ئەوانەی بەخەونی گەیشتنە "بەهەشتی ئەوروپا"، رۆشتن‌‌و ئیتر نەگەڕانەوە
  2025-12-24       1835       
چەند گەنجێکی پەنابەری کورد لەجەنگەڵەکانی بولگاریا

ئا: شیلان محەمەد

 

کەم نین ژمارەی ئەو گەنجانەی بەڕێگای قاچاخ‌و بەخەونی گەیشتنە "بەهەشت" ڕوو لەئەوروپا دەکەن، بەڵام بەر لەگەیشتنیان، لەڕێگای هات‌و نەهات‌و پڕ لەچەرمەسەریدا بێسەروشوێن‌و بێ هەواڵ دەبن، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران دەڵێت "لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە٣٥٠ هاوڵاتی کوردستان لەڕێگای ئەوروپادا بوونەتە قوربانی، ٢٤٩ کەسیان تەرمیان دۆزراوەتەوەو ١٠١ کەسیشیان تا ئێستا بێسەروشوێنن".

 

ژیار محەمەد، ماوەی سێ ساڵ‌و حەوت مانگە لەسنوری یۆنان‌و مەکدۆنیا بێسەروشوێنەو خێزانەکەی لێی بێخەبەرن، ئەو ئێستا تەمەنی ٤٠ ساڵە، خاوەنی هاوسەرو کوڕێکی تەمەن ١١ ساڵانە، هەردوکیان تا ئێستا لەئەڵمانیا چاوەڕێی دەکەن، دایک‌و باوک‌و خوشکەکانیشی لەسلێمانی بەردەوام دلیان لایەتی، محەمەدی باوکی بەئاوینەی وت "شەوو رۆژ، من‌و دایکی هەر چاو لەڕێین، بەڵکو خوایە هەواڵێکی کوڕەکەمان بێت، لەخەم‌و ئازارێکی بێ بڕانەوەداین، نازانین کوڕەکەمان لەژیاندا ماوە یان نا".

وتیشی "ژیار خەونی بەگەیشتن بەئەوروپاوە دەبینی‌و بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری ڕوی کردە دەرەوەی وڵات، بەڵام نەیزانی چ کارەساتێک چاوەڕوانیەتی‌و لەوێ بێسەروشوێن دەبێت، کاتێک ویستویەتی بەڕێگای قاچاخ‌و بەپێ بڕوات بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، لەکاتی پەڕێکەوتنی لەسنوری یۆنانەوە بۆ مەکدۆنیا بێسەرو شوێن بووەو بەهیچ جۆرێک سۆراغی نییە، ئەوەی جێی داخە کوڕەکەشی بەردەوام داوای باوکی دەکات‌و دەپرسێت باوکم کەی دێت بۆ لامان؟".

 

ژیار، نمونەیەکە لەو سەدان‌و هەزاران کەسەی بەهیوای گەیشتن بەئەوروپا، رێگەی هات‌و نەهاتیان گرتەبەرو لەدەریای ئیجە یاخود لەسنوری وڵاتانی ئەوروپادا گیانیان لەدەست داو ئیتر هەرگیزاو هەرگیز نەگەڕانەوە.

 

ڕەنج پشدەری، کە ڕۆژنامەنووس‌و چالاکوانی دیارەو گرنگی بەو گەنجانە دەدات روودەکەنە ئەوروپاو رووبەڕووی کێشە دەبنەوە، باس لەوە دەکات کە تا ئێستا هیچ ڕێکخراو دامودەزگایەک نەهاتونەتە سەر خەت‌و هاوکار بن لەوەی کاتێک گەنجێکی کورد یاخود کەسانێک بزر دەبن بیاندۆزینەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمە تەنهاین، بۆیە کارمان زۆر سەختە، بەتایبەتی ئێمە وەک ڕێکخراو کار ناکەین‌و تەنها چەند چالاکەوانێکین، بۆیە زۆرکات کە هانا بۆ شوێنێک دەبەین شتێکی فەرمیمان پێنییە تاوەکو سۆراغی ئەم گەنجانە بکەین کە لەوڵاتانی ئەوروپادا بزرو بێسەروشوێن دەبن، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە زۆرجار کە دێین پۆستێک لەسەر گەنجێک دەکەین خەڵکێک هەیە لەئەوروپا، دەیبینێت‌و بەزوترین کات پەیوەندیمان پێوە دەکەن‌و هاوکار دەبن لەوەی بەزوترین کات بەکەسوکارییان شاد بکەینەوە".

پشدەری جەغت لەوە دەکات هەندێک لەو گەنجانەی لەکوردستانەوە دێنە ئەوروپا بەچاولێکەری هاتوون‌و دوای قەرەباڵغی دەکەون، ئەو وتی "دۆخەکەیان بەچاوی خۆیان نەبینیوەو بەڤیدیۆو وێنە هەڵخەڵەتاون، وادەزانێت گەر بێتە ئەوروپا هەموو شتێکی بۆ فەراهەم بووە، بەڵام کاتێک چاو دەکاتەوە دەکەوێتە سەر جادەکان، ناتوانێت ئیشێک‌و خانوویەک پەیدا بکات، یان بخوێنێت، بۆیە ئەو شتانە وای لێدەکات خەم بخوات‌و لەڕووی سایکۆلۆجییەوە تووشی ژانەسەرو خەمۆکی بێت، یان دەست بۆ کۆمەڵێک کاری نایاسایی‌و قاچاخ ببات، بۆ ئەوەی لەپڕێک ببێتە کوڕێک، کاتێک چاو دەکاتەوە بووە بەدەرمان فرۆش‌و زۆر ناخایەنێت دەخرێتە زیندانەوە".

ڕەنج پشدەری چیرۆکی گەنجێکی کورد بۆ ئاوینە دەگێڕێتەوە کە لەچێشتخانە کوردییەکان لەیۆنان کاری کردووەو خەڵک خۆشیان ویستووە، بەلام ماوەی شەش مانگە بێسەرو شوێنەو دیار نییە، ئەو وتی "کار لەسەر ئەوە دەکەین بیدۆزینەوە، بەداخەوە دەڵێن توشی ئالودەبوون بەهێرۆین بووە".

ڕەنج پشدەری باس لەوەش دەکا کە بەشێک لەگەنجان‌و خێزانە کوردەکان دەکەونە داوی قاچاغچییەکانی مرۆڤەوەو تیادەچن، ئەو وتی "چەندین کەس‌و خێزان بوون بەقوربانیی پیلانی قاغچییەکان‌و گیانیان لەدەست داوە یان رووبەڕووی زیندان بوونەتەوە، گەنجێکی کورد هەیە بەهۆی فێڵی قاچاغجییەوە ماوەی ١٠ ساڵ بوو بێ تاوان لەزینداندا بوو، ماوەیەک لەمەوبەر تەلەفۆنی کردبوو بۆ کەسوکاری وتبووی من دەمەوێت بێمەوە کوردستان، تەنها ئەم هەفتەم ماوە ئازاد دەکرێم‌و بەیەکجاری دێمەوە لاتان، بەڵام بەداخەوە هەواڵمان پێگەشت گیانی لەدەستداوە، نەماندەزانی چۆن هەواڵەکە بدەینە کەسوکارو دایکی، لەئێستاشدا کەمپینمان ڕاگەیاندووە تا پارە کۆبکەینەوەو تەرمەکەی بنێرینەوە کوردستان".

وتیشی "زۆرینەی قوربانیانی ڕێگەی کۆچی نایاسایی لەڕێگای پشکنینی پزیشکی دی ئێن ئەی گەڕێندراوەتەوە کوردستان‌و عێراق، دۆسیەی بێسەرشوێن بووەکان بەکراوەیی ماوەتەوە بەمەبەستی سۆراغکردنیان بەزیندوویی یان مردوویی".

 

لە٣٠ ساڵی رابردوودا، بەچەندین قۆناغی جیاوازو بەلێشاو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی نالەباری دۆخی سیاسی‌و ئابوری‌و ئەو جەنگ‌و پشێویانەی روویانداوە ڕێگای کۆچی نایاساییان گرتۆتەبەرو خەونیان بەژیانێکی شایستەو خۆشگوزەران بینوە، بەڵام زۆرن ئەوانەی خونەکەیان بۆ نەهاتوەتەدی.

 

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، ئاماژەی بەوەدا "لەدەرئەنجامی کۆچی نایاساییدا سەدان هەزار هاوڵاتی داوای مافی پەنابەرییان لەوڵاتانی ئەروپا کردووە، بەڵام لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا چەندین ڕووداوی دڵهەژێن‌و تراژییدا روویانداوەو زیاتر لە٣٥٠ هاوڵاتی بوونەتە قوربانی، ٢٤٩ کەسیان تەرمیان دۆزراوەتەوەو لەلایەن دەزگای لوتکەوە تەرمەکانیان گەڕێندراوەتەوەو لەلایەن کەسوکاریانەوە بەخاک سپێردراون".

وتیشی "بەڵام تا ئێستا ١٠١ کەسیان بێسەروشوێن بوون، بۆ سەرجەم بێسەروشوێن بووان بەشێوەیەکی یاسایی‌و بەپێی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان دەزگای لوتکە دۆسیەی بۆ بێسەروشوێن بووەکان کردۆتەوەو ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە لەشوێنی ڕوداوەکان".

 

لەهەرێمی کوردستاندا ریکخراوێک گرنگی دەدات بەو ژن‌و خێزانانەی کە هاوسەرەکانیان لەڕێگەی ئەوروپادا گیان لەدەست دەدەن.

 

ئەسما ئەمین، ئەندازیارو پارێزەر لەڕێکخراوی (انماء)  بۆ پەرەپێدان، ئاماژە بەوە دەکات کە رێکخراوەکەیان یەکێک لەکارەکانیان بایەخدانە بەکەیسی ئەو خێزانانەی بەڕێگای نایاسایی کۆچ دەکەن‌و دواتر زەرەرمەند دەبن، پیاوەکان گیان لەدەستدەدەن یاخود بێسەروشوێن دەبن، کارەساتیان بەسەر دێ‌و ژن‌و منداڵەکانی دەگەڕێنەوە کوردستان‌و بێدەرەتانن، ئەو وتی "ئەو ژنانەی دوای گیان لەدەستدانی هاوسەرەکەی بێ پارەو بێ کارو داهاتەو نازانێت چی بکات‌و چۆن منداڵە هەتیوەکانی بەخێو بکات، خێزانەکەشی نایانگرنە خۆیان‌و بەژنەکە دەڵێن تۆ هۆکاری ئەمە بوویت‌و هانی هاوسەرەکەت دا تا رووبکاتە ئەوروپاو بەهۆی تۆوە کوڕەکەمان لەدەست داوە، بۆیە کێشەکان گەورە دەبن، ئێمە بەهانای ئەم ژن‌و منداڵانەوە دەچین".

وتیشی "گەنج هەبووە تازە خوێندنی تەواو کردووەو زوو خێزانی پێکهێناوەو منداڵیان بووە، ماوەیەک کاری کردووەو ماوەیەک بێکار بووە، خۆیان لەدۆخێک بینیوەتەوە پڕبووە لەکێشە، هۆکاری سەرەکیشی بێداهاتی‌و بێ پارەیی بووە، بۆیە بەخێزانی بڕیاریان داوە ناوماڵ‌و ئاڵتون‌و هەموو شتێک بفرۆشن‌و بچنە دەرەوەی وڵات ، بەڵام لەوسەرەوە بەدەستبەتاڵی هاتونەتەوە، بۆیە داوا لەگەنجان دەکەم نەچنە نێو ژیانی هاوسەری، تا کارێک‌و داهاتێکی باشی خۆتان نەبێت، ئینجا بیر لەهاوسەرگیریی بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەم کێشانە دووبارە نەبنەوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×