ئا: عەمار عەزیز
تا دێت ژمارەی کریستیانو ئێزیدییەکان لەعێراقو ھەرێمی کوردستان روو لەکەمی دەکات، بەپێی ئامارەکان لەدوای ٢٠٠٣وە تا ئێستا زیاتر لەملیونێک کەس لەھەردوو پێکھاتەکە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڕێوەبەری بەشی کریستیانەکان لەوەزارەتی ئەوقاف دەڵێت "ژمارەی کریستیانەکان لەعێراقو ھەرێمی کوردستان پێش ساڵی ٢٠٠٣، ملیونێکو ٥٠٠ ھەزار کەس بووە، ئێستا کەمبووەتەوە بۆ ٣٥٠ ھەزار کەسو تا دێ ژمارەشیان کەمتر دەبێتەوە".
لەگەڕەکێکی ١٢٠ خێزانیی کریستیان لەدهۆک تەنها موختارەکەو خێزانێکی تیا ماوە
خالید ئوشانە، موختاری گەڕەکێکی کریستیانە لەناوەندی دھۆک، پێشتر زیاتر لە ١٢٠ خێزانی کریستیان لەو گەڕەکەدا نیشتەجێ بوون، ئێستا تەنیا خۆیو خێزانێکی تر ماون ئەوانەی تر ھەموویان کۆچیان کردووەو خانووەکانیشیان خەریکە وێران دەبنو لەناودەچن، ئەو بەئاوێنەی وت "گەڕەکی ئێمە ناوی برایەتییە، بەڵام زیاتر بەگەڕەکی کریستیانەکان بەناوبانگە، لەکۆی زیاتر لە ١٢٠ خێزان ئێستا تەنھا منو خێزانێکی تر ماوین ئەوانەی تر کۆچیان کردووە".
ئوشانە ھەر لەمنداڵیەوە لەو گەڕەکە دەژی، ئێستا تەمەنی سەرووی ٥٠ ساڵە، دراوسیەکانی ھەموویان کۆچیانکردوە، ئەو وتی "بەچەند قوناغێک کریستیانەکانی گەڕەکی برایەتی کۆچیان کردووە، کە ئەوانیش زیاتر دابەش دەبن بۆ دوو قۆناغ دوای ٢٠٠٣و ٢٠١٤، لەبەرئەوەی خانووەکان زۆرینەیان بەخۆل دروستکراون خەریکە لەناو دەچن، قسە ھەیە کە حکومەت قەرەبووی خەڵک بکاتەوەو خانووەکان نۆژەن بکرێنەوە، بەڵام جارێ ھیچ دیار نیە".

گەڕەکی برایەتی لەدهۆک کە گەڕەکێکی کریستیان نشین بوو، کەسی تیا نەما
کریستیانەکان پێکهاتەیەکی رەسەنی دانیشتوانی کوردستانو وڵاتی میزۆپۆتامیان، کە بەدرێژایی سەدەی رابردوو لەئەنجامی رووداوە هەژێنەرەکانی عێراقدا ژمارەیان بەردەوام لەکەمبوونەوەدایە.
خالید جەمال، بەڕێوەبەری بەشی کریستیانەکان لەوەزارەتی ئەوقافو کاروباری ئایینی لەحکومەتی ھەرێم بەئاوێنەی وت "تا ئێستاش ژمارەیەکی وردو تەواو لەبارەی ژمارەی کریستیانەکان لەعێراقو کوردستان نییە، ژمارەکە لای کەنیسەکانیش نیە، بەپێی پێشبینییو خەمڵاندن، ژمارەی کریستیانەکان لەعێراقو ھەرێمی کوردستان پێش ساڵی ٢٠٠٣ ملیونێکو ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ ھەزار کەس بووە، ئێستا کەمبووەتەوە بۆ ٣٥٠ ھەزار تا ٤٠٠ ھەزار کەسو تا دێ ژمارەشیان کەمتر دەبێتەوە".
لەبارەی ھۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لەعێراق، وتی "کریستیانەکان بەدوای شوێنێکی ئارامو بێ کێشەو بێ شەڕو ئاڵوزی دەگەڕێن، ھەموومان دەزانین لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر لەدۆخی ئەمنی عێراق روویداوە، ھەر لەشەڕی تائیفیو زۆربوونی ڕوداوی تەقینەوەو دواتر ھاتنی چەکدارانی داعش لەئابی ٢٠١٤و بەتایبەت بۆ ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، کە یەکێکە لەوناوچانەی ژمارەیەکی زۆر کریستیانی تێدا دەژین، بەتایبەت لەسنوری قەزای تلکێف، ئەمانە وایانکرد کریستیانەکان بیر کەکۆچ کردن بۆ دەرەوەی وڵات بکەنەوەو زۆربەیان بڕۆن".
وتیشی "هەروەها ناوچەکانی کریستیاننشین وەک پێویست خزمەتیان نەکراوە بەراورد بەناوچەکانی تر، ئەگەر ھەموو ئەمانەی باسم کرد ھەبێت، ئەوا بەدڵنیایی کریسیتانەکان رێگای کۆچ ھەڵدەبژێرن، بۆیە تا ئێستاش ھەر کۆچ دەکەن".
لەماوەی ١١ ساڵدا ١٠٠ هەزار ئێزیدی کۆچیان کردووە
لەدوای کۆمەڵکۆژی ئێزدییەکان لەسەر دەستی چەکدارانی داعش، کە لە ٣ ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر شنگالو دەوروبەری، سەدان کەس کوژرانو ٦ ھەزارو ٤١٧ کەس کەوتنە دەست چەکدارانی داعش، تا ئێستاش زیاتر لە ٢ ھەزار ئێزیدی لەو ژمارەیە چارەنوسیان نادیارە، بەھۆی ئەو کارەساتەو هەڵکەنینی ئێزیدییەکان لەزێدی رەسەنی خۆیانو ئاوەدان نەکردنەوەی شنگالو ھەڵپەساردنی کێشە ئەمنیو ئیدارییەکانی ئەو قەزایە، ژمارەیەکی زۆر لەئێزدییەکان کۆچیان کردووەو کوردستانو عێراقیان بەجێهێشتووە .
خەیری بۆزانی، کەسایەتی دیاری ئێزدییەکانو بەرپرسی دۆسیەی ئێزدییەکان لەنوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی، بەئاوێنەی وت "ژمارەی ئێزدییەکان لەئێستادا ٥٠٠ ھەزار کەس دەبن، پیَِشتر ١٠٠ ھەزار ئێزیدی کۆچیان کردوە بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەئێستادا پرسی دیپۆرکردنەوەی ئێزدییەکانیش ھەیەو لەچەند وڵاتێکەوە دیپۆرت دەکرێنەوە، لای ھەموو کەسێک ئاشکرایە کە ئێزدییەکان کێشەیان ھەیە بەتایبەت لەسنوری قەزای شنگال، ئەمەش ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ کۆچکردنی ئەوان".

کەمپی ئاوارە ئێزیدییەکان لەدهۆک
هەروەها پیر دەیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی کۆچو کۆچبەرانو وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، سەر بەحکومەتی ھەرێم بەئاوێنەی وت "بەپێی دواین ئامارو دوای تێپەربوونی زیاتر لە ١١ ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال، تا ئێستا ٢٨٠ ھەزار ئێزیدی لەسنوری پارێزگای دھۆکو زاخۆ لەژێر خێوەتدا دەژینو نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، سەدان کەس بەھۆی سەختی ژیانی ناو کەمپو نەگەڕانەوەیان بۆ شنگال، رێگای کۆچیان ھەڵبژاردووە، کە ئەویش ناچارییە، چونکە ھیچ کەسێک حەز ناکات زێدو وڵاتەکەی خۆی بەجێبهێڵێتو کۆچ بکات ".
وتیشی "لە دەرەوەی وڵاتیش ئێزدییەکان ناحەوێنن، حکومەتی ئەڵمانیا بەفەرمی ئێمەی ئاگادار کردووە کە ئەوان ٢٠ ھەزار کەس دیپۆرتی عیراق دەکەنەوە، کە زۆرینەیان ئێزیدین، تا ئێستا زیاتر لە ١٨٠ کەس لای خۆمان تۆمارکراون کە لەلایەن وڵاتی ئەڵمانیەوە دیپۆرت کراونەتەوە".
پیر ئاماژە بەوە دەکات ھەرچەندە بەرپرسانی ئێزیدی زۆر ھەوڵیان داوە ئێزدییەکان دیپۆرت نەکرێنەوە چونکە دۆخی ئەوان جیاوازە لەگەڵ خەڵکانی تر، بەڵام بێسوود بووە. ئەو وتی "ئەمانە ھەمووی کێشەن لەبەردەم ئێزدییەکانو بەداخەوە چارەسەریش ناکرێن".
وتیشی "ئێزدییەکان بەگشتی بێ ھیوا بوون لەبەرپرسان، بەتایبەتی بەرپرسانی عێراق، سادەترین شت تا ئێستا بەشی نەوتی ئاوارەکانیان نەناردووە، ھیچ حساب بۆ ئێزدییەکان ناکرێنو پەراوێز خراون، لەھەمانکاتدا شنگال ئاوەدان نەکراوەتەوە، زیاتر لە ١١ ساڵە ئاوارەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات