2026-03-01   235     
فردریک نیتچە
نووسینی: سوھەیل ئەلقش
وەرگێڕانی: سامان عەلی
پەیوەندیی فەیلەسووف لەگەڵ دەسەڵات، وەک دێرینیی فەلسەفە خۆی دێرینە. بە واتای ئەوەی بۆ ڕۆژگارێک دەگەڕێتەوە، ھەندێک فەیلەسووف بڕیاریاندا دەست لەو شتانە وەربدەن کە پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە و، ئەویش دەربڕینی جیھانە بە وشە، وەک قەرەبووکردنەوەیەکی دەسەوسانییان لە بەجێھێنانی ئەم کارەدا بە کردار. بەم ھۆیەوە فەیلەسووفەکان ھاودەمیی ئەو شاعیرانەیان کرد، کە خەمی جیھانی نوێیان لە کۆڵ ناوە، جیھانێکی بێبەش لە ڕەھەندی ئایینی، لەو کاتەوە کە "خودا کوژرا". بەر لەوەی بپرسرێت: "سوودی شاعیرەکان لە تەنگانەدا چییە؟" کە ھۆڵدەرلین لە شیوەننامەی "نان و شەراب"دا پرسیاری کردووە، پرسیارێکی دیکە ھەبوو دەیپرسی: "سوودی فەیلەسووفەکان لە لێقەوماندا چییە؟". نە ھەوڵی ئەفلاتۆن لەپێناو وازیکردنی ڕۆڵێکی سیاسیدا- ھەرچەندە لە سایەی فەرمانڕەوای سەرقوسیی ستەمکاریشدا بێت- ھەروەھا نە ئەو ئامۆژگارییانەی ئەرستۆ ئامۆژگاریی ئەسکەندەری مەکەدۆنی دەکردن، دوو دۆخی لە چەشنی خۆیان دەگمەنن لە مێژوودا. چونکە فەلسەفە، لەم ڕووەوە شیعریش بە ھەمان شێوە و، شایانی باسە لەو ساتەوەختەوە کە ئیتر ئاسمان قڕوقەپ دەکات، لە داھێنانەوەی جیھان بە وشە دەکەوێت، کە یەکێک بوو لە مافە تایبەتییەکانی خواپارێزیی.
ھاوکات "مردنی خودا"، بەو چەشنەی نیتچە دەستنیشانی کردووە، تەنھا بووە مایەی گۆڕانی مرۆڤەکان بۆ کەسانێکی پەرتەوازە و لە یەکدی گۆشەگیری وەک گەردیلەکان، کە سەختە لە لایان زمانێکی ھاوبەش بدۆزنەوە. لەم کاتەدا شاعیر و فەیلەسووفەکان ئەرکی کۆکردنەوەی ئەم گەردیلە مرۆییە لە خۆپەرستیی سەربەخۆ چنراوانەیان لە ئەستۆی خۆیان گرت و، گفتی نیشتەجێکردنیان لەناو مێژوویەکدا پێ بەخشی، دەتوانێت لە لێقەومان و تەنگانەی جیھان بیپارێزێت. لەم سەروبەندەدا ئەگەر ئێمە قەرزداری ئەپیکتیتۆسین بۆ ئەو جیاکارییە گرنگەی لە نێوان "تەنھایی" (کۆبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ خۆی و منی خۆیدا) و "تەنگانە" (لەدەستدانی گوتاری ھاوبەش لەگەڵ ئەوانی دیکەدا) کردوویەتی، پێویستە ھەروەھا ددان بە قەرزدارییمان بۆ ئێرنست یۆنگەر و فەیلەسووفانی ڕەخنەکاری نوێگەرییشدا بنێین، کە پەیوەندیی نێوان "مردنی خودا" و ھەڵکشانی تەکنەلۆژیایان ڕووناک کردەوە، کە لە لایەک بواری بە فەیلەسووفدا خەون بە چالاکی و ھەڵسوڕانی سیاسییەوە ببینێت و، لە لایەکی دیکەوە بواری بە شاعیردا لە کن دەسەڵات ببێت بە خزمەتکار.
ئەی سەبارەت بە فەیلەسووفی عەرەبی چی؟
ئەگەر فەیلەسووف لە خۆرئاوا شایەدی "مردنی خودا"یە، لەبەر ئەوەیە ئەم مردنە ئەنجامی زانست و تەکنەلۆژیایە کە لە ڕوانگەی ئەرێنیخوازیی خۆیاندا شوێنی میتافیزیکیان نەکردەوە. ھەرچی سەبارەت بە فەیلەسووفی عەرەبی ھەیە، لە ھەڵوێستێکی تەواو ڕیشەییدا لەو فەیلەسووفە خۆرئاواییە جیاوازە کە ئەمەیە: خوداکان لە خۆرھەڵات لە دایک دەبن، بەڵام ھەرگیز نامرن. ئەم سەرنجەش، لە باریدایە ئەو پێدراوانە بە تەواوی بگۆڕێت، کە چارەنووسی تراژیدیی فەلسەفە و ھونەریان لە خۆرئاوا دەستنیشان کرد.