کێشەی هەرکییەکان، کێشەیەکی بێ بڕانەوە
  2025-12-30       1381       
ناحیەی بەردەڕەش. مەڵبەندیکی سەرەکی هەرکییەکان لەهەرێمی کوردستان

ئا: عەمار عەزیز

 

ماوە ماوە بەھۆی سەرهەڵدانی چەند کێشەیەکەوە کە رەگ‌و ریشەی کۆن‌و نوێیان هەیە، کێشەو شەڕو ئاڵۆزی لەو ناوچانەدا روودەدات کە ھەرکی نشینن، بەتایبەت لەسنوری ناحیەی بەردەرەش‌و قەزای مەخمورو بەمدواییەش لەگوندی لاجان، بەرپرسێکی حکومی دەڵێت "حکومەت سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەیە، بەڵام تا ئێستا لەبنەڕەتەوە چارەسەرنەکراوە".

 

سەرھەنگ نەعمان، دانیشتووی گوندی لاجانەو لەڕێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو شەڕو ئاڵۆزییەی لەگوندی لاجان ڕویدا، ھەندێک کەس‌و لایەن بەلاڕێیاندا برد، لەبەرئەوەی رۆژێک پێش ئەو ڕوداوانە شوفێرانی بارھەڵگر، ئەوانەی نەوت دەگوزانەوە ناڕازایەتییان دەربڕی لەسەر ئەوەی بێ ئیش ماونەتەوە، کە پێشتر لەپاڵاگەوەی لاناز ئیشیان دەکرد، ئەو بەئاوێنەی وت "رۆژی دواتر کێشەی ئەوانە گەورەکراو دواتر ھەندێک لایەن‌و کەس خۆیان خزاندە ناڕەزاییەکەوە بەمەبەستی سیاسی، خراپ ئاڕاستەیان کردو ھێرشیان کردە سەر دامودەزگاکان‌و سوتاندنیان ".

 

گوندی لاناز دەکەوێتە سنوری پارێزگای ھەولێرو ٤٠٠ خێزانی تێدا دەژین، تەنھا دیوارێک لەنێوان گوندەکەو پاڵاوگەی لاناز ھەیە، سەرووی ٨٠ کەس لەدانیشتوانی گوندەکە لەو پاڵاوگەیە کار دەکەن، دوای ڕوداوەکە ئەو ٨٠ کەسە رەوانەی ماڵەوە کراون تا  کێشەکان چارەسەر دەکرێن، تا دووبارە جارێکیتر بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

 

نەعمان وتی "خەڵکی گوندەکە زۆربەی پارتین، لەدواهەمین هەڵبژاردندا، پارتی ھەزارو ٧٠٠ دەنگی بەدەستھێناوە، زۆربەی خەڵکەکەش ئیشی خۆیان ھەیە، ھەر کەسێکیش بەپێی شارەزایی‌و پیسپۆریەکەی رۆژانە ئیش دەکات، بەڵام وەک ئاشکرایە ھەندێک لایەن دەیانویست کێشەکە گەورەتر بکەن‌و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریبهێنن، سەرەتا لەوانەیە بۆ خەڵک زۆر ڕوون‌و ئاشکرا نەبووبێت، بەڵام دواتر بۆ خەڵک ئاشکرا بوو".

وتیشی " ئەوەی ڕاستی بێت ناتوانم بڵێم ئێمە وەکۆ ھەرکی کێشەمان ھەیە، ئەو بابەتانەی باس دەکرێن حاڵی ھەموو خەڵکی کوردستان وایە، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە کە ھەندێک کەس‌و لایەن دەیانەوێت ململانیی خۆیان لەڕێگەی هەرکییەوە بکەن".

 

بەڵام بەشێکی دیکە لەهەرکییەکان پێیانوایە هۆکاری ئەو ناڕەزاییانە، مامڵەی چەوت‌و خراپی دەسەڵاتی پارتییە لەناوچەکانی هەرکی نشین، کە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو عەشرەتەکاندا بسەپێنێت.

 

وەلید ھەرکی، وتەبێژی جەوھەر ئاغای ھەرکی، بەئاوێنەی وت "ھۆکاری ئەو کێشانە، دەسەڵاتی باڵادەستە لەو ناوچانە، پارتی بەرپرسی یەکەمن لەسەرھەڵدانی کێِشەو شەڕکردن لەگەڵ عەشیرەتەکەمان، پارتی ھەر لەمێژووی دروستبوونیەوە تا ئێستا ترسی گەورەی ھەیە لەعەشیرەتەکان‌، کێشەیان ھەیە لەگەڵ عەشیرەتەکانی زێباری، سورچی، برادۆست‌و ھەرکی، کێشە بۆعەشیرەتەکان دروست دەکەن، لەبەرئەوەی دەترسن رۆژێک لەرۆژان ئەو عەشیرەتانە دەسەڵاتیان لێبسەنن، بۆیە پارتی بەردەوام رۆژێک بەبەھانەی  کۆمپانیاو رۆژێک بەبەھانەی کێشەی زەوی‌و زارو دەیەوێ ھێزی خۆی بەرامبەرعەشیرەتەکان نمایش بکات".

وتیشی "ھەروەھا پارتی دەیەوێت رۆڵەکانی عەشیرەت‌و ھەرکیەکان بترسێنێت‌و ھەر لەدەستگیرکردنیان تا دەگاتە ئەوەی پلان‌و سیناریۆ دابنێت‌و رؤڵەکانی عەشیرەتەکەمانی پێ تاوانبار بکات‌و بەزەبڕی ھێز بیانھێنێتە سەر شاشەی تیڤیەکان، ئێستا ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتە کە تاکە دوژمنی گەلی کوردو عەشیرەتەکانی ھەرێمی کوردستان، پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، ھەربۆیە لەبەرامبەریان ڕادەوەستن".

هەرکی ئاماژە بەوە دەکات ناکۆکی نێوان پارتی‌و هەرکییەکان رەگوریشەیەکی دوورودرێژی هەیەو زادەی ئەم ساتەوەختە نییە، ئەو وتی "ئەم ناکۆکییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٨، کە ململانێ لەنێوان رەحمەتی محێ ئاغای ھەرکی‌و مەلا مستەفا بارزانی سەریهەڵدا، بووە ناکۆکی نێوان بارزانییەکان‌و هەرکییەکان، دواتریش بارزانییەکان ناکۆکی گەورەیان لەگەڵ زۆربەی عەشیرەتەکانی ئەم سنورە ھەبووە، بۆیە بنەماڵەی بارزانی‌و پارتی ھەر لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو گرێیەیان ھەیەو ترسیان  لەھەرکیەکان ھەیەو ساڵانە بیانۆی شتێکەوە کێشەمان بۆ دروست دەکەن، ئێمەش ناچارین بەرگری لەخۆمان بکەین".

 

عەشیرەتی ھەرکی یەکێکە لەعەشیرەتە گەورەکانی کورد، کە لەباشورو رۆژهەڵات‌و باکوری کوردستاندا دەژین، لەکۆندا کۆچەر بوون‌و لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە بەشێکیان لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون ، بەشێکیان لەناحیەی گردەسێن کە دەکەوێتە سنوری قەزای ئاکرێ، بەشێکی تریان لەسنوری ناحیەی کەڵەک سەر بەقەزای بەردەڕەش نیشتەجێن، بەشێکی تریان دەکەونە سنوری قەزای خەبات، هەرکییەکان دابەش دەبن بەسەر چوار خێلی سەرەکی کەبریتین لە"خێلی مەنداو سیداو بنەجی‌و سەرھاتی"، ھەرکییەکان بەشێوەزاری کرمانجی دەدوێن.

بەشێکی بەرچاو لەهەرکییەکان کاری چەکداریی دەکەن، دوو کەسایەتیی دیاریان وەک سەرۆک عەشیرەتی هەرکی دەناسێنرێن، "مەحمود ئاغای هەرکی" هەواداری پارتییەو "جەوهەر هەرکی" دژە پارتی‌و هاوکاری یەکێتییە.

ناکۆکی هەرکییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی‌ پاشان سەردەمی کۆماری عێراق، کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەستیان خستوەتە ناو ئەم کێشەو ناکۆکییەوەو پاشان کێشەی زەوی‌و زاریان هەیە لەگەڵ عەشرەتەکانی دەوروبەریان، وەک ئەوەی لەماوەی رابردوودا، لەسەر کێشەی زەوی‌و زار لەگەڵ عەشرەتی گۆران کێشە کەوتە نێوانیان‌و "خورشید هەرکی"، ژمارەیەکیی زۆری چەکداریی لەدەور کۆبۆوە، بەڵام دواتر کێشەکە لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە هێور کرایەوە.   

 

بەوتەی بەرپرسێکی حکومی لەسنوری قەزای بەردەڕەش، کێشەی ھەرکیەکان لەبنەڕەتەوە تا ئێستا چارەسەرنەکراوە، بەڵام حکومەت لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدایە تا جارێکیتر ڕوونەداتەوە .

 

تەحسین عسمەت، بەرێوەبەری ناحیەی دارەتووی سەر بەقەزای بەڕدەرەش، بەئاوێنەی وت "کێشەی عەشیرەتی ھەرکی زیاتر لەبەر دوو ھۆکارە، یەکەم: تا ئێستا سنوری بەشێک لەگوندەکانی سەر سنور ئەوانەی دەکەونە نێوان پارێزگای ھەولێرو دھۆک، یەکلایی نەکراونەتەوە، واتە سنورەکان ھێشتا دەستنیشان نەکراون. خاڵی دووەم: لەسەر ھەندێک پارچە زەوییە کە دەکەونە رۆخی روباری زێی گەورە، ئەم زەویانە پێیدەڵێن (شەواتی)، بەکەڵکی چاندن نایەن، زیاتر بۆ مەبەستی فرۆشتنی چگل (چەوو لم)ە، کە ژمارەیەک کارگەی چگل لەوناوچانە ئیش دەکەن".

وتیشی "کێشەی هەرکییەکان زیاتر بەشێوەی عورف مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نەک بەپێی یاساو رێنماییەکان، حکومەت بەجددی لەسەر خەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام ئەمە پێویستی بەکاتە، پێش چەند رۆژێک سنوری نێوان دوو گوندی سەر بەھەولێرو دھۆک دیاریکران، گوندی خارۆک سەر بەناحیەی دارەتوو لەسنوری قەزای بەردەڕە ش‌و پارێزگای دھۆک دیاریکرا، ھەروەھا گوندی کەنداڵە سور سەر بەناحیەی دارە شەکران لەسنوری پارێزگای ھەولێر دیاریکرا".

عسمەت ئەوەشی روونکردەوە کە کێشەی عەشیرەتی ھەرکی تا ئێستا لەبنەڕەتەوە چارەسەرنەکراوە، ئەو وتی "لەڕووی ئیداری‌و کێشەکانی زەوی‌و زار ھەوڵی جددی دەدرێن تا چارەسەر بکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی کێشەکە ھی ئێستا نیەو کۆنەو سنورێکی فراوانی ھەیە، بۆیە پێویستی بەکاتە تا بەتەواوی یەکلایی دەبێتەوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×