فیلمی عێراقی "کێکی سەرۆک"، پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی ئۆسکار، ئەم ڕووداوە بۆ یەکەمجار لەمێژووی سینەمای عێراقیدا ڕوودەدات.
ئاوێنە: لیژنەی پاڵێوراوانی ئۆسکار لیستی ئەو فیلمە نێودەوڵەتیانەی ئاشکرا کرد کە کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکاری ٢٠٢٦.، ئەم لیستە لە کۆی زیاتر لە ٩٠ فیلم کە لە سەرانسەری جیهاندا پێشکەش کراون، ١٥ فیلم لەخۆدەگرێت.
فیلمی عێراقی "کێکی سەرۆک" لەم لیستەدا ناوی هاتووە، ئەم ڕووداوەش بەخاڵی وەرچەرخان لەمێژووی سینەمای عێراق دادەنرێت، چونکە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا فیلمێکی ئەم وڵاتە کاندید کراوە بۆ خەڵاتی ئۆسکار.
فیلمەکە لەنووسینو دەرهێنانی "حەسەن هادی"یەو لە ساڵی ٢٠٢٥ بەرهەم هێنراوە.
پاڵەوانی فیلمەکە کچێکی تەمەن ٩ ساڵە بەناوی لەمیا، کە دۆخی عێراق لەساڵانی نەوەدەکاندا دەگێڕێتەوە. لەمیا پێویستە کەرەستەی کێکی لەدایکبوونی سەدامی دیکتاتۆر وەک ئەرکێکی قوتابخانە ئامادە بکات، لەبارودۆخێکدا کە وڵات بەدەست کەمیی خۆراک و هەژارییەکی زۆرەوە بەهۆی ئابورییەوە دەناڵێنێت.
ئەم منداڵە عێراقییە تەمەن ٩ ساڵە بۆ ئامادەکردنی ئاردو هێلکەو شەکر دەچێتە بازاڕو لەڕێگەیەوە سەختی ژیانی ئەو ڕۆژگارە پیشان دەدرێت.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی لیستی فیلمە پاڵێوراوەکانی ئۆسکار، تیمی بەرهەمهێنانی فیلمەکە دڵخۆشی خۆیان بەم دەستکەوتە دەربڕیو جەختیان لەوە کردەوە کە بۆ یەکەمجار لەمێژووی سینەمای عێراقدا فیلمێک گەیشتە ئەم قۆناغەی پێشبڕکێی ئۆسکار، ئەم ڕووداوەیان بەهەنگاوێکی گرنگو مێژوویی وەسف کرد.
تیمەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە کاندیدکردنی پێشوەختە ڕێگە دەدات فیلمەکە بگاتە بینەرێکی جیهانی فراوانترو کاریگەرییەکی ڕوونی لەسەر سینەمای عێراق هەبێت.