ئەوانەی "زیوو" داخی کردن!
  2026-02-25       521       
مامەڵەی زیوو هەر کانزاو دراوێک بەبێ شارەزایی، جۆرێکە لەقومار کردن

ئا: محەمەد هاوژین

 

پاش ئەوەی لەچەند مانگی رابردوودا خەڵکێکی زۆر لەسلێمانی روویان کردە کڕینی زیوو، ئێستا زۆربەی هەرە زۆریان هەست دەکەن دەستخەڕۆ بوون، هاوڵاتییەک دەڵێت "دوای قەرەباڵغی کەوتم‌و بایی دەفتەرێک زیووم کڕی‌و لەماوەی شەووڕۆژێکدا ٤٠ وەرەقەم رۆی".

 

بازاڕی "شوان" لەشاری سلێمانی، "بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوە"و پڕە لەچیرۆکی ئەوانەی لەساڵانی رابردوودا بەهۆی هاڕەکردنی نرخی دۆلارو تمەن‌و لیرەی سوری‌و بەمدواییەش بەهۆی دابەزینی نرخی زیوەوە زیانی گەورەیان کردووە.

ئیسماعیل، بازرگانێکی ئاڵوگۆڕی دراوەو زیاتر لە ٢٥ ساڵ ئەزمونی لەو بوارەدا دادی نەدا بۆ ئەوەی لەمامەڵکردن بەزیوەوە زیان نەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە لەکوردستان کڕین‌و فرۆشی دراوو کانزاکان هیچ بنەمایەکی زانستییان نییەو جۆرێکە لە"قومار کردن"، ئەو بەئاوێنەی وت "بەپێی ساڵانی ئەزمونی خۆم بوایە، دەبوو هەرگیز زیانی گەورە نەکەم، بەڵام منیش دوای قەرەباڵغی کەوتم‌و لەدوو مانگی رابردوودا، ٢٠ کیلۆ زیووم کڕی‌‌و کاتێک فرۆشتمەوە ٢٥ هەزار دۆلارم زیان کرد".

وتیشی "کەس نازانێ چۆن‌، کەی‌، کێ‌ نرخی زیو دیاریدەکات، لەم بازاڕەدا تەنها لەڕێگەی هات‌و هاوارکردن‌و خواست‌و خستنەڕوو وەختێک دەزانی نرخ بەرزدەبێتەوەو خێراش نرخی دادەبەزێت، خۆ ئەم بازاڕە بۆرسەی جیهانی‌و داتای دیجیتاڵی نییە، هاوارو دەنگۆی چەند کەسێک لەناو بازاڕەکەدا لەماوەی چەند خولەکێکدا بەرزو نزم بەنرخەکەی دەکەن".

 

لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا، هەزاران کەس رووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە بەهۆی کڕینی لیرەی سوری‌و پاشان کڕینی زیوەوە، ئەمەش لەدوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان خەڵکێکی زۆر روویان لەکڕینیان کردو پاش ماوەیەکی کەم نرخەکانیان هاڕەیان کردو ئەوانەی کڕیبوویان زیانیان کرد.

 

مامۆستا ئەنوەر، هاوڵاتییەکی تەمەن ٥٤ ساڵەو چیرۆکە سەیرو سەمەرەی خۆی لەگەڵ کڕینی زیوودا بۆ ئاوێنە دەگێڕێتەوە، ئەو وتی "بەهەزار دەردەسەری‌و چنگەکڕێ پارەیەکم پاشەکەوت کردبوو بۆ رۆژی تەنگانە، بەڵام هاوڕێیەکم کەوتە بن کڵێشەم‌و وتی ئەگەر پارەت هەیە تا زووە بیدە بە زیوو، لەبەرئەوەی لەماوەیەکی کەمدا نرخەکەی دەبێت بەدوو ئەوەندە، بەهاندانی ئەوو بەخەیاڵی دووئەوەندە بوونی پارەکەم، رۆژی پێنج شەممە بوو چووم لەبازاڕی دۆلارەکە دوو کیلۆ زیووم کڕی، کیلۆی بە ٥٨٠٠ دۆلارو بردمەوە بۆ ماڵەوەو بەتەمابووم کیلۆی دەفتەرێکم بۆ بکاتەوە".

وتیشی "بەڵام دوای شەوو رۆژێک، بەیانی شەممە هاوڕێکەم تەلەفونی بۆ کردم‌و وتی: ئاگات لێنییە؟! وتم: لەچی؟ وتی: زیوو هاڕەی کرد، تا زووە فریاکەوەو راکە بیفرۆشە! بەپەلە چووم کیلۆیم دایەوە بە ٣٨٠٠ دۆلارو ٤٠ وەرەقەم رۆی"!

 

زیووفرۆشانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە پەلەکردن لەمامەڵەکردن بە"زیوو"، ماڵی خەڵکێکی زۆری وێران کردووەو سەدان ملیۆن دینار زیانی پێگەیاندوون.

 

بەختیار حەمەئەمین، زیووفرۆشە لەبازاڕی سلێمانی بەسەرسوڕمانەوە باس لەو هەڵپەو پەلاماردانی زیوە دەکات لەلایەن خەڵکی جۆراوجۆرەوەو بەئاوێنەی وت "ئێستاش تێناگەم ئەو خەڵکە لەسەر چ بنەمایەک وایان کرد، زیوو نرخی بەرز دەبێتەوە هەموویان رادەکەن دەیکڕن، کە نرخیشی دادەبەزێت دیسان هەموویان رایاندەکردو دەیانفرۆشت".

وتیشی "لەوەش سەیرتر کەسانێک کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر بازاڕ نییەو تەنها بەدەنگۆیەک فریویان خواردووەو ئوتومبێل‌و خانوویان فرۆشتووەو پارەکەیان داوە بەزیوو داخان بوون".

بەختیار باس لەوە دەکات کە نرخی زیوو گۆڕانکاری وا سەیری بەخۆیەوە نەبینیوە ئۆنسەی زیو ١٢ دۆلار بوو، لەماوەیەکی کەمدا نرخی چوار ئەوەندە بەرزبۆوەو ئۆنسەی بوو بە ٣٨ دۆلار

 

بەوتەی شارەزایانی بواری ئابوری‌و بازاڕی دراو، دەستبردن بۆ مامەڵەی زیوو هەر کانزاو دراوێک بەبێ شارەزایی، جۆرێکە لەقومار کردن.

 

محەمەد عەبدوڵا، پسپۆڕی ئابوری باس لەوە دەکات کە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان نرخی زیوو لەهەرێمی کوردستان‌و بازاڕی جیهان دروست بووە، ئەو وتی "حاڵەتێکی سەیرە کە جیاوازی نرخی کیلۆیەک زیوو لەنێوان بازاڕی کوردستان‌و بازاڕی جیهان زیاتر لە ٤٠٠ دۆلار بێت، یاخود بەهای زیوو لەکوردستان بەراورد بەبازاڕی جیهانی ٢٥٪ گرانتر بێت".

وتیشی "لەنێو جۆرە جیاوازەکانی زیوو لەهەرێمی کوردستان، نرخەکان جیاوازییان هەیە، بۆ نمونە مەڕمەڕە گرانترینە نزیکەی ١٠٠ دۆلار زیاترە لەجۆرەکانی تر، لەکاتێکدا زیوو هەر زیووە".

 

لەلای خۆشیەوە، جەبار گۆران، وتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆرى دراو لە سلێمانى ئاماژە بەوە دەکات کە دەستبردن بۆ مامەڵەی زیوو هەر کانزاو دراوێک بەبێ شارەزایی، مەترسیدارەو جۆرێکە لەسەرکێشی‌و قومار، ئەو بەئاوێنەی وت "لەماوەی چەند مانگی رابردودا لەسەر ئاستی هەرێم قەبارەی زیانەکانی مامەڵەکردن بە زیوەوە سەدان دەفتەر دۆلار بووە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×