یەکێک لەدەنگە کاریگەرەکانی ئەڵمانیا لەجیهاندا بێدەنگ بوو: یۆرگن هابەرماس کۆچی دوایی کرد
  2026-03-15       329       

ئا: ئاوێنە


یەکێک لەبیرمەندە گرنگەکانی سەردەمی ئێمە، فەیلەسوف و کۆمەڵناس "یۆرگن هابەرماس"  لەتەمەنی ٩٦ ساڵیدا لە شاری ستارنبێرگ کۆچی دوایی کرد.

 

بەرهەمەکانی هابەرماس کۆمەڵێک لەزانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە - فەلسەفە، ئەخلاق، تیۆرەکانی کۆمەڵناسی، تیۆری سیاسی، یاسا و تیۆری یاسایی. ناوبراو لەساڵانی نەوەدەکانەوە چالاکانە بەشداری کردووە لەسەر ئەو پرسانەی کە خۆی بە "ئەخلاقی-سیاسی" پێناسەی دەکات.

هابرماس لە 18ی حوزەیرانی ساڵی 1929 لە شاری دوسلدۆرف لەدایک بووە، لە شارەکانی گۆتینگن، زیوریخ و بۆن، فەلسەفە، دەروونناسی، ئەدەب و ئابوری خوێندووە.

بەرهەمە سەرەکییەکانی لەشاری فرانکفۆرت ئام مەین نووسراون، لەوێ لە ساڵانی ١٩٥٠ لە پەیمانگای توێژینەوەی کۆمەڵایەتی وەک یاریدەدەری تیۆدۆر دبلیو ئادۆرنۆ دەستیپێکردووە.

هابرماس بە گرنگترین فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ئەڵمانیا دادەنرا.هابەرماس لە ساڵی ١٩٥٦ چووە پەیمانگای توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە فرانکفۆرت ئام مەین، لەوێ بوو بە بیرمەندێکی پێشەنگی بزووتنەوەی خوێندکاران، بەڵام ڕادیکاڵکردنی بزووتنەوەکەو مەیلی توندوتیژی لەنێو سەرکردەکانیدا ڕەتکردەوە. هابرماس باسی لە فاشیزمی چەپ کرد.

دوای چەند ساڵێک لە زانکۆی هایدلبێرگ، لە ساڵی ١٩٦٤دا کورسی فەلسەفە و کۆمەڵناسی ماکس هۆرکهایمەری لە زانکۆی فرانکفۆرت وەرگرت.

ئەو فەیلەسوفە لەساڵی 1971دا ڕووی لە ستارنبێرگ کرد کە نزیکە لە میونشن، لەوێ تا ساڵی 1981 سەرۆکایەتی پەیمانگای ماکس پلانک بۆ لێکۆڵینەوە کرد.

 لە ساڵی 1983 گەڕایەوە بۆ فرانکفۆرت و لەوێ دیسان پلەی پرۆفیسۆری لە فەلسەفەدا بەدەستهێناوە تا لە ساڵی 1994 خانەنشین بوو.

لە ساڵانی دواتردا کە لەستارنبێرگ بەسەری بردووە، لەسەر پرسگەلێکی وەک شەڕی کۆسۆڤۆو لێکۆڵینەوە لەمێشک‌و ململانێ ئایینییەکان‌و پرسی تیرۆرو دیموکراسی قسەی کردووە.

بابەتەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردووی نازییەکان لە سەرەتای کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیاوە تا پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و لێکەوتەکانی بۆ کۆمەڵگەی مۆدێرن. زیاتر لە ٥٠ کتێبی چاپ کردووە، کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی بێشومارو چەندین خەڵاتی بەناوبانگی ئەڵمانی‌و جیهانی پێبەخشراوە.

لساڵی ٢٠٢٥ بەرەنگاری گۆگڵ بۆوە، کاتێک ویستی ئامڕازێکی AI بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە"ئامێری هابەرماس" ناوببات، بەڵام ئەو ئەمەی ڕەتکردەوەو جەغتی لەوە کردەوە کە مەحاڵە چارەسەرکردنی ململانێکانی مرۆڤایەتی بدرێتە دەست ئامێرێک.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×