گوندنشینانی ئامێدی سوودیان لەپرۆسەی ئاشتی وەرگرتووەو خەڵک ھەناسەیەکی ئارامیان ھەڵکێشاوە
ئا: عەمار عەزیز
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستو پرۆسەی ئاشتی لەنێوان گەریلایەکانی پەکەکەو سوپای تورکیا، دۆخی ناوچەکانی سەرسنور لەدەڤەری بادینان ئارامی بەدوای خوێدا ھێناوە، گوندندنشینان پاش جەندین ساڵ زەویەکانی خۆیان دەکڵێن.
عیسا حەسەن، جوتیارێکی گوندی تاژیکای سەر بەناحیەی سەرسنگە لەسنوری قەزای ئامێدیو دڵخۆشە بەوەی لەمەودوا دەتوانێت بەئازادانە زەویەکەی خۆی بکێلێت، ئەو بەئاوێنەی وت "پرۆسەی ئاشتی ئەگەر بۆ تورکیاو گەریلایەکانی پەکەکە جارێک سوودبەخش بێت، بۆ ئێمە دوو ئەوەندە سوودبەخشە، بژێوی ژیانمان لەسەر چاندنو بەخێوکردنی ئاژەڵە، ئەمەش پێویستی بەکەشێکی ئارامو دوور لەشەڕو بۆردوومانە، پێش چەند مانگێک یان بڵێین ساڵی رابردوو خەڵکی ئامێدی بەگشتی ترسێکی زۆر گەورەیان لا دروستبوو، نەیاندەتوانی وەکو پێویست زەویەکانی خۆیان بکێڵن یان ھەر جۆرە کارێکی تر ئەنجام بدەن".
عیسا خاوەن باخێکی گەورەیە کە زۆرینەی بەرھەمە کوردەوارییەکانی لێچاندوە، ئەو وتی "چەند رۆژێکە دەستمان بەکێڵانی زەوی کردووە، شوکر بۆ خوا رێژەیەکی باشی بارانیش باریوە، پێدەچێت ساڵێکی پڕ بەرەکەتو خێرو بێر بێت بۆ ھەموومان، ئێستا کە دەچینە ناو زەویەکانی خۆمان دڵخۆشین بەوەی دەنگی تۆپو فڕۆکەو بۆردومان نابیستین، پێشتر وانەبوو لەھەرچرکەیەکدا دەترسیان شتێک بەرمان بکەوێت، ئەوەش وادەکات خەڵک زیاتر پەرە بە کەرتی چاندن بدات ".
پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا، ھێشتا لەھەنگاوەکانی سەرەتادایە، دوای ئەوەی عەبدوڵلا ئۆجەلان لە٢٧ی شوباتی ئەمساڵ داوای لە چەکدارانی حزبکەی کرد کە چەکەکانیان دابنێنو پارتی کرێکارانی کوردستان ھەڵبوەشێننەوە، لەبەرانبەردا پەکەکە لە ١١ی تەمۆزی ئەمساڵ یەکەم گروپیان کە ژمارەیان ٣٠ گەریلا بوو، لەئەشکەوتی جاسەنە لەقەزای دوکان لەسلێمانی چەکەکانیان سوتاند.
مەسعود بۆتی، جێگری بەرێوەبەری تەندروستی ئامێدی بەئاوێنەی وت "پێش ئاگربەستو پرۆسەی ئاشتی، ھەموو کات تیمەکانمان لەئامادەباشیدا بوون بۆ ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو، شەو ھەبووە چەندین برینداریی ھاوڵاتیانی سڤیلمان ھەبوو، ھەروەھا ژمارەیەک کەس لەشوێنی روداوەکە گیانی خۆیان لەدەست دەدا، ئەوەش بەھۆی سەختی برینەکەیان".
بۆتی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ڕێک دۆخەکە پێچەوانەوە بووەتەوە، زیاتر لەسێ مانگە ھیچ بریندارێکیان بەھۆی بۆردومان یاخود شەڕی تورکیاو پەکەکەوە بۆ نەھاتووە، ھەروەھا گیان لەدەستدانیش نەبووە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی کە لەو ماوەیەدا ناوچەکە ئارامیەکی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەو وتی "چیتر ناوچەکانمان بۆردومان ناکرێن، ھەروەھا شەڕی تورکیاو پەکەکەش بەتەواوی ڕاگیراوە، باش لەبیرمە کاتێک دەبوو بەبارانو سەرما، ئیتر ئەو شەوە دەمانزانی شەڕ ڕوودەداتو ناوچەکەش بۆردومان دەکرێت، تیمەکانیشمان دەچوون بۆ شوێنی مەترسیدار تاوەکو بریندارەکان یان ئەوانەی گیانی خۆیان لەدەستداوە بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، ئێستا خۆشی لەشەوانی زستانیش دەبینین، ھەم تیمەکانمان ئیسراحەتی باشیان کردوە، ھەمیشە خەڵکەکە ئیتر ناترسێتو دەنگی تۆپو جۆرەھا چەکی تر نابیستێت".
شەڕی چەند ساڵەی تورکیاو پەکەکە زیانی بەسنورێکی بەرفراوان لەسنوری بادینان گەیاندوە، کە زیاتر لە ٢٥٠ گوند بەتەواوی چوڵکراونو ھەزاران دۆنم زەوی سووتاون، جگە لەمەش زیانی گیانیش ھەبووە، سەدان کەس بوونەتە قوربانی، کە بەشێکیان گیانی خۆیان لەدەستداوەو بەشەکەی تریش بەسەختی بریندار بوون.
ئەحمەدسەعید، مۆختاری گوندی "گوھەرزێ"ی سەر بەناحیەی دێرەلوک لەسنوری قەزای ئامێدی بەئاوێنەی وت "لەسەر ئاستی قەزای ئامێدی گوندەکەی ئێمە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، دەیانجار گولە تۆپو جۆرەھا چەکی تر بەر خانووی ھاوڵاتیان کەوتووەو زیانی زۆر گەورەیان پێگەیاندووە، جگەلەمەش نەماندەتوانی سەردانی دەوروبەری گوند بکەین، شوانەکانیش بەھەمانشێوە لەترسی بۆردومان ئاژەڵەکانی خۆیان لەماڵەوە بەخێو دەکرد".
وتیشی "ئێستا ژمارەیەک ئاژەڵم ھەیە رۆژانە دەیبەم بۆ دەوروبەری گوند بۆ لەوەڕاندن، دەتوانین بچین بۆ ھەندێک شوێن، پێش پرۆسەی ئاشتی بەھیچ شێوەیەک نەماندەتوانی سەردانی ئەو شوێنانە بکەین، چونکە بەردەوام ناوچەکە بۆردومان دەکرا، زیاتر لەسێ مانگە یەک گولە توپ یان ھەر جۆرە چەکێکی تر لەدەوروبەری گوندیش نەکەوتووە، منداڵ، ژن، پیر، گەنج ھەموویان بەتەواوی ئیسراحەتیان کردوە".
ئەحمەد سەعید ھیوای ئەوە خواست کە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێتو زیاتر فراوانتر بێت، ئەو وتی "ھەموو کەسێک سوودی لەو پرۆسەیە وەرگرتووە، خەڵک ھەناسەیەکی قوڵی ئارامیان ھەڵکێشاوە، قەسەم بەخوا پێش ئاگربەست شەوانە لەبەر دەنگی تۆپ نوستنمان نەبوو، لانیکەم خەڵکەکە بەئیسراحەت دەنوێتو ھەڵدەستێتەوە، بەبێ ئەوەی دەوروبەری ناوچەکەی بۆرومان کرابێت، پێشتر دەوروبەرمان ھەمووی دوکەڵو بۆنی سووتانی دار بوو، ئێستا ژینگەی ناوچەکەش پاکبووەتەوە ".
لایەنە پەیوەندیدارەکانی گەشتیاریش دڵخۆشن بەوەی کە لەوەرزی بەهاری داهاتوودا ناوچەکەیان کە ناوچەیەکی خوانو دڵفڕێنی گەشتیارییە، لەڕووی گەشتیارییەوە ببوژێتەوە.
حەمید محەمەد ساڵح، بەرێوەبەری گەشتوگۆزاری ئامێدی بەئاوێنەی وت "پرۆسەی ئاشتی لەکاتێکدا ڕاگەینرا کە وەرزی گەشتوگوزار لەسنوری ئامێدی بەرەو کۆتایی دەچوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئەگەر بەو شێوەیە بێت کاریگەری زۆری دەبێتو زۆرێک لەو ناوچانەی کە پێشتر گەشتیار نەیاندەتوانی سەردانی بکات، ئەمساڵ دەتوانن، بۆ نموونە گەلی ھرور لەسنوری ناحیەی کانی ماسیو دەیان شوێنی تر".
وتیشی "ھەر گروپێکی گەشتیاری کە دەھاتنە سنوری ئامێدی ٢ رۆژ دەمانەوە، بۆ ئەمساڵ دڵنیام رۆژەکانیان زیاتر دەکەن بۆ ٣ تا ٤ رۆژ، چونکە ژمارەی شوێنەکانی گەشتیاری زیاتر دەبن، گروپەکانی گەشتیاری پرسیارمان لێدەکەن کە بۆ ئەمساڵ چەند شوێنی تر زیاد کراونودەتوانن بچن، ئێمەش زانیاری تەواوو وردیان پێدەدەین، پرۆسەکە سوودی زۆری بۆ شوێنە گەشتیارەکان دەبێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات