ئا: شاھۆ ئەحمەد
ئەمریکا گەورەترین کونسڵخانەی لەڕۆژھەڵاتی ناوەراست لەھەولێر کردەو، سەرۆکی ئەنیستیتیودی توێژینەوەی ئەمریکی_کوردی پێیوایە ئەمریکا لەھەر شوێنێک بەرژەوەندی ھەبێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی ئەو ناوچەیەش دەپارێزێت، شارەزایەکی بواری سەربازیش دەڵێت "ھەبوونی ئەمریکا لەعێراقو ھەرێمی کوردستان کاتیەو مانەوەیان تەنھا لەپێناو بەرژەوەندی خۆیانە"
کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئەنیستیتیودی توێژینەوەی ئەمریکی_کوردی لەبارەی کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لەھەولێر پێیوایە چوار ڕەھەند لەخۆی دەگرێت، لەوبارەیەوە بەئاوێنەی وت "ڕەھەندی یەکەم، "سیاسیو دیبلۆماسیە" کە ئەمریکا گرنگی بەپێگەی جیۆپۆلۆتیکی ھەرێمی کوردستان دەدات کە وەکو ھاوبەشێکی ستراتیژیو ھەرێمێکی سەقامگیر پەیوەندیەکی دیبلۆماسی لەگەڵ ھەبێت. ڕەھەندی دووەم، "ئەمنو ئاسایش"ە، کە ھەرێمی کوردستان ھاوبەشێکی گرنگی سەربازی ئەمریکا بووە بۆ تێکشکاندنی داعشو تیرۆر. ڕەھەندی سێیەم، "ئابوریو وزە"یە، ھەرێم لەروی ژێرخانی وزەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەندەو لەسەر نەخشەی وزەی ڕۆژھەڵاتی ناوەراِستو جیھانیش پێگەیەکی تایبەتی ھەیە. ڕەھەندی چوارەم، "پێکەوە ژیان"ە، ئەمریکا گرنگی زۆر بەوە دەدات کەوا ھەرێمی کوردستان بۆتە لانکەی ھەموو پێکھاتە نەتەوەییو ئاینەکان، ھەربۆیە ئەمریکا لەو چوار ڕەھەندەوە دەڕوانێتە ھەرێمی کوردستان".
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کەوا لەستراتیژی ئەمریکادا، سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دامەزراوە، ئەمریکا لەھەر شوێنێک بەرژەوەندی ھەبێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی ئەو ناوچەیەش دەپارێزێت، ئەو وتی "ھەبوونی ئەمریکا لەو ناوچەیە لێکەوتەی دەبێت بەوەی نەیارانی ئەمریکا ھەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج، وەکو لەڕابردووش ڕویداوەو کوردستان کەوتوەتە بەر ھێرشی ئەو لایەنانە، ھەربۆیە پێویستە ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی ھاوتەریب بکات لەگەڵ ئەمریکا، ھەروەھا بەشێوەیەکی نوسراو داوا لەئەمریکا بکات کەوا چۆن لەو شوێنانەی بنکەی سەربازی لێیە سیستەمی دژە درۆنو دژە موشەکو پاتریۆتی داناوە، ھەرێمی کوردستانیش بکەوێتە ناو سیستەمی پاراستنی ئەمریکاوە ".
سەرۆکی ئیستیتیودی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کەوا ئەمریکا قوربانی زۆریداوە بۆ عێراق کە پێنج ھەزار سەربازی کوژراوەو سێ ترلیۆن دۆلاری خەرج کردووە، ھەر بۆیە بەئاسانی بەجێیناھێڵێت، ئەو وتی "جوگرافیای سیاسی ھەرێمی کوردستان بەلای ئەمریکاوە کاریگەرو گرنگە، ھەربۆیە ھەرگیز دەستبەرداری ئەو ناوچەیە نابێت، بەڵگەش بۆ ئەوە گەورەترین کونسوڵخانەی لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەھەولێر کردوەتەوە ".
لەبەرامبەردا، شارەزایەکی بواری سەربازیو ئەمنی پێی وایە ھەبوونی ئەمریکا لەعێراقو ھەرێمی کوردستان کاتیەو مانەوەیان تەنھا لەپێناو بەرژەوەندی خۆیانە.
حاکم حەمید گلی، لیوای خانەنیشی سوپای عێراقو شارەزای بواری سەربازیو ئەمنی لەلێدوانێکی بۆ ئاوێنە لەبارەی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەھەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کەوا ھەبوونی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەھەولێر دەبێتە ھۆی ئەوەی کەوا بەرامبەرەکەت لێکدانەوەی خۆی دەبێت، پێگە ھەواڵگیرەکانی خۆی لەھەرێمی کوردستان بەھێزتر دەکات، ھەربۆیە پێویستە کوردو لایەنەکان بەدەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆنەوە لەمەسەلە نەتەوەییەکان ھاوھەڵوێست بنو ئاگاداری خۆیان بن، ئەو وتی "بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا ئەمریکا لەگەڵ کورد دەمینێتەوە تاکو عێراقێکی عێراقی دروست دەبێت، کە ئەوەش کاتێکی زۆری دەوێتو ئاسان نیە، چونکە ڕەگو ریشەی ستراتیژی ئێران لەناو عێراق ھی ئەمڕۆ نیە، ئەوانەشی ئێستا سەرکردایەتی عێراق دەکەن، ھەتا دوێنی لەژێر پەروەردەی ئێران بوون ".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا "ئەمریکاو دۆناڵد ترەمپ لەرێگەی ئەو کونسوڵخانەوە دەسەڵاتێکی گەورەی دەبێت لەناوچەکە، ھەروەھا پێش کۆتایی ھاتنی وادەی سەرۆکایەتیەکەی ترەمپ، تەسفیەی زۆر بابەت دەکات لەحوسیەکانی یەمەنو حزبوڵای لوبنانو لەعێراقو ئێرانیش، ھەربۆیە کورد پێویستە سود لەوە ببینێت ئەگینا دوای ئەو ململانێیە، خوا خۆی دەزانێت چی بەسەر کورد دێت".
وتیشی "ھەرێمی کوردستان بەردەوام بەئامانجگیراوە، چونکە جگە لەمەسەلەی نەتەوەیی ململانێیەکی فقیش لەناوچە بوونی ھەیە، بۆیە کورد پێویستە تەرازووی ئەو بابەتە بکاتو خۆی بپارێزێتو بەعەقڵێکی یەکگرتوو مامەڵە بکات لەگەڵ ئەو حکومەتەی لەعێراقدا ھەیە، چونکە دەسەڵاتدارانی عێراق عێراقی نینو ئەجێندای دەوڵەتانی دەوروبەر بەرێوەدەبەن، ڕاستە لەئێستادا ئەمریکا پشتگیری کورد دەکات، بەڵام ئەوان بەرژەوەندی ئابوریو سیاسیان لەناوچەکە ھەیە، چونکە ھەرێمی کوردستانو عێراق، وڵاتێکی دەوڵەمەندە بەنەوتو گاز، ھەر کاتێک ئەو بەرژەوەندیە نەما، ئەمریکا ئێرە بەجێدەھێڵێت، ھەروەکو چۆن ئەفغانستانی جێھێشت"
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥. ئەمریکا گەورەترین کونسڵخانەی لەڕۆژھەڵاتی ناوەراست لەھەولێر کردەوە ، کونسوڵخانەکە لەسەر ڕووبەری ٥٢ دۆنم زەوی لەسەر ڕێگەی ھەولێر - شەقڵاوە دروستکراوەو نزیکی ھەشت سەد ملیۆن دۆلاری تێچووە.
سەبارەت بەکردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەھەولێر، د.بورھان محەمەد فەرەج ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئاوێنەی وت "جگە لەوەی ھەرێمی کوردستان دەستورییەو پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتیشی ھەیە، ھەربۆیە لەو ماوەی پێشوو عەڕەبە شیعەکان ئەگەر بۆیان بکرایە ھەرێمی کوردستانیان ھەڵدەوەشاندەوە، بەڵام نەیانتوانی ھەم لەروی دەستورییەوەو ھەم کوردستان پشتیوانیەکی نێودەوڵەتیشی ھەیە، کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا کاریگەری زۆر ھەیە لەسەر ئاسایشی ھەرێم، بەتایبەت لەم کاتەدا کە قەیرانێکی گەورە لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، ھەروەھا پڕۆژەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ھەیە کە ئیسرائیلو ئەمریکا تەبەنیان کردووەو ھەنگاوی جدیان ناوە لەغەزە، لوبنان، سوریا، یەمەن، ھەروەھا لەعێراقیش بەشێوەیەک لەشێوەکان دەستیپێکردووە، بەتایبەت لەپێکھێنانی حکومەت ".
لەبارەی مەترسی کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق، د.بورھان پێی وایە لەئێستا لەبەرژەوەندی ئەمریکا نیە بکشێتەوە لەعێراق، ھەروەھا ئەمریکا بەجۆرێک لەجۆرەکان لەسیاسەتی کورد لەناوچەکە رازییە، لەو بارەیەوە وتی "ئەمریکا لەبەرچاوی کاڵی کورد لێرە نیە، بەڵکو بەرژەوەندی ھەیە، ھەرێمی کوردستان نەوتو غازی ھەیە، ھەروەھا جوگرافیای سیاسی ھەرێمی کوردستان لەنێوان ئێرانو تورکیاو ئیسرائیلو عەرەب گرنگی خۆی ھەیە، بەتایبەتیش سیاسەتی کوردی بە بەراورد بەعێراق کە حزبی ئیسلامی حکوم دەکات، سوونە دەڵێت من نەوەی معاویەمو شیعە دەڵێت من نەوەی حوسێنم، ئەوە لەھەرێمی کوردستان نیە، ھەر بۆیە ھەرێمی کوردستان ھێواش ھێواش پێگەی بەھێزتر دەبێت، ئەگەر بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات