ئێزدییەکان دەترسن سیناریۆی ٢٠١٤ دووبارە بێتەوە
  2026-02-13       394       
خەڵکی شنگال دەترسن جارێکی تر تووشی ھێرشێکی تری ئیسلامییە توندڕەوەکان ببنەوە

ئا: عەمار عەزیز

 

 ڕوداوەکانی رۆژئاوای کوردستان‌و هەڵگیرسانی شەڕو ئاڵوزی لەنێوان ھێزەکانی حکومەتی سوریاو ھەسەدەو گواستنەوەی داعشە زیندانیکراوەکان بۆ عێراق، ئێزدییەکانی شنگالی ترساندوە کە سیناریۆی ١٠ی ئابی ٢٠١٤ دووبارە ببێتەوەو جارێکی تر ئاوارە ببنەوە.

 

قەحتان رەشۆ، دانیشتووی ناوەندی ناحیەی سنونێی سەر بەقەزای شنگال بەئاوێنەی وت "خەڵک ناحەقی نیە دەترسن، چونکە لە ٢٠١٤دا ئێزدییەکان توشی کارەساتێک بوون کە وێنەی نەبوو لەجیھان، هەزاران ئێزیدی کوژران یاخود کەوتنە دەست چەکدارانی داعش، ھەر ئەو چەکدارانە لەسوریاوە ھاتنە ناو عێراق‌و دواتر گەیشتنە ناوەندی شنگال، بەدڵنیایی دەترسین جارێکی تر ڕووبەڕووی داعش ببینەوە".

وتیشی "ژمارەیەکی زۆر لەھێزی چەکدار ھەر لەپۆلیس‌و لەشکری عێراق‌و حەشدی شەعبی‌و یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال لەسنوری قەزاکەدا ھەن، بڕوامان ھەیە کە ئەو ھێزانە بەرگری لەخاک و خەڵکی ناوچەکە دەکەن، بەڵام کێشەی گەورەو سەرچاوەی ترسەکە تەنیا داڕشتنی پلانێکی ترە بۆ سەر قەزاکە، وەکو چۆن لە ٢٠١٤دا بینیمان لەماوەی کاتێکی زۆر کەمدا تەواوی قەزاکە کەوتە دەست داعش".

 

شنگال، لەسێ ناحیەی سەرەکی پێکھاتووە، ناحیەی سنون، ناحیەی قەیرەوان، ناحیەی گرعوزێر، نزیکترین ناحیەن لەسنوری سوریا، کە تەنها ٢٠ کێلومەتر دوورن لەسنوری سوریاوە، دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ بەسەر ١٤ی ئاب ٢٠١٤دا بەشێکی خەڵکەکە گەڕاونەتەوەو بەشێکی تریان ھێشتا ئاوارەن .

 

حامد مچو، دوای زیاتر لە ٥ ساڵ لەژیانی ئاوارەیی گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی لەناوەندی ناحیەی گرعوزێر، پەشیمان نیە لەگەڕانەوەی، بەڵام نایشارێتەوە کە ترسی ھەیە جارێکی تر بەھۆی ھێرشێکی ترەوە جارێکی تر ئاوارە ببێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەو نیەتە گەڕاینەوە کە جارێکی تر ئاوارە نەبینەوە، چونکە ژیانی ئاوارەیی زۆر قورس‌و ناخۆشە، بەھۆی ئەو دۆخەی لەڕۆژئاوا ڕویداوە تەواوی خەڵکی قەزاکە دەترسێت جارێکی تر ھێرشێکی تر بکرێتە سەر شنگال، بەشێکی خەڵکەکە خۆراکی وشککراوەیان کڕیوەو ھەندێکئ تر خێوەت، ئەوەش بۆ ئەوەی ئەگەر ھێرشێک بۆ سەر قەزاکە کرا بچن بۆ چیای شنگال تاوەکۆ خۆیان ببپارێزن لە ھێرشی دۆژمنان ".

ھێشتا بەشی زۆری دانیشتوانی ناحیەکە نەگەڕاونەتەوە، ئەوەش لەبەر کەمی خزمەتگۆزاریی، ئێستا ترسیسش زیاد بووە بۆیە خەڵک ناتوانێت بگەڕێتەوە، حامد وتی "پێشتر خەڵک زیاتر لەبەرکەمی خزمەتگۆزاری نەدەگەڕایەوە، ئێستا ترسیش زیادبووە، کە ئەوەش لەھەمووی خراپترە، پێویستە دەزگا ئەمنیەکان زیاتر چاوکراوەتر بن، بەتایبەت لەسەر سنور لەھەر حاڵەتێکدا لەئامادەباشی بن تاوەکۆ جارێکی تر خەڵَک نەبێتە قوربانی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان".

 

لەسنوری قەزای شنگال چەندین جۆر هێزی سەربازیی هەن، هەر لەسۆپای عێراق‌و حەشدی شەعبییەوە بگرە تا دەگات بەیەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال‌و پێشمەرگە، کە ھەرھێزێک لەمانە لەناوچەیەکی دیاریکراوی قەزاکەدا، بنکەی تایبەت بەخۆیان ھەیە .

 

غەزال رەشو، پلەدارێکی ژنانە لەنێو رێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال. بەئاوێنەی وت "بمانەوێت یان نەمانەوێت خەڵک دەترسن جارێکی تر توشی ھێرشێکی تر ببنەوە، ئەوەش دوای شەڕ و ئاڵوزییەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەوەی زیاتر خەڵکی ترساندوە ئەو خەڵکەی لەکەمپی ھۆل کە زیاتر  ژن‌و منداڵی داعشن گواستراونەتەوە بۆ عێراق، ئەمەش پێشھاتێکی زۆر خراپ‌و ترسناکە، داعش ھەرچی شتی خراپە بەسەر گەلی ئێزدییەکاندا ھێنایانە ناحەقیان نیە بترسن".

لەبارەی ئامادەکاری ھێزەکانی یەکێنەکانی بەرخۆدانی شنگال بۆ ڕووبەروو بوونەوەی ھەر ھێرشێکی چەکداری بۆ سەر قەزاکە، رەشو وتی "ھێزەکانمان بەشێکیان لەگوندو کۆمەڵگاکان بەتایبەت لەخانەسورو چەند شوێنێکی تر جێگیرکراون‌و بەشێکی تریان لەگەڵ حەشدی شەعبی‌و سوپای عیراق چوونەتە سەر سنوری نێوان عێراق‌و سوریا، سنورەکان بەھێزەکانی ئەمنی قایم کراون، لەناوخۆی شنگالیش لەگەڵ خەڵک چەند کۆبوونەوەیەکمان کردوە لەسەر دۆخی رۆژئاواو مەترسیەکانی بۆ شنگال‌و دەوروبەری، ھێزەکانمان‌و تەواوی ھێزەکانی تر ٢٤ کاتژمێر لەئامادەباشیدان بۆ ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو ".

 

لەسەنتەری شنگال سوپاو پۆلیس ھەن، ھێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال لەسیبا شێخ خدرو خانەسورو لەسنوری ناحیەی گرعوزێرو چیای شنگالن، حەشدی شەعبی بەشێکی کەم لەسنوری قەزاکەدان، زیاتر لەسەر سنوری عێراق‌و سوریا جێگیرکراون، ھێزەکانی پێشمەرگەش لەمەزارگای شەرەفەدین‌و دەوروبەری مەزارگەکە جێگیرکراون.

 

میرزا خەڵەف، فەرماندەی پێشمەرگە لەمەزارگای شەرەفەدین لەشنگال. بەئاوێنەی وت "ھێزەکانی پێشمەرگە لەمەزارگای شەرەفەدین‌و دەوروبەری جێگیرکراون، تا ئەم ساتەش ھیچ فەرمانێکمان بپ نەھاتووە کە جوڵە بەھێزەکانی پێشمەرگە بکەین، حکومەتی عێراق ھێزێکی زۆری رەوانەی سەر سنوری نێوان عێراق‌و سوریا کردوە، بەتەواوی نازانم ژمارەیان چەندە، بەڵام چەند فەوجێک ھاتوون ".

وتیشی "خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە کەوا ھێزەکانمان لەھەر کات‌و ساتێکدا ئامادەن بەرگری لەخاک‌و خەڵکی شنگال بکەن، ئەمە بەئەرکی خۆمان دەزانین وەکو چۆن لەڕابوردووش ھێزەکانی پێشمەرگە رۆڵێکی سەرەکییان بینی لەرزگارکردنی شنگال لەدەست چەکدارانی داعش، جارێ کەس نازانێت دۆخی ناوچەکە بەتایبەت عێراقهو سوریا چی لێدێت، ئەوە دەمێنێتەوە سەر رێککەوتنەکان‌و رۆڵی وڵاتانی زلھێز".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×