ئا: هێڤی ئاوات
له‌خانه‌ی به‌ساڵاچوان چه‌ندین ژن‌و پیاو هه‌ن که دوایین ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی خۆیان به‌سه‌رده‌به‌ن، ئه‌وان گله‌ییان له‌کارمه‌ندانی خانه‌که نییه، به‌ڵام نایشارنه‌وه که هیچ شوێنێک ناگات به‌ماڵی خۆیان‌و دەڵێن "ماڵەکەی خۆت، بەهەشتە".
فاتمە (ناوێکی خوازراوە)، نیشانەی پیری لەڕوی نیشتووەو دەستەكانی دەلەرزێ، بەردەوام خۆزگەش بەڕۆژانی گەنجی دەخوازێ، ئەو بەئاوێنەی وت "چەند ناخۆشە کە زۆرجار ناتوانم ئه‌وه بکه‌م که ده‌مه‌وێت، كە قسەم لەگەڵ دەكرێت تێناگەم لێیان، ئاخر گوێیەكانم باش نابیستن، كە هاواریشم بەسەردا بكەن تا گوێم لەدەنگییان بێت، بێزار دەبم، پیری زەحمەتە".
ئەو کە له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌کانی خۆیدا دوایین ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی به‌ڕێ ده‌کات، باس لەوە دەکات لەهەڵسوکەوتی كارمەندەكانی خانەكە ڕازییە، بەڵام وتی "هەرچەندە لێرە ژیانمان دەڕوا‌و من لەگەڵ دو كەسی تر له‌ژورێکدا دەژیم، بەڵام هەمیشە بێتاقەتم، تەنها منیش وا نیم، بەڵكو ئەوانەی لێرە دەژین بەو شێوەیەن، ئیتر ئەبێت ژیان لەخانە چۆن بێت؟! هەرچەندە خزمەتیشمان بكەن هەروەك ماڵی خۆمان نییه".
فاتمە باس له‌ژیانی ته‌نهایی‌و دور له‌که‌سوکاره نزیکه‌کانی ده‌کات، "ژیان بەتەنها زۆر سەخت‌و گرانە، ژیان لەگەڵ كەسانی دەوروبەرت کە خێزانی خۆت نەبن، خەمێکی گەورەیە، بەڵام بڵێم چی خێزانه‌که‌م كەم دێنە سەردانم، ئاخر مناڵەکانم جێگەی منیان نەكردەوە لەماڵەكەیاندا، ئیتر چاوه‌ڕێی شتێکی زۆر لەژیان ناکەم".
بردنی که‌سانی به‌ته‌مه‌ن بۆ خانه‌ی به‌ساڵاچوان زۆرجار بۆچونی جیاوازی له‌باره‌وه ده‌وترێت، هه‌ندێک به‌باشی ده‌زانن که ئه‌و که‌سانه ئه‌و ماوه له‌ژیانیاندا له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نانی خۆیاندا به‌سه‌ربەر‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ منداڵ‌و نەوەو وه‌چه‌کانیاندا نه‌گونجێن، به‌شێکی دیکه‌ش بۆچونیان وایه که به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بوه ده‌بێت ئه‌و که‌سانه دور نه‌خرێنه‌وه له‌ژیانی ئاسایی ناو خێزانه‌کانیان.
مام عەلی (ناوێکی خوازراوە)، پیاوێكی ته‌مه‌ن ٧٩ ساڵە، کە چەند مانگێکە له‌خانه‌ی به‌ساڵاچوان ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، باس لەوە دەکات پێشتر له‌مزگه‌وت خه‌وتووە‌و خه‌ڵك یارمه‌تی داوە، دواتر چووەتە هۆتێلێکی هەرزانبەها، هەرچەندە خاوەنی مووچەیەکی خانه‌نشینییه، بەڵام کەس نەیگرتوەتە خۆی، ئەو وتی "دو كچ‌و دو كوڕی گه‌وره‌م هه‌یە، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن‌و نایه‌ن به‌لامدا، ئه‌وان منیان ناوێت، کە کەوتیت کەس تۆی ناوێ‌و هەموو دنیا پشتت تێدەکات".
وتیشی "تکام وایە ئەوەی کە دایک‌و باوکی هەیە قەت وا نەکات بکەوێتە خانەی بەساڵاچووان‌و تا دەتوانن خزمەتییان بکەن، چونکە خۆشترین شت بۆ مرۆڤ ئەوەیە لەماڵی خۆیدا بژی".
پیریی، خەمێکی گەورەی زۆرێک لەهاوڵاتیانی کوردستانە، لەبەرئەوەی كێشەو گرفتە تەندروستی‌و داراییەكانی لەگەڵ تێپەڕینی تەمەن زیاد دەكەن، مرۆڤ كە پیردەبێت توشی چەندین كێشەو گرفت دەبێت، یەكێك لەو گرفتانەی كە زۆر رەنگی داوەتەوە لەناو بەساڵاچواندا گرفتی دەرونی‌و لەبیرچونەوەو نەگونجانە.
عەبدوڵا (ناوێکی خوازراوە)، یەکێکە لەدەیان مرۆڤی دڵشکاو کە کۆتایی تەمەنیان بەسەرو ریشی سپییەوە بێ نازو بەنابەدڵ لەخانەی بەساڵاچوواندا بەسەردەبەن، سکاڵا لەدەست ئەوە دەکات کە بەهەزار قوڕبەسەری‌و نەهامەتی مناڵەکانی بەخێو کردووەو گەورەی کردوون‌و ئەوانیش لەکۆتایی تەمەندا کە نەخۆش کەوتووە، ئامادە نەبوون خزمەت‌و بەخێوی بکەن، ئەو وتی "چ ڕۆژگارێکە تێیکەوتووین، نزیکترین کەسەکانیشت ئەوەندە دڵڕەق‌و بێ ویژدانن کە بەزەییان پێدا نایەتەوەو بێوەفان بەرامبەر بەدایک‌و باوکیشیان‌و پشتیان تێدەکەن".
وتیشی "دوو کوڕ‌و سێ کچم هەن، کە خانووەکەیان پێفرۆشتم‌و لەبەینی خۆیاندا بەشیان کرد، هەر رۆژەو ئەمیان ئەیناردم بۆ لای ئەوو هەر یەکەو خوا خوای بوو بمدا بەویتریان‌و تا لەکۆتاییدا لەکۆڵ خۆیان کردمەوەو فڕێیان دامە خانەی بەساڵاچووان، کە بیر دەکەمەوە چەند ئازاربەخشە سەڕەرای ئەم هەموو راکەراک‌و ساردی و گەرمییەی ڕۆژگار لەپێناو ئەوان، ئێستا کۆتایی فیلمەکەم بەبێکەسی لێرەدا دەمرم، لەکاتێکدا خۆشترین شوێن‌و بەهەشتی دنیا، ماڵەکەی خۆتە".
بەپێی لێدوانی کارمەندانی خانەی بەساڵاچووان لەسلێمانی‌و هەولێر بۆ ئاوێنە "کەسانی بەتەمەن لەدادگاكانەوە ڕەوانە دەكرێن بۆ خانه‌ی به‌ساڵاچوان بەپێی یاسای ژمارە(٢) ساڵی ٢٠١٣ كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە. ڕەگەزی نێر دەبێت تەمەنی لە٦٠ ساڵ كەمتر نەبێت‌و بۆ ڕەگەزی مێ لە ٥٥، هەروەها نابێت هیچ نەخۆشییەكی گواستراوەیان هەبێت‌و حاڵەتی دەرونییان باش بێت. دەبێط کەسی بەساڵاچوو خەڵکی ھەرێمی کوردستان‌و عێراق بێت، ئەگەر ئەم مەرجانەی تیادا بێت، شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین دەکرێت‌و سوودمەند دەبن لەسەرجەم خزمەتگوزارییەکان".
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژانە ژمارەیەك لەهاوڵاتیانی بەتەمەن ڕوودەكەنە خانەی بەساڵاچوان تا لەخانەکە بمێننەوە، كە زۆربەیان لەماڵەوە بێزار بوون‌و لەگەڵ خێزانەكانیاندا دەنگیان دەرهاتووە یاخود تەنگیان پێهەڵچنراوە.
شەرمن عەبدولکەریم، توێژەری کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکات کە مرۆڤی بەتەمەن دڵی وەک مندال ناسک دەبێتەوەو پێویستی بەسۆزو رێز‌و خۆشەویستی خێزان‌و کەسە نزیک‌و دەوروبەرەکەیەتی، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆر کەسی بەساڵاچوو هەر بەپێوەو بەزیندووی دەمرن، لەبەرئەوەی پشتگوێ‌و فەرامۆش دەکرێن، بەتایبەتی لەدنیای ئەمڕۆدا کە نقومی مادیات بووەو پارەو خۆشگوزەرانی لەسەروو هەموو بەهایەکی ئەخلاقییەوەیە، ئێستا مرۆڤەکان ئەوەندە خۆپەرست‌و گۆڕاون کە نەک رێز لەدەوروبەر، بەڵکو خۆشەویستی‌و رێز بۆ باوک‌و دایکیشیان دانانێن، فڕێیان دەدەنە خانەی بەساڵاچووانەوە، کە بەلای زۆرێکیانەوە گۆڕستانێکی بێدەنگە".
وتیشی "پێویستە گرنگییەکی زیاتر بەخانەی بەساڵاچووان بدرێت هەم لەلایەن حکومەتی هەرێم‌و هەم خێرخوازانی کەرتی تایبەتەوە، لەڕووی شوین‌و خواردن‌و دەرفەتی کات بەسەربردنەوە، کە لەو تەمەنەدا پێویستیان بەگەشتکردنەو بۆ ئەوەی هەست بەئاسوودەیی بکەن، وا چاکە هەفتانە گەشتیان پێبکەن‌و بەچاودێری‌و ڕێنمایی بجوڵێن‌و بچنە شوێنە گشتییەکان".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات