نامەی نیکۆس کازانتزاکیس بۆ هێلینا سامیوس
  2025-12-17       621       

وەرگێڕانی: دلاوەر قەرەداغی

 

سەمەرقەند،

٢٧ ی مارس ١٩٢٩

... ئێستا من لە شارێکم، شارێکی ئەفسانەیی، لە شاری هەزارویەک شەو دەچێ. شەبەقیی پەردەی واگۆنەکەم لا دا. لە دەرەوە دەشت و دارچوالەی گوڵکردووم بینی! خۆرێکی پرشنگدار، گەرما، درەختی خونچەکردوو، بێستان و ئاو، موسڵمانانی دزداشەی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر و جبەی ڕەنگ جیاواز بە شانەوە، گوێدرێژانێکی سەرشۆڕ، وشتر.

نیوەڕۆیە و من بە بازاڕە جوانە مۆرک ئیسلامییەکەدا دەسووڕێمەوە، حەشاماتی خەڵک بە جلکی ڕەنگاوڕەنگ و ڕوخساری مەغۆلییەوە، ژنانی پەچەدار بە "فیریتجی"*ی ئەستوور، کەلوپەلی زۆر جوان لەو دەوروبەرە بە ڕەنگی سەوز و شین وەک ئەوەی یەریڤان. هەردوو مەزاری تەیموری لەنگ و بیبی خانم لە ناوەڕاستی شار و نزیک بازاڕ... جاروبار منارەیەکی جوان یان گومبەزێکی فەیرووزەیی دێنە بەرچاو. لە هەموو لایەکەوە پیاوان جلەکۆنەی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەردا، ئاخۆران باخۆران، بۆنێکی خۆش کە لە گوڵەچوالەوە دێت، هاوکاتیش بۆگەنێکی ئاوی وەستاو و میز کە بەرگە ناگیرێ.

کەشوهەوا زۆر گەرم و چاکەتەکەم داکەند. خواجە موردۆڤ – م ناسی، کە بازرگانە و، بردمییەوە ماڵەوە: خانوویەکی نسرمی لە خشت ڕۆنراو و بە فەرشی جوان ڕاخراو، لە هەرچوار لاشییەوە چوار قەفەسی پڕ لە کەناری بە قوماشی دانتێلا داپۆشراو. سنووقی دێرین، بە ژمارە زۆر و جەزوەی عارەبی. ژنان لە حەرەمسەرا. خواجە سندووقێکی کردەوە و دراوێکی پیشان دام کە هی سەردەمی ئەسکەندەرە.. هتد. سفرەیەکی کۆنی شێواز هیندیی و توحفەیەکی جوانی مەزارەکەی بیبی خانم و ئەرەقچنێکی چنراویشم لێ کڕی.

.... بە درێژایی ڕۆژ سووڕامەوە – مزگەوت، دوکان و قەیسەریی، شەقام، کاڵەکی زەرد و ترێم خوارد، ئەرەقچنێکی بچووکی نەخشێنراوم لەسەر کرد و چێژم لە دیمەنگەلێکی سەیر برد کە هەر باس ناکرێ. جوانترین مزگەوت مزگەوتی عومەر**ە کە هێشتا ساغە، لێرەش مزگەوتی گەورە و جۆراوجۆر هەن، بەڵام ڕووخاون، لێرە نیوە گومبەزێکی سەوز، کۆڵەگەی داڕووخاو هەیە و جاروباریش منارەی لار وەک ئەوەی یەریڤان.

بەڵام شارەکە بە تەرزە ئاسیاییەکەیەوە زۆر لە قودس جوانترە. ئێرە دڵی خۆرهەڵاتە، بنیادەم شتی زۆر سەیر دەبینێ; وەک جبەی بەر ڕەنگاوڕەنگ، دزداشە و عەمامەی سەوز، سپی، زەرد و پاپووجی سوور لای پێشەوەی پێچاوپێچ چما گوندول*** ێکی گچکە ئاسا؛ وەک ئەوەی لە مینیاتۆری فارسییدا هەیە.... ئای چەند حەزم دەکرد لەگەڵم بای!

___________________

* سەرپۆش.

** مزگەوتێک لە قودس.

*** "بە ئیتاڵی گوندولا"، بەلەمێکی درێژکۆلەیە لە کەناڵەکانی شاری ڤینیسیا بەکار دەهێنرێ.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×