شەبەکەکان، بەشێکیان "حەشد"و بەشێکیشیان "پێشمەرگە"ن
  2026-01-28       1089       
پێکھاتەی شەبەک لەبنەڕەتدا کوردن

ئا: عەمار عەزیز

 

 ژمارەی پێکھاتەی شەبەک لەعیراق ٢٠٠ هەزار بۆ ٢٥٠ ھەزار کەس دەبن، زۆرینەیان لەناحیەی باشیک سەر بەقەزای ناوەندی نەینەوا دەژین، لە ٦٥٪ شیعە مەزھەبن‌و ٣٥٪ سەر بەمەزھەبی سونەن، شەبەکەکان بەسەر دوو بەرەی "حەشد"و "پێشمەرگە"دا دابەش بوون.

 

پێکھاتەی شەبەک لەسنوری پارێزگای نەینەوا، بەم شێوەیە دابەشبوون: لەسنوری ناحیەی باشیک ١٧ گوندیان شەبەکن، لەناحیەی بەرتللە ١١ گوند، لەقەزای حەمدانیە ٧ گوند، لەتەلکێف ٣ گوند، لەناحیەی نەمرود ٤ گوند، ھەروەھا لەچوار گەڕەکی ناوەندی موسڵ شەبەک نیشتەجێن، کە ئەوانیش بریتین لە: کەرامە، حەی جەزائیر، گەراج شیمال، ئارپەچی.

 

نەشوان حامد، لەپێکھاتەی شەبەکەو مامۆستایە لەئامادەیی خورسیباد لەسنوری ناحیەی باشیک‌و پێیوایە ٨٥٪ی پێکھاتەی شەبەک لەبنەڕەتدا کوردن، ئەو بەئاوێنەی وت "ڕاستە شێوەزاری قسەکردنیان جیاوازە لەگەڵ عەشیرەتەکانی تری کورد، بەڵام شێوەزاریان زۆر نزیکە لەھەورامی ، بەڵام دەستەواژەکانی زیاتر وەکو ھی عەشیرەتەکانی ترە، ١٥٪ی شەبەکیش پیدەچێت بگەڕێتەوە بۆ تورکمان‌و عەرەب".

وتیشی "ھەزارو ٣٠٠ کەس لەپێکھاتەی شەبەک لەریزەکانی حەشدی شەعبی دەوام دەکەن، ھەروەھا ھەزارو ٦٠٠ کەسیشیان پێشمەرگەو زێرەڤانی‌و ئاسایشن‌و سەر بەحکومەتی ھەرێمن، لەڕووی مەزهەبی‌و ئیداریشەوە دابەش بوون، بەنموونە بەرێوەبەری ناحیەی باشیک لەمەزھەبی سونەیە، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلەش شەبەکە بەڵام سەر بەمەزھەبی شیعەیە".

 

لەئابی ٢٠١٤دا، کاتێک چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر پارێزگای نەینەواو دواتر کەوتە دەستی ئەوان، بەشێکی زۆری ناوچەکانی شەبەک کەوتنە دەست داعش‌و زیانێکی گەورەیان بەرکەوت، دوای زیاتر لە١١ ساڵ ھێشتا بەشێک لەئاوارەکانی شەبەک نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

 

غەزوان داودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بەئاوێنەی وت "سەرووی ٩٥٪ لەپێکھاتەی شەبەک گەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان، ئەوانەی تا ئێٍستا نەگەڕاونەتەوە بەشێکیان لەسنوری قەزای شێخان نیشتەجێن‌و بەشێکی ناحیەی کەڵەک‌و ناوەندی ھەولێرو دھۆک نیشتەجێن، لەکاتی ھێرشی داعش بۆ سەر نەینەوا ئاوارەکانی شەبەک لەکەمپدا نیشتەجێ کرابوون، بەڵام ئێستا ھیچیان لەکەمپدا نەماون‌و لەدەرەوەی کەمپ نیشتەجێن".

لەبارەی خزمەتگۆزاری‌و لەڕووی ئەمنییەوە دۆخی ناوچەکانی پێکھاتەی شەبەک، غەزوان داودی وتی "لەڕووی ئەمنییەوە زۆر باشە، دۆخەکە لەژێرچاودێری ھێزەکانی ئەمنیدایە، لەڕووی خزمەتگۆزارییەوە تا ڕادەیەک ئەویش باشە، پڕۆژەکانی رێگاوبان‌و خوێندنگاو نەخۆشخانەو ئاووئاوەڕۆ بەردەوامن، حکومەتی عیراق پارە بۆ ئەو سێکتەرانە خەرج دەکات".

وتیشی "نەگەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکانی شەبەک بۆ زێدی خۆیان، زیاتر پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە ئەوانەی نەگەڕاونەتەوە ئیشی خۆیان ھەیە لەو ناوچانە، ئینجا ھەر جۆرە پیشەیەک بێت، بۆ خۆیان ئیش دەکەن، واتە نەگەڕانەوەیان پەیوەندی بەحاڵەتی ئەمنی‌و بابەتەکانی ترەوە نیە".

 

پێش ھاتنی داعش‌و روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، تەواوی خەڵکی باشیک سەر بەکوردستان‌و پێشمەرگە بوون، بەڵام دوای ئەو رووداوە، بەشێکیان چوونەتە پاڵ حەشدی شەعبی‌و ھێزەکانی وەک رەیان کەلدانی.

 

سالم شەبەک، پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لەپێکھاتەی شەبەک، بەئاوێنەی وت "دابەشبوونی پێکھاتەی شەبەک بەسەر حەشدی شەعبی‌و رەیان کلدانی لەلایەک‌و پێشمەرگە لەلایەکی دیکە، دوای روداوەکانی ٢٠١٤و ئینجا ٢٠١٧، چەند ھۆکارێکی ھەبوو، لەوانە خەڵکانێک ھەبوو پێویستیان بەپارە بوو بۆیە ڕویشتن بۆ لای حەشدی شەعبی‌و دەیانویست لەناو ئەوان جێگای خۆیان پێ بەرزترو باشتر بکەن، ھۆکاری سیاسیش بەھەمانشێوە رۆڵی ھەبوو".

وتیشی "شەبەک کوردن، کە پێکھاتوون لەچەند عەشیرەتێکی وەک زراری، رۆژبەیانی، داودی، ھەماوەندی، زەنگەنەکان‌و چەند عەشیرەتێکی تر، شێوەزاری ئێمەش کە گۆرانییە، شێوەزارێکی نزیکە لەھەورامی، دەتوانم بڵێم ڕەسەنترین شێوەزاری کوردییە، مێژووی نیشتەجێ بوونی شەبەک لەدەشتی نەینەوا زۆر کۆنە، لەکاتی دەسەڵاتی میدییەکانەوە شەبەک‌و کورد لەموسڵ دەژیان، ئیبن ئەسیر مێژوونوسی ناودار دەڵێت: لەرۆژھەڵاتی دیجلە کورد نیشتەجێ ببوون، ھیچ باسی عەرەب نەکراوە لەسنوری نەینەوا".

لەبارەی دامەزراندنی فەوجێکی تایبەتیش بەپێکھاتەی شەبەک، سالم شەبەک وتی "ساڵی ٢٠١٦، داوام لەنێچیرڤان بارزانی کرد کە سەرۆکی حکومەت بوو، فەوجێکی پێشمەرگە لەپێکھاتەی شەبەک دابنێت، ھەر ئەوکات ڕازی بوونی خۆی نیشانداو ٣٠٠ کەس دامەزران، ئێستاش فەوجەکە ماوەو ژمارەیان سەرووی ٦٠٠ پێشمەرگەن، کە ھەموویان سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن، فەوجی حەشدی شەعبیشمان بەھەمانشێوە ھەیە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×