کێ دەبێت بەسەرۆک؟
  2025-12-23       3436       
سەرۆککۆمارەکانی عێراق لە ٢٠٠٥ تا ٢٠٢٥

ئا: ئیمان زەندی

 

لەساڵی ٢٠٠٥ەوە تائێستا پۆستی سەرۆككۆمار وەكو نەریتێکی سیاسی لێهاتووە کە پشکی کوردەو لەنێویشدا لای یەکێتی بووە، ئێستا یەکێتی‌و پارتی کێبڕکێیانە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق، چاودێرێکی سیاسی دەڵێت "ئەگەر پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید بباتە نێو پەرلەمانی عێراق‌و سەربکەوێت کێشە دروست دەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم".

 

پشکی کورد لەنێوان یەکێتیی‌و پارتیدا "گیری خواردووە"

هێشتا خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی نەكردووەو بەهۆیەوە رۆژی ١٦ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ عه‌بدوله‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق مه‌رسومێكی كۆماریی دەکرد کە تیایدا بانگهێشتی ئه‌ندامه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق کرد، بۆ ئاماده‌بوون به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی شه‌شه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌رۆژی ٢٩ـی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٢٥.

لای خۆیەوە ھیوا سەید سەلیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەگفتوگۆیەکی ئاوێنەدا لەبارەی لێکتێگەیشتنەکانی یەکێتی‌و پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری، وتی "تاوەکو ئێستا هیچ نزیکبوونەوەیەک نییە کە بڵێین رێککەوتوون‌و هەماهەنگن، بەڵام شیعەو سوننەکان کۆبوونەتەوەو هەماهەنگی خۆیان کردووە، بەڵام پشکی کورد لەنێوان یەکێتی‌و پارتیدا گیری خواردووە".

سەبارەت بەچۆنیەتی دیاریکردنی کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە، ناوبراو دەڵێت "ئەگەر لەسەر پۆستەکانی هەرێم هەردوولا رێکبکەون ئەوکاتە رێگاکە لەبەردەم یەکێتی ئاسانتر دەبێت بەئاسانی کاندیدی خۆی دەستنیشان دەکات؛ ئەویش ئەگەر پارتی رکابەری نەکات، بەڵام ئەگەر هەردوولا بەدوو کاندید بڕۆن کێشە دروست دەبێت لەنێوانیان".

وتیشی "شیعەکان‌و سوننەکان پەیامییان ناردووە کە کورد بەتاکە کاندیدێک بچێتە ئەو پۆستە تاوەکو توشی ئەو هەڵوێستانە نەبن کە کێ هەڵبژێرن، شیعەکان‌و سوننەکان لەکورد خەمخۆرترن بۆ ئەو پۆستە".

سەبارەت بەوەی هۆکاری کێشەکە چییە؟ هیوا سەید نەیشاردەوە کە کێشەکە هەردووکیانن‌و وتی "ئەگەر پارتی لەبەغدا پۆستێکی سیادی وەربگرێت دەبێت لەهەرێم دەستبەرداری پۆستی سیادی بێت، بەهەمان شێوەش بۆ یەکێتی، بۆیە پارتی بەئاسانی دەستبەرداری ئەو پۆستە نابێت تاوەکو لەهەرێم یەکێتی بەتەواوی ناچاری ملکەچبوون دەکات بۆ ئەو بەرنامەیەی هەیەتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆچی؟ چونکە لەنێوانیان متمانە نییە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستن تائێستا یەکێتی لیستی کاندیدی خۆی بۆ سەرۆککۆمار پێشکەش بەعێراق نەکردووەو یەکلایی نەبووەتەوە کە "سەد دەر سەد" کێ پێشکەش بکات، چونکە "لەئێستادا کێشەی گەورە لەعێراق یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانە".

لەوبارەیەوە سەرتیپ جەوهەر، نوسەرو رۆژنامەنوس بەئاوێنەی وت "پێشتر باسی کاک بافڵ دەکرا بۆ کاندیدبوون، بەڵام ئەو دەنگۆیە لاواز بووە، بەڵام ئەوانەی بەدەنگی بەرز ناویان دێت نزار ئامێدی‌و خالید شوانییە، پۆستە سیادییەکان بەتەنیا پێویستیان بەبڕیاری حزبی نییە بەجۆرێک پێویستی بەڕەزامەندی وڵاتانی دەوروبەریش هەیە وەکو ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ سوننەو شیعە".

لەسەر کاندیدانی پارتیشی، سەرتیپ جەوهەر دەڵێت "لەنێو پارتیشدا ناوی رێبەر ئەحمەد هاتووە لەگەڵ بەنگین رێکانی، ناوی د.فوئاد حسێنیش هاتووە".

 

پارتی چۆن باسی پۆستی سەرۆککۆمار دەکات؟

بەپێی ماددەی ٧٢ی دەستووری عێراق، لەدوای دانیشتنی یەكەم‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی ٣٠ رۆژدا، بەدەنگی دوو لەسەر سێ واتا لەكۆی ٣٢٩ كورسی بەدەنگی ٢٢٠ كورسی، سەرۆككۆماری نوێ هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەگەر لەخولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كاندید كردبوو ئەو رێژە دەنگەیان نەهینا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی ٧٠ی دەستوور، لەگەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، دەبێت بەسەرۆككۆمار.

د.بەشیر حەداد، جێگیری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەپۆستی سەرۆککۆمار، وتی "هەردوو ئەزمونەکەمان دی، ئەزمونی بەدوو کاندیدو ئەزمونی بەیەک کاندید، ئەزمونی ساڵی ٢٠١٨ کە بەدوو کاندید رۆشتین بەڕاستی ئەزمونێکی تاڵ بوو، پێمانخۆش نییە ئەمجارەش بەوجۆرە بێت، چونکە لەبەرژەوەندی کورد نییە، تاوەکو ئێستا هەردوولا رایاننەگەیاندووە کاندیدیان هەبێت، لەگفتوگۆدان لەو بارەیەوە".

د.بەشیر تەممەنا دەکات هەردوولا بەیەک کاندید بڕۆنە بەغدا، لەبارەی کاندیدبوونی د.فوئاد حسێن، وتی "ئەو دەنگوباسە لەبن لێوانەوەیە، هەربۆیە دەنگۆش راست نییە تاوەکو نەبێت بەفەرمی".

ئەوەشی خستەروو، "سەبارەت بەکورد دەکەوێتە سەر ئەو رێککەوتنەی لەنێوان لایەنە کوردییەکان دەکرێت، بەڵام ئەگەر بەدوو نوێنەر بێت بەڕاستی کێشە دروست دەبێت‌و تەنانەت سوننەو شیعەکانیش وایان لێدێت".

دەربارەی ئەوەی ئایا بەردەوام پۆستەکە لای یەکێتی دەبێت؟ حەداد ئاشکرایکرد "راستە ئەو پۆستە هەر لای یەکێتی بووە، بەڵام مەرجیش نییە هەموو خولەکان بۆ ئەوان بێت، بەڵام ئەو پۆستەیە هی کوردە".

 

"بەپێی هاوکێشەکان بێت پۆستی سەرۆککۆمار بەرەو یەکێتی پەلکێش دەبێت"

بەپێی ماددەی ٦٨ی دەستوور، مەرجەکانی کاندیدی سەرۆککۆمار دەبێت کەسەکە لەعێراق لەدایکبووبێت‌و لەدایک‌و باوکێکی عێراقی بێت، هەروەها تەمەنیشی ٤٠ ساڵ بێت، لێهاتووی تەواوی هەبێت، ناووناوبانگی باش‌و شارەزا بێت، حوکم نەدرابێت بەتاوانێک.

سەرتیپ جەوهەر، نوسەرو رۆژنامەنوس ئەوە دووپاتدەکاتەوە، کە ئەگەر پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید بباتە نێو پەرلەمانی عێراق‌و سەربکەوێت کێشە دروست دەبێت بۆ "پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، واتە هاوکێشەکە تێکدەچێت، هەروەها سوننەو شیعەو وڵاتە هەرێمەییەکان پێیان خۆشنابێت، سێ پۆستی سیادی لەهەرێم‌و بەغدا بەدەست یەک حزبەوە بێت، بەڵام بەو پێیە بێت هاوکێشەکە پۆستی سەرۆککۆمار بەرەو یەکێتی پەلکێش دەکات، بەڵام پارتی دەڵێت: سەرۆککۆمارم دەوێت، لەوانەیە بیگۆڕێتەوە بەدەستکەوتی حزبی، بەنمونە لەحکومەتی هەرێم پۆستی زیاتریان پێبدرێت".

دەربارەی ئەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەی پۆستی سەرۆککۆماری چییە؟ سەرتیپ وتی "یەکێتی سەقفی داواکارییەکانی بەرزکردەوە، پارتیش بۆی دەرکەوتووە کە پۆستی سەرۆککۆمار دەستخستنی ئاسان نییە، بەڵام کاتێک ئاسان دەبێت کە دەستبەردانی پۆستی سەرۆکی هەرێم بێت".

سەبارەت بەوەی ئایا لایەنەکان چۆن دابەشدەبن لەپەرلەمان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار؟ ناوبراو دەڵێت "بەهۆی ئەوەی شیعە زۆربەیان لەئێرانەوە نزیکن‌و یەکێتیش لەسەر فراکسیۆنی ئێران هەژمارەو پارتیش تورکیا، ئەگەر هەیە مەیلی یەکێتییان زیاتر بوێت، لەدیاریکردنی سێ سەرۆکایەتییەکەدا، ئێران رۆڵێکی زۆر گەورە دەبینێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×