فوئاد حسێن یان نزار ئامێدی؟
  2026-02-25       613       
فوئاد حسێن - نزار ئامێدی

ئا: محەمەد هاوژین

 

پارتی‌و یەکێتی تا ئێستا لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتون‌و پێدەچێت هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار درێژە بکێشێت، لەبەرئەوەی مشتومڕ لەسەر راسپاردنی "مالکی" بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەئاستی ناوخۆو دەرەوەشدا دەکرێ‌و چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمەریکاو ئێرانە، بەو پێیەی دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە پێویستی بە(OK)ی ئێران‌و ئەمەریکایە.

 

هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارو سەرۆک وەزیر چاوەڕوانی یەکلایی بوونەوەی ناکۆکی نێوان ئەمەریکاو ئێرانە

لەدوای روخانی دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە لەساڵی ٢٠٠٣، بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراقدا پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد بووە.

لەساڵی ٢٠٠٥یشەوە تا ئێستا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەو پۆستەی بەدەستەوە بووە، پێشتر رێککەوتنێک لەبەرامبەر پۆستی سەرۆککۆماردا بۆ یەکێتی، پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی وەردەگرت، بەڵام ئێستا بەرپرسانی پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەم شێوازە لەدابەشکردنی دەسەڵات چیتر لای ئەوان پەسەندکراو نییە.

 

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەدواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەو ماوە زەمەنییەی کە رێکارە دەستورییەکان دیارییان کردووە، بە"ئاوێنە"ی راگەیاند "یەکێک لەهۆکارەکانی ئەوە بوو کە کورد یەک کاندیدی هاوبەشی نەبوو، بەڵام ئەگەر کورد کاندیدشی هەبوایە لەبەربەهۆی ئەوەی ناو ماڵی شیعە کۆدەنگ نییە لەسەر کاندیدکردنی مالکی‌و ئەمەریکییەکانیش تێبینییان لەسەری هەیە، هێشتا هەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دوادەکەوت، ئەمە کاریگەری گەورەی هەبووە، هەروەک چۆن گرژی‌‌و ململانێی ناوچەکەش دیسان کاریگەری هەبووە".

جەغتی لەوەش کرد کە پۆستی سەرۆک وەزیران پێویستی بە(OK)ی ئێران‌و ئەمەریکایە، نەک پۆستی سەرۆککۆمار، ئەو وتی "عێراق‌و کوردستانیش لەم قۆناغەدا پێویستیان بەوەیە کە حکومەتێکی بەهێزیان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی لەناوچەکەدا هەن".

کەمال ئاغا ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆی باش کراوە بەتایبەتی لەنێوان مەسعود بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بەو مەسەلانە، بەڵام مومکینە بەشێکی پەیوەندی بەبەغداوە هەبێت بۆ ئەوەی ئەم بابەتە یەکلایی بێتەوە، ئەو وتی "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت".

 

لەبەرامبەردا شوان کەلاری، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە یەکێتی لەوە تێبگات پۆستی سەرۆککۆمار ئیشتیحقاقی نەتەوەییەو هی کوردەو ناکرێت قۆرغ بکرێت بۆ لایەنێکی سیاسی دیاریکراو، ئەو بەئاوێنەی وت "بۆچوونی پارتی، بۆچوونێکی واقیعییە لەبەرئەوەی پێیوایە پشکی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو نابێت لەلایەن هیچ حزب‌و لایەنێکی سیاسییەوە قۆرغ بکرێت، هەروەک چۆن پشکی سەرۆک وەزیران پشکی شیعەیەو هەر جارەو شیعەیەک لەڕەوتێک ئەو پۆستە وەردەگرێ، یاخود پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەر جارەو یەکێک دەبێت لەسوونەکان، پێویستە پۆستی سەرۆککۆماریش بەهەمان شێوە بێت".

ئەم پەرلەمانتارەی پارتی بەئاوێنەی راگەیاند حزبەکەی لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا زیاتر لەملیۆنێک دەنگی بەدەستهێناوە، حزبی یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق‌و کوردستان، ئەمەش مافی ئەوەی پێدەدات بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارو پۆستەکانی سەرۆکایەتی بدات، ئەو وتی "تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نییە لەگەڵ یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم‌و دابەشکردنی پۆستەکان لەبەغدا".

سەبارەت بەدواکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنیش ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار زۆرە، گرنگترینیان ناڕازیبوونی ترەمپە لەدیاریکردنی مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەو وتی "رێکنەکەوتنی پارتی‌و یەکێتی کاریگەری ئەوتۆی نییە لەسەر دواخستنی ئەو پرۆسەیە، لەبەرئەوەی شیعەو چوارچیوەی هەماهەنگی شیعە هەر کاتێک خۆیان ئامادە بن‌‌و بڕیاڕیان دا  کە کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران راپسپێردرێت، لەسەر رێککەوتنی یەکێتی‌و پارتی ناوەستن، لەماوەی چەند رۆژێکدا بابەتی سەرۆککۆمار یەکلایی دەکەنەوە، چونکە زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە، ئەگەر پارتی‌و یەکێتی کاندیدی هاوبەشیشیان نەبوو، وەک خۆیان دەڵێن پەرلەمانتارەکانیان سەرپشک دەکەن دەنگ دەدەن بەکێ بیدەن".

وتیشی "هۆکارەکانی دواکەوتنی سەرۆککۆمارو سەرۆک وەزیران هەم دەرەکیەو لەژێر کاریگەری ناکۆکییەکانی ئێران‌و ئەمەریکادایە، هەم ناو ماڵی شیعەش ناکۆکن، کە یەکەمجار مالکیان کاندید کردووەو نایانەوێ پاشگەز ببننەوە".

کەلاری ئاماژە بەوە دەکات کە بارودۆخەکە ئاڵۆزەو پارتیش ئامادەی نەرمی نواندنە، ئەو وتی "پێویستە لەم قۆناغانەدا کورد یەکدەست و یەکدەنگ بێت، بەڵام ئەگەر لەگەڵ یەکێتی نەگەینە رێککەوتن‌و تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، ئەوا بەدڵنیایی د.فوئاد حسێن کاندیدی ئێمە دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار".

ئەمە لەکاتێکدایە کە بارزانی سێ بژاردەی وەک ڕێگەچارە خستووەتە ڕوو بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، یەکەمیان گەیشتن بەڕێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان، دووەمیان یەکلاییکردنەوەی پرسەکە لەنێو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق، یان بژاردەی سێیەم کە گەڕانەوەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان تاوەکو بڕیار لەسەر کاندیدی کورد بۆ ئەو پۆستە بدات.

هیچ کام لەم بژاردەو پێشنیازانە لەلایەن یەکێتی نیشتمانییەوەپەروەرەوە پەسەند نەکراوەو لەئەنجامدا هەردوو پارتە ڕکابەرەکە کاندیدەکانیان بەجیا پێشکەش کردووە، هەرچەندە دانوستانەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر هێشتا بەردەوامن.

 

دوو کاندیدی دیارو دەستتێوەردانی دەرەکی

بە گشتی 17 کاندید خۆیان بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کاندید کردووە، دیارترینیان فوئاد حسێن لەپارتی دیموکراتی کوردستان‌و نزار ئامێدی لەیەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

 

فوئاد حسێن، ساڵی ١٩٤٩ لەخانەقین لەپارێزگای دیالە لەدایک بووە، پۆستی باڵای کارگێڕی لەحکومەتی فیدراڵی‌و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبووە. لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە وەزیری دەرەوەو جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پێش ئەوەش لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ وەزیری دارایی بووە.

فوئاد حسێن، پێشتر زیاتر لە ١٠ ساڵ بە پلەی وەزیر راوێژکارو کەسێکی نزیک لە"مەسعود بارزانی" بووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی لەزانکۆی بەغداو ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی ئەمستردام لەهۆڵەندا بەدەستهێناوە.

 

نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەیە، لەساڵی 1968 لەشاری ئامێدی لەپارێزگای دهۆک لەدایکبووەو خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لەئەندازیاری لەزانکۆی موسڵ. تا دەست لەکارکێشانەوەی لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ وەزیری ژینگەی حکومەتی سودانی بووەو پێشتریش خاوەنی ئەزمونێکی زۆر بووە لەکاروباری سەرۆکایەتیداو ئەرکی بەڕێوەبردنی نووسینگەی چەند سەرۆکێکی لەئەستۆ بووە، لەوانە جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم، بەرهەم ساڵح. زمانەکانی عەرەبی‌و کوردی‌و ئینگلیزی شارەزایە.

 

پەرلەمانی عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە دوو دانیشتنی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ لەڕۆژانی 27ی 1و 1ی شوبات ئەنجام بدات.

لەکۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە1ی شوباتدا بڕیاردرا دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە٨ی شوباتدا زیاتر نەخایەنێت، بەڵام ئەم وادەیەش جێبەجێ نەکرا.

بەگوێرەی دەستووری عێراق، دەبێت لەماوەی ٣٠ ڕۆژ لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ، سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. دوای ئەوە سەرۆکی هەڵبژێردراو ١٥ رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ناساندنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت.

 

شوان داودی، کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی دواخستنی دەنگدان بۆ ئەو پۆستە، بە ئاوێنەی وت "وەک ئاشکرایە لەکۆتا وادەی یاسایی رێککەوتن نەکراوەو دیاریکردنی پۆستی سەرۆککۆمار درێژە دەکێشێت".

وتیشی "هەندێك لەهێزه سیاسییەکان بەکارنامەی دەرەکی رێگری له‌هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار ده‌كه‌ن، دەستوەردانی دەرەکی لەکاروباری عێراقدا قەیرانی سیاسی قوڵتر کردوەتەوەو چەندین دامەزراوەی دەوڵەتی ئیفلیج کردوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×