"چیاو نمای نەوشیروان مستەفا دەستبەرداری گۆڕان نابن"
  2026-02-27       1269       
گردەکەی زەرگەتەو کارگەی ئاسن‌و سۆپەرمارکێتی سەفرە، موڵکی تایبەتی کورەکانی نەوشیروان مستەفاوەن

ئا: مەزهەر کەریم

 

دابەشبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەر "گردەکەی زەرگەتە"و "گەڕەکی کوردسات"دا، دۆخێکی پر لەململانێی لەناو گۆڕانخوازەکاندا دروستکردووە، باڵی کوردسات دەڵێت "باسی سەروەت‌و سامانی گۆران ھەڵدەگرین بۆ کۆبونەوەی چڤاتی گشتی نوێی بزوتنەوەی گۆران"، ئەندامێکی باڵی گردەکەی زەرگەتەش دەڵێت "ئەوانەی ئێستا لەکوردساتن داوای نیوەی ئەو سەروەت‌و سامانەیان کردووە کە ھی گۆڕانە".

 

گۆڕانی کوردسات: ئێمە زۆرینەو ئەوان کەمینەن

رۆڤان سەروەت، رێگە پێدراوی گشتی بزوتنەوەی گۆران لەباڵی کوردسات بەئاوێنەی وت "ئەو کۆنفرانسەی لە١٦ی شوبات لەکەرکوک کرا، ھی ھەموو گۆڕان بوو بەبێ جیاوازی، ژمارەی بەشداربووان ٢١٣٢ کەس بوو، بۆ یەکەمجارە کۆمسیارێک کە جێگری سەرۆکی کۆمسیارانەو سیفەتی قازی ھەیە سەرپەرشتی کۆنفرانسەکەی کردووە، لەدوای کۆنفرانسەکەش رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران بەھەموو لایەکی وتووە: ئەوەی براوەیە گۆڕانەو ھیچ کەسێک دۆڕاوو براوە نیە".

رۆڤان ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا رێکخەری گشتی دەرگای بەرووی ھەموو گۆڕانخوازاندا کردۆتەوە، ئەو وتی "باسی سەروەت و سامانی گۆڕان ھەڵدەگرین بۆ کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، کە لەدوای ١٦ی شوبات‌و بەستنی کۆنفرانس جڤاتەکە کۆنەبووەتەوە، لەدوای کۆبونەوەکە خەتی گشتی بزوتنەوەکە دادەڕێژین تا بزانرێت بۆ ئایندە چی دەکرێت لەسەر ئاستی حکومەتی خۆجێی‌و لەسەر پێکھێنانی ھاوپەیمانی‌و بەشداریمان".

وتیشی "لەکۆنفرانسی ئەمجارەدا، ٢٥٣ دەنگمان لەھاوڕێیانی دیکەمان زیاتر بووە، لە ھەردوو جارەکەی دیکەی کۆنفرانسەکانی دیکە کە لەسلێمانی کراون، ١٠٠ بۆ ٢٠٠ دەنگمان زیاتر بووە، ئەمەش عورفێکی دیموکراسیەو دەبێت قبوڵی بکەن، ئەوان دان بەکەمینەیی خۆیاندا نانێن، بەڵام ئەوانیش براوەن لەگەڵماندا، پێمانخۆشە پێکەوە کاربکەین تا گۆڕان لەم قۆناغە قورسەدا کە ھەستانەوەیە، پێکەوە دەرباز بکەین".

 

گۆڕانی زەرگەتە: گۆڕان نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار قەرزارە

عەبدوڕەحمان ئەبوبەکر، ئەندامی ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردەکەی زەرگەتە، بەئاوێنەی وت "ئەوەی لە١٦ی شوبات کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەرێگەی دادوەر عومەر کە یەکێتیە کۆنفرانسێکی سەپاندووە بەسەرماندا، بەواسیتەو دەستێوەردانی پارتی‌و یەکێتی لەکەرکوک ئەنجام درا رەتدەکەینەوە، پێشتر دوو کۆنفرانس لەسلێمانی کران رێگریمان کرد، چونکە ئەو کەسانەی بوون بەپارتی‌و یەکێتی‌و ھاتونەتەوە ناو گۆڕان‌و بەشداربوون، لەگەڵ ئەمەشدا ساختەکارییەکی زۆر کرا لەکۆنفرانسدا، رێژەیەکی زۆر لەژنان تێیدا بەشداربوون، کە لەدەستەی گشتی بووتنەوەی گۆڕاندا شتی وەھا نیە".

عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان تانە دەدەن لەکۆنفرانسەکەو رەتی دەکەنەوە، ئەو وتی "ھێزە ئەمنیەکان‌و ئاسایش‌و کۆمسیۆن ھاوکارێکی باشی گۆڕانی کوردسات بوون، ئاسانکارییان بۆ کردوون، بەڵام زیاتر لەپەنجا کەس کە لەدەستەی دامەزرێنەری گۆڕان بوون نەکرانە ژوورەوە، لەگەڵ ئێمە بوون، ئێمە لە ٢٦ مەکۆ ١٨ مەکۆمان بردۆتەوە لە قەزاو ناحیەکان، نوێنەری ژنانمان بردۆتەوە، سەرۆکی چڤاتی گشتی لای ئێمەیە، ٢١ ئەندامی جڤات لای ئێمەیە".

وتیشی "ئەگەر تانەکەمان رەتکرایەوە قبووڵی ناکەین‌و سوپرایزمان دەبێت‌و رازی نابین، گردی زەرگەتە ھەیە ھەموو پێداویستیەکی ئەوەی تێدایە تا بەردەوام بین‌و رێکخراوێکی سیاسی دروست بکەین، ئەگەرچی تا ئێستا کوڕەکانی کاک نەوشیروان مستەفا، نماو چیا پلانێکی لەو جۆرەیان باس نەکردووە، بەڵام ناشیانەوێت دەستبەرداری گۆڕان بن‌و ئەوەندەش قسە بەباوکیان بوترێت".

سەبارەت بەوەش کە دەوترێت باڵی زەرگەتەی گۆڕان دەچنە ناو "رەوتی ھەڵوێست"ەوە، عەبدولرەحمان وتی "ئەو ھاوڕێیانەمان کە ئێستا لەگردەکەین ھەرگیز بیرمان لەوە نەکردۆتەوە ببین بەیەک حیزب لەگەڵ رەوتی هەڵوێست، ئەوەی دەوترێت راست نیە. بەڵام لەدوایی ئەوەی یەکلا دەبینەوە لەگەڵ گۆڕانی کوردسات، ئەوکات رێگاکان لەبەردەمان کراوەن، کە ئاخۆ حیزبێک دروست دەکەین یان لەگەڵ رەوتی ھەڵوێست یەکدەگرین یان نا، بەڵام تا ئێستا بەرنامەیەکی دیاریکراومان نیە".

لەبارەی چارەنوسی گردەکەی زەرگەتەو ئەو سەروەت‌و سامانەی بزووتنەوەی گۆران ھەیەتی چی بەسەردێت، عەبدولرەمان وتی "گۆڕان چەند بینایەکی مەکۆی ھەیە کە لەھەولێرو دھۆک‌و چەمچەماڵ‌و کەلارن، لەگەڵ چەند ئۆتۆمبیلێک کە نرخەکەیان نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار دەبێت"

وتیشی "بەڵام گردەکەی زەرگەتەو کارگەی ئاسن‌و سۆپەرمارکێتەکەی میترۆی جاران‌و سەفرەی ئێستا، ئەوە موڵکی تایبەتن‌و بەناوی کورەکانی کاک نەوشیروان مستەفاوەن، لەسەردەمانێکدا وەرگیراوە گۆڕان ھەر نەبووە لەساڵی ٢٠٠٦دا".

ئەوەش رووندەکاتەوە کە کاتی خۆی ئەوانەی ئێستالە کوردساتن پێیانوتون ناوی گۆڕانیان ناوێت، بەڵکو داوای نیوەی ئەو سەروەت‌و سامانەیان کردووە کە هی گۆڕانە، ئەو وتی "واتە ویستیان ناوی گۆڕان بە ئێمە بفرۆشنەوە لەبەرامبەر نیوەی موڵک‌و سامانی بزوتنەوەکەدا، ئێمەش وتمان باشە بەس دەبێت ئەو قەرزانەی لێبدرێتەوە کە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار دەبێت، لەپارەی ئاوو کارەباو کارمەند، بەڵام ئەوانەی کوردسات بەوە رازیی نابن‌و دەڵێن ئێمە ئەوە ناکەین‌و قەرز نادەینەوە".

وتیشی "ئەوکات گۆڕانی کوردسات دروست بوو، ویستمان تەلەفزیۆنی کەی ئێن ئێن دابخەین کە لای دلێر عەبدولخالق بوو، بەڵام نماو چیا وتیان با خەڵک نانبڕاو نەبێت‌و تەلەفزیۆنەکە بەردەوام بێت، تەلەفزیۆنەکە مایەوە، ئێستا لای ئەوانە، کە لەناو بینایی چاودێری دارایدایەو وەک باس دەکرێت دەدرێتەوە بەحکومەت، ئێستا تەنیا سایتێکمان هەیە، کە سایتی "سبەی"یەو ھی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفایە، ھی گۆڕان نییەو ئەھلییە".

 

یەکێتی: ئەوان کێشە ناوخۆیەکانی خۆیان پێچارەسەر نەکرێت چی پەیوەندی بەئێمەوەیە

محەمەد تەها قادر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە  دەستتێوەردان کراوە لەناو گۆڕان، بەئاوێنەی وت "ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، کاتێک ئەوان ٢٥ کورسیان ھەبووە، یەکێتی دەستێوەردانی نەکردوە سەرەڕای جیاوازی سیاسیمان، جا چ جایی ئێستا کە یەک کورسیان ھەیە، ئەوان کێشە ناوخۆیەکانی خۆیان گەر پێچارەسەر نەکرێت چی پەیوەندی بەیەکێتیەوە ھەیە".

وتیشی "ئەوەی لەکۆنفرانسەکەدا ھەڵبژێردراوەو براوە بووە، ئێمە وەک یەکێتی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، دەمانەوێت ئەوان بۆ خۆیان ھەردوو باڵی گردەکەو کوردسات رێک بکەون‌و یەکێتی وەک حیزبێک مامەڵەیان لەگەڵ بکات، کە زۆرجار یەکێتی لایەنی خێربووەو پێی باش بووە کێشەو گرفتەکانیان چارەسەر بکەن‌و ناکۆکیەکانیان وەلابنێن، چونکە ئێمە مەبەستمانە لەسنووری سلێمانی حیزبەکان کەمترین کێشەیان ھەبێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×