەژیانو برایەتییە نەھێڵن".
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش ئیدانەی ئەو ڕووداوە دەکات، کاوە مەمەند بەرپرسی مەڵبەندی ١٦ی کۆیەی یەکگرتوو لەبارەی ھێرشی سەر گۆڕستانی گوندی ھەرمۆتە بەئاوێنەی وت "ئێمە ئەم کارە ناشیرینەو دوور لەبەھای مرۆڤایەتیە شەرمەزار دەکەین کەدژە بەھەموو بنەما ئاینیو کۆمەڵایەتیو نیشتیمانیەکانو دوورە لەپڕەنسیپەکانی پێکەوەژیانو لێبوردەیی، ئێمەی موسوڵمان چەندەھا ساڵە لەگەڵ برا مەسیحیەکان بەبرایەتیو تەباییو رێزگرتنی یەکتری ژیاوین، ئەم ھەنگاوە نامۆو نەشیاوە ھەرگیز کاریگەری نابێت لەسەر سمبولی پێکەوەژیان لەشارەکەمان".
ناوبراو وتیشی "داوا لەدامودەزگانی ئیداریو ئەمنیەکانی شاری کۆیە دەکەین بەدواداچوونی ورد بکەن لەسەر ئەم رووداوەو بکەرانی ئاشکرا بکەنو بەسزای خۆیان بگەیەنن".
دڵشاد شەریف بەرپرسی ناوچەی کۆیەی کۆمەڵی ئیسلامی ئیدانەی رووداوەکەی کرد، ئەو بەئاوێنەی راگەیاند "کۆمەڵی ئیسلامی بەھەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو کارە دەکات، ئێمە ھەر لەکۆنەوە لەگەڵ مسیحیەکان بەیەکەوە ژیاوین ھیچ کاتێک رووداوی لەو جۆرە نەبووە، ھەرگیز ئیسلام رێگا نادات کاری لەو شێوە بکرێت، ھەربۆیە خەڵکی کۆیە ئەو ھێرشە ناحەقیەی پێناخۆشە، چونکە کەسێک کە مرد ھیچ شتێکی لەسەر نامینێت، ھەربۆیە داوا لەھێزە ئەمنیەکانو بەرپرسانی ئەم شارە دەکەم تاوانباران دەستگیر بکرێنو سزای یاسایی بدرێن".


ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات