ئا: مەزهەر کەریم
د.بەرهەم ساڵح، بەهۆی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆمیسارانی باڵای کاروباری پەنابەران لەنەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، جارێکیتر بوەوە بەسەردێڕی هەواڵو مشتومڕەکانی سۆشیال میدیا، پەرلەمانتارێکی پارتی پێیوایە "لەبەرئەوەی د.بەرهەم لەدەرەوەی بنەماڵەی تاڵەبانیو ئیبراھیم ئەحمەد بوو، جێگەی لەناو یەکێتیدا نەبۆوە"، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت "ئەو قسانەی سەبارەت غەدرکردن لە د.بەرهەمو دوورخستنەوەی لەناو یەکێتیدا دەکرێت، قسەی بێ مانای سۆشیال میدیان".
محەمەد ھەورامی راوێژکاری د.بەرھەم ساڵح لە بارەی پۆستە نوێکەی د.بەرھەم، ئاماژە بەوە دەکات کە د.بەرهەم لەسەرەتای مانگی دەی ئەمساڵەوە سیڤیەکی بۆ ئەم پۆستە پێشکەش کرد، کە پۆستێکی نێودەوڵەتییەو وەک کوردێکو عێراقیەک بەشداری کێبڕکێیەکی توندی کرد، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆر قورس بوو ئەو پۆستە بدرێتە کەسێک کە خەڵکی ئەو وڵاتانە نیە بەخشەری دارایی نەتەوە یەکگرتووەکان بن بۆ کاروباریی پەنابەران، کە زۆربەیان وڵاتانی ئەوروپاین، بەڵام بەھۆی ئەو چاوپێکەوتنو توانایەی ھەیەتی، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لەھەموو ئەندامانی رێکخراوەکە زیاتر پەسەندی کردو بەکۆی دەنگی ١٩٣ سێ وڵات پەسەند کرا".
ھەورامی باسی ئەوەشی کرد کارەکانی د. بەرھەم بریتی دەبێت لەخزمەتکردنی پەنابەران، ئەو وتی "لەمساڵدا پەنابەرێکی زۆرمان ھەیە لەسوریاو لەغەزەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەفەریقیا، یەکێک لەپلانەکانی ھاندانی گەنجانی ئەو وڵاتانەیە بۆ مانەوە لەوڵاتانی خۆیان". ئەفەریقا".
هەورامی ئاماژە بەوە دەکات کە د.بەرهەم ھەموو پۆستەکانی دەسەڵاتی لەهەرێمی کوردستانو عێراق تپَپەڕاندووەو چوونەدەرەوەشی پەیوەندی بەناکۆکییەوە نییە لەگەڵ سەرکردەکانی ئێستای یەکێتی، ئەو وتی "د.بەرھەم بەھۆی گرێبەستێکی وانەوتنەوە لەزانکۆی ھارڤارد لەدوای دوو ساڵ لە تەواوبوونی پۆستی سەرۆک کۆماریی، عێراقو کوردستانی بەجێھێشتووە، ھەرچەندە بۆچونی جیاواز ھەبووە سەبارەت بەهۆکارەکانی، بەڵام بەویستی خۆی کوردستانی بەجێ ھێشتووە، لەئێستادا زۆر سەری قاڵە، بەڵام لەداھاتووداو لەماوەیەکی زۆر نزیکدا بەسەردان دێتەوە بۆ کوردستان".
پاش وەرگرتنی ئەم پۆستە نوێییەی د.بەرهەم، بەشێک لەخەڵکی کوردستان شانازییان پێوەکرد کە بۆ یەکەمجار کوردێکی دیبلۆماتکار ئەو پۆستە گرنگە نێودەوڵەتییە وەردەگرێتو پیرۆزباییان لێکرد، بەڵام بەشێکیش وەرگرتنی ئەو پۆستەیان بەلاوە گرنگ نەبوو بەو پێیەی کە پەیوەندی بەکوردەوە نییەو د.بەرهەمیان بە بەرژەوەندخوازو شەیدای پۆستو پلەو پایە ناوبرد.
ئەبوبەکر کاروانی، وەک چاودێرێکی سیاسی وەرگرتنی ئەو پۆستە لەنەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن د بەرھەم ساڵحەوە، کە کەسایەتییەکی کوردە بەگرنگ دەزانێت، ئەو بەئاوێنەی وت "رووداوێکی گرنگە، لەبەرئەوەی کورد لەسەر ئاستی کەسایەتی خاوەن دیدو بۆچونی شارستانیانەو ئامادە لەمەیداندا دەردەکەوێتو بەشداری کردنە لەسڕینەوەی بەشێک لەوێنە تەقلیدیو نەریتیەکان کە ئێستاش لە بەشێک لە بیرکرنەوەی جیھاندا بۆ کورد کێشراوە".
وتیشی "لەپەیوەست بەدۆزی کورد دەکرێت لەسەر ئاستی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستو ھەرچوار پارچەی کوردستان، رۆڵی گرنگنر بێتو رۆڵێکی ناوبژیوانی گرنگتر بگێڕێتو تێگەشتنێکی زۆرتری ھەبێت بۆ مافەکانی کوردو ھەستیارییو دۆخەکانی، ئەم یاریدەدەرەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاریگەریی زیاتری ھەبێت لەسەر سکرتێری گشتیو لەسەر ئەو ستافەی کە سکرتاریەت بەرێوەدەبەن، ئەم دامەزراوە جیھانیە شتێکی زۆرتری ھەبێت لەجیھاندا بۆ کورد، بۆ پێگەو شوێنو ھەستیارییەکانی پەیوەست بەکورد لەو وڵاتانەی کوردی بەسەردا دابەش کراوە، ھەروەھا دەکرێت پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمو بەغدا بەرەو ئاڕاستەیەکی باشتر بڕواتو ئەو رۆڵی ھەبێت لەکەمکرنەوەی گرژیەکان".
کاروانی جەغتی لەوە کردەوە د.بەرھەم دۆسیەیەکی گرنگی لەبەردەستدایە کە خزمەتکردنی پەنابەرانی جیھانەو کورد یەکێکە لەقوربانیەکانیەکان، لەھەمانکاتدا خزمەتی پەنابەرە کوردەکان بکاتو ئەگەر لەداھاتوودا کورد تووشی کۆڕەو بوو کەسێک ھەبێت زۆرتر لەئازارەکانیان تێبگاتو بەشێوەیەکی بەربڵاوتر بەدەمیانەوە بچێت.
بەڵام عەلی كەریمی، کە چاودێرێکی سیاسییە، وێڕای ئەوەی پێیوایە لەهەر شوێنێك كەسێكی كورد پۆستێكی گەورەی جیهانی وەربگرێت جێگەی خۆشحاڵیەو دەتوانێت رۆڵی گەورەی هەبێت لەبەهاناوەچوونی ئەو کوردانەی لەداهاتوودا رووبەڕووی ئاوارەبوون دەبنەوە، ئەو پۆستە هێند بەگەورە نابینت، ئەو بەئاوێنەی وت "من پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقم لەلا گەورەترە وەك لەو پۆستەی كە د.بەرهەم وەریگرتووە، چونكە عێراق وڵاتی خۆیەتی، ئەو پۆستەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەژێر دەستو کۆنترۆڵی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوادایە، كە من بەوڵاتە یەكگرتووەكان ناوی دەبەمو هەرواشە، نەتەوەیەكگرتووەكان نییە، نەتەوەكان زۆربەیان لەوێ پەراوێزن".
بەشێک لەمشتومڕەکان لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆمیسارانی باڵای کاروباری پەنابەران لەنەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن د.بەرهەمەوە، ئەوەبوو کە لەناو یەکێتیو لەکوردستاندا کێشە بۆ ناوبراو دروستکراوەو غەدر لەم کەسایەتیە دیارە کراوەو تەنانەت لەکاتی وەرگرتنی ئەو پۆستەدا لەلایەن میدیای یەکێتییەوە وەک پێویست بایەخی پێنەدراوەو بێبایەخ کراوە.
محەمەد تەھا، پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەغت لەوە دەکات کە ئەو قسانەی دەکرێت سەبارەت بەقەدر نەگرتنی د.بەرهەمو دوورخستنەوەی لەناو یەکێتیدا بە"قسەی بێ مانای شۆسیال میدیا" ناو دەبات، ئەو بەئاوێنەی وت "د.بەرھەم بەزوویریی لەناو یەکێتی نەڕۆشتووە، یەکێتی زۆر پێی باش بووە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، قوباد تاڵەبانیو دەرباز کۆسرەت رەسوڵو وتەبێژیی یەکێتی پیرۆزبایان لێکردووە کە ئەوان لەئێستادا یەکێتی بەڕێوەدەبەن، ئەگەر بەزوویریی بڕۆشتایە ئێمە پیرۆزبایمان لێنەدەکرد، ئێمە وەک یەکێتی پیرۆزبایی لێدەکەینو پشتیوانی دەبین".
وتیشی "ھەموو میدیای یەکێتی پیرۆزبایی قوباد تاڵەبانیو وتەبێژی یەکێتییان بڵاوکردۆتەوە کە گوزارشت لەبۆچوونی سەرۆک پاڤیل تاڵەبانی دەکات، بەڵام میدیاکانی دیکە پێش وەرگرتنی پۆستەکەی کەوتن، میدیای یەکێتی ھەتا دڵنیانەبوون کە بەفەرمی ئەو پۆستە وەریگراوە، ھیچ راگەیاندنێکیان بڵاونەکردەوە".
لەبەرامبەردا، ئەوەی جێی سەرنج بوو بەرپرسانو میدیاکانی پارتی زیاتر لەیەکێتی، گرنگیو بایەخیان دا بەوەرگرتنی ئەو پۆستە نوێیەی د.بەرهەم لەنەتەوە یەکگرتووەکانو پیرۆزباییان لێکرد.
بەختیار حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری پارتی لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "یەکێتی نەیانتوانی دڵی د.بەرھەم رابگرنو توڕەیان کردو زویریان کرد بەھۆی ئەو قۆرغکارییەی لەناو یەکێتیدا ھەبوو، کە بەبنەماڵەکردنی ئەو حیزبە بوو، ئەویش لەدەرەوەی بنەماڵەی تاڵەبانیو ئیبراھیم ئەحمەد بوو، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئێمە وەک سەرۆکی پارتیو سەرۆکی حکومەتو جەماوەری پارتی بەھەمووان پشتوانی دەکەینو پشتگیریی زیاتری بۆ دووپات دەکەینەوە، کە دڵنیایین ئەو پۆستە بەکاردەھێنێت بۆ خزمەتی پەنابەرانی جیھانو کوردیی خۆشمان، لەھەر جێگەیەک کوردێکی پەنابەر ھەبێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات