پڕۆژەى زیندووکردنەوەى مۆزەخانەى هونەرى هاوچەرخى سلێمانى
  2026-02-05       649       

زامۆیا داراغا

 

ناوى پڕۆژە:-  گەڕانەوەى بەها

خاوەنى بیرۆکە:- زامۆئا داراغا

ساڵی پێشکەش کردن:- 20.01.2020

سەرەتا:-

یەکێک لە هەرە کێشە گەورەکانى ناو کایەى هونەرى و کولتورى ئێمە نەمانى ئەو بەهایەیە کە لە ئیستادا هونەر و کولتور پیدا دەڕوات بە تایبەتى هونەرى شێوەکاری,

کە بە شێوەیەکى زۆر دیار دەرکەوتوە کە جۆن  پشت گوێ خراوە, ئەوەى لێرەدا دەمەوێت ڕووناکى بخەمە سەر ئەو پەیوەندیەیە کە لە نێوان دەسەڵات و هونەردایە,

واتا ئەو دامودەزگا حکومیانەى کە لە بوارى هونەر و ڕۆشنبیریدا کار دەکەن و بە تابیەتى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و بەرێوەبەرایەتى گشتى ڕۆشنبیرى سلێمانى هەروەها ئەو دامودەزگایانەى کە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان هەیە بە کایەى هونەری و کولتورى وەک پارێزگاى سلێمانى و شارەوانى سلێمانى و ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى و چەند بەرێوەبەرایەتییەکى تر سەر بە وەزارەتەکانى حکومەت کە بە هەموویان کاریگەریان هەیە لە سەر کایەى هونەر و کولتور لە سلێمانیدا بە تایبەتى.

یەکێک لە هۆکارەکانى ئەم بێ بەهایە کە هونەر و کولتور پێوەى دەناڵێت ئەو مامەڵە نا تەندروستەیە, ئەو جیاکاریەیە کە ئەم دامودەزگایانەیە کە دەیکەن لە بەرامبەر بە ڕەوشى هونەر و کولتور بە شێوەیەکى گشتى و پشت گوێ خستن و ئیهمال کردنى هونەر و کولتور کە هەندێ جار هەست دەکەیت کە ئەم مامەڵەیە بە پلان دەکرێت یان لە بێ ئاگایى و کەمى ڕۆشنبیریە لەسەر هونەرى شێوەکاریە بەرامبەر بەم کایە گرنگەى ناو کۆمەڵگە دەکرێت. 

ئەم پشت گوێخستن و گرنگینەدان و خەم ساردیە وایکردوە زیانێکى گەورە بگەیەنێت بە کایەى هونەرى و کولتورى ڕۆشنبیرى بەگشتى و هونەرى شێوەکارى بە تایبەتى لە سلێمانى.

بۆ نموونە ئەو بابەتانەى کە پەیوەندیەکى ڕاستەوخۆى هەیە ( بنەڕەتی - ئەساسى ) بە هونەرى شیوەکاریەوە واتا بنەماى کۆنکرێتین بۆ ئەم هونەرە وەک دروست کردنى مۆزەخانە و گەلەرى و شوێنى نمایشى ستاندەر و شیاو بۆ هونەرى شێوەکارى,

لە ئێستادا لە شارى سلێمانى دوو شوێن هەیە بۆ ئەم مەبەستە یەکەم مۆزەخانەى هونەرى هاوچەرخ و لەگەڵ کارگەى جگەرە کە تایبەتن بە کارى شێوەکارى لە هەموو ڕوویەکەوە.

ئیتر ئەوەى کە هەیە لە شوێن بۆ نمایش لە ناو شارەکەدا شوێنى تایبەت نین بۆ ئەم مەبەستە بەڵکو چاک کراوە و دەستکارى کراوە کە ببێت بە گەلەرى وەک نموونە گەلەرى ئەمنە سوورەکە کە پێشتر گەراجى ئۆتۆمبێل بووە. 

هەروەها ئەوەى جێى سەرنجە تائێستا وەزارەتى ڕۆشنبیرى هۆڵێکى نییە یان گەلەریەکى نییە کە تابیەتبێت بە خۆیبێت یان تایبەتبیت بە هونەرى شێوەکارى, کە دەبوو بەپێى ئەو سیاسەتى کولتوریەى کە ئەم وەزارەتە پەیڕەوى دەکات دەبوایە لە جیاتى یەک گەلەرى چەند گەلەریەکى هەبوایە بۆ چالاکى جۆراوجۆرى هونەرى شێوەکارى, بەڵام وەک موڵک هیچ شوێنێکیان نییە کە هەی خۆیانبێت.

کارگەى جگەرە و مۆزەخانەى هونەرى هاوچەرخ دوو پڕۆژەن کە لە دەرەوەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى بەرهەم هێنراون، واتە هەردووکیان بە هەماهەنگى لەگەل وەزارەتى ڕۆشنبیرى کراون.

بیرۆکەى دروست کردنى ئەم پڕۆژانە هى وەزارەتى ڕۆشنبیرى نەبووە تەنها ئەوان هەستاون بە دابین کردنى بووچە بۆدروست کرن و نۆژەن کردنەوە ئەم دوو پڕۆژەیە کە ئەمە جێى پرسیارە؟

لێرەوە دێمە سەر باڵەخانەى مۆزەخانەى هونەرى هاوچەرخ کە بیرۆکەى ڕێکخراوى باڵندە باران بووە کە بە هەماهنگى لەگەڵ وەزارەتى ڕۆشنبیرى دروست کراوە، لە ساڵى ( 2004  ) دەست کراوە بە جێبەجێکردنى پرۆژەکە.

وە لە دواى تێپەربوونى شانزدە ساڵ ئەو باڵەخانەیە نەیتوانیوە هەستێت بە کارەکانى خۆى کە لە بنەڕەتدا بۆی دروست کراوە, لە سەرەتاوە تێگڵاوى گەندەڵى و بەهەدەردانى پارەى گشتى بووە نەتوانرا ئەم باڵەخانەیە تەواو بکرێت هەم وەک بالەخانەکە وە هەم وەک چالاکى ناو مۆزەخانەکە.

کە لە کۆتایانەدا بە بیانونى قەیرانى داراى ئەم باڵە خانەیە پشت گوێ خرا, وە لە ئیستادا باڵەخانەیەکى داڕوخاو و هیچ خزمەتگوزاریەکى بنەڕەتى تێدانییە و پەڕاوێزخراوە بەرەو فەوتان دەجێت و وە ناتوانرێت هیچ چالاکیەى هونەرى تێدا ئەنجام بدرێت چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو داروخان دەڕوات.

پێشنیارى پڕۆژەکەم :-

بە باوەڕى من یەکەم هەنگاو کە ئێمە بتوانین بیکەین و فریاى ئەم بالەخانەیە بکەوین  گەڕانەوەى بەهایە بۆ ئەم شوێنە!!

هونەر مانای بوونی پڕۆژەیەکی ڕادیکالی نوێگەرییە لە ناو کۆمەڵگەدا، پڕۆژەیەکی نوێگەریش بەبێ عەقڵێکی ڕۆشنگەر و مۆدێرن پیدانابێت.

واتە لە بنەڕەتەوە هونەر هەڵوێستێکی ڕۆشنگەرانى ڕادیکالى ڕەخنەییە، کە لەسەر بەهێزکردنی بیری ڕەخنەگری ئیشدەکات، دژى بە عەقلییەتى باوى مقەدەس و هونەرى ساختە و هونەرمەندى ساختە کاردەکات.

بەم شێوەیە هەڵوێستى ڕادیکاڵانەمان پێوستە، کە پێوستى بە بودجەیەکى زۆر ناکات وە بە خرچیەکى کەم، دەتوانین ئەم شوێنە بەهاى بۆ بگەڕێنینەوە و بووچەى بۆ پەیدابکەین و سەر لە نوێ نۆژەنى بکەینەوە و چالاکى بەردەوامى تیا ئەنجام بدرێت و ژیانى بۆ بگەڕێتەوە وە ببێت بە شوێنێکى ئەکتیڤى بەرهەم هێنەر لە شارەکەدا وە ببێت بە جێى شانازى بۆ هەموو لایەک.

ئەوەى لە ئێستادا زۆر گرنگە وپێویستمانە، دابین کرنى سەرچاوەى مڕۆییە! چۆن؟

واتا کۆکردنەوە کەسانى دڵسۆز و خاوەن ئیرادەیەکى بەهێز لە دەورى ئەم پڕۆژەیەی کە ئێستا بوونی هەیە.

بۆ بە گەڕخستنى ئەم شێوازە تازەیە لە مامەڵە کردنمان لە گەڵ ئەم کەیسە و دروست کرنى فشار لەسەر دامودەزگا حکومیەکانى سەر بە پاریزگاى سلێمانى لە رێى ( گردبوونەوە و خۆپیشاندان ) و ڕێکخستنى ( ئەکتیڤیتى و چالاکى و پێفۆماس ) لە بەردەم باڵەخانەى پاریزگاى سلێمانى و شارەوانى سلێمانى و ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى و بەرێوەبەرایەتى گشتى ڕۆشنبیرى و نوسینگەى وەزیرى ڕۆشنبیرى و ئەو بەرێوەبەرایەتیانەى کە پەیوەندیان هەیە بە کەیسى باڵەخانەى مۆزەخانەى هاوچەرخەوە.

چۆنێتى دروست کردنى ئەم فشارە مەدەنیە:-

1/  کۆبونەوەیەکى گشتى بە هەموو هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و کەسایەتیە ناودارەکانى شار بکرێت وە بە تایبەتى بێلایەنەکان و هونەر دۆستانى شارەکە

دروست کرنى دیالۆگێکى شەفاف و ڕوونکردنەوەى هەموو ئەو کێشانەى کە تا ئێستا توشى ئەم باڵەخانە بووە لەم شانزدە ساڵەى رابوردوودا، و مەترسی لە دەستدانى ئەم شوێنە, ڕوونکردنەوەیەکى زانستى و عەقلانى کە بۆ ئەم باڵەخانەیە گرنگە بۆ شارى سلێمانى لە ئێستاداوە لە دەستدانى چ زەرەرێکە بۆ شارى سلێمانى.

هەروەها داواکردنى یارمەتى مادى و معنەوى لە گشت خەڵکى شارەکە.

2/ ڕاگەیاندنى ئەم پڕۆژەیە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانی گشتیدا.

3/ نوسینى ( مانیفێستێکى ) تۆکمە لەسەر مۆزەخانەى هونەرى هاوچەرخ  کە...

* بۆ ئەم شوێنە گرنگە بۆ شارى سلێمانى ؟

* ئێمە بۆ بەم شێوەیە گوزارشت لە کێشەکەمان دەکین؟

* داواکاریەکانمان چیە؟

* پلانمان  و ستراتیچیەتمان چی دەبێت بۆ ئەم شوێنە لە داهاتوودا؟

*کێشە و بەربەستەکان چین لەسەر ئەم باڵەخانەیە؟ 

4/ دروست کردنى ئەنجومەنى کارگێرى و دابەشکردنى کارەکان و دانانى ستراتیچیەتى کارکرن.

5/ وەرگرتنى مۆلەت لەکاتى ئەنجامدانى خۆپیشاندانەکان. 

* بە شێوازێکى مەدەنیانە دوور لە توندوتیژى و هوتافى ناشرین و چنێودان.

* بۆ ماوەیەکى دیارى کراو کە لە کات ژمێرێک کەم تر نەبێ وە لە دوو کات ژمێر زیاتر نەبێ

* نەبێتە هۆکارى ڕێگە گرتن لە هاتووجۆى پیادە و ئۆتۆمبێل و  

6/ دوستکردنى لیستى ( واژووى پشتگیرى ) بۆ زۆرترین کەسى خەڵکى شارەکە بۆ پشتگیرى کردنمان لەم کەیسە.

7/ پەیوەندى کردن بە هەموو کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەکانى بینراو بیستراو و نوسراوەکانەوە.

8/ دروست کردنى سندوقێکى هاوکارى و دانانى لە ناو باڵەخانەکەدا.

9/ بانگ گێشکردنى ڕۆژانەى هاوڵاتیان بۆ بینینى باڵەخانەکە و  ( شیکردنەوەی ) شەرحکرنى کێشەکان و ئاستەنگیەکانى ئەم باڵەخانەیە لە نزیکەوە, ئەو کەسانەى گرنگە بێن ...

* کەسایەتەیە ناسراوەکانى شار.

* خاوەن کۆمپانیاکان.

* بەرێوەبەرى دائیرەکانى حکومەت.

* بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى ناحکومى و ڕێکخراوە بیانیەکان.

* فەرمانبەرى دامودەزگا حکومییەکان.

*هاوڵاتى ئاسایى.  

10/ دروست کردنى چالاکى هونەرى کورت خایەن لەناو باڵەخانەکەدا

* بانگێش کردنى گۆرانى بێژە ناسراوەکان.

* کۆڕ و سیمینار.

* کارى هونەرى هەمە چەشنە و دانانى لە ناو باڵەخانەکەدا.

* موزیک ژەنین و کۆنسێرتى بچوک.

11/ دانانى فلێکسى قەبارە گەورە بۆبەردەم باڵەخانەکە ( دروشمی لەسەر بێ )

12/ دابەش کردنى تێکستى ( مانیفێستى پڕۆژەکە ) بە سەر خەڵکى شاردا.

* لە شوێنە گشتیەکان.

* لە ترافیک لایتەکانى سەر شەقامەکان.

* لە زانکۆ و پەیمانگاکان.

13/ داناى جادرێکى گەورە لە ناو حەوشى باڵەخانەکەدا وەک ڕەمزى ناڕەزاى.

ئامانجى ئەم پڕۆژەیە :-

1/ هێنانەوە بەها بۆ هونەر و کولتور.

2/ دەست بە جێ نۆژەنکردنەوەى باڵەخانەکە.

3/ دانانى ئەم شوێنە وەک شوێنێکى چالاک و گرنگ بۆ شارى سلێمانى لە ڕووى هونەر و کولتورەوە.

4/ ناساندنى کێشەکانى هونەر و کولتور بە ڕاى گشتى کە لە چ قەیرانێکى کولتوری ترسناکدایە.

5/ ناچارکردنى دەزگا حکومیەکانى شار بە گرنگى دان بە کایەى هونەر و کولتورى.

6/ فشار خستنە سەر وەزارەتى ڕۆشنبیرى و پاریزگاى سلێمانى بۆ دابین کردنى بودجە و نەسریەى ساڵانە بۆ ئەم شوێنە .

7/ دەرهێنانى هونەر و هونەرمەندان لەو پاسیڤیەى کە لە ئێستادا توشى بووە.

8/ گەیاندنى ئەم کەیسە بە ڕاى گشتى و ناساندنى کێشەکان و بەربەستەکانى.

تێبینی:- ئەم پڕۆژەیە لە ڕێکەوتی ( 20.01.2020 ) دڕاوەتە دەستەی بۆردی مۆزەخانەی هونەری هاوچەر، واتە لە پێش شەش ساڵ لەمەوبەر، بەڵام بە داخەوە هیچ نەکرا وە لە ئێستادا باڵەخانەکە لە جاران زیاتر وێران و کاولترە.

ئەوی لێرەدا گرنگە بووترێت ئێستاش درەنگ نییە، وە لە توانماندایە کە دووبارە ئەم شوێنە زیندوو بکەینەوە و بیکەینە شوێنێکی گرنگ لە ناو شاری سلێمانیدا، وەک سەنتەرێکی چالاک لە ناو کایەی هونەری و کولتوری شارەکەدا وە لە فەوتان ڕزگاری بکەین، هەروەها ڕێگرتن لە ئیگۆ و خەیاڵ پڵاوی و لە پڕۆژەی ناوک بەتڵ و بۆش لە ژێر هەندێ دروشمی باقوبریقی بێ مانا و گێژکەر.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×