ئا: ئاوێنە
ئەنجلینا جولی نامەی کچێکی تەمەن ٢٦ ساڵانی خەڵکی غەززەی پێگەیشت کە لەهێرشەکانی ئیسرائیلدا باوکی لەدەستداوە.
ئەنجلینا جولی لە چوارچێوەی ئەرکێکی مرۆیی لە شاری ڕەفەح بوو. ئەو خانمە ئەکتەرە بەناوبانگە نامەیەکی خەمناکو دڵتەزێنی کچێکی تەمەن ٢٦ ساڵئ لەسۆشیال میدیای خۆی بڵاوکردەوە کەبۆی ناردووە.
ئەو خانمە ئەکتەرە دەڵێت "پێیوتم ژیانی ڕۆژانەی بۆ خۆیو خێزانەکەی و دراوسێکانی چۆنە، ویستم ئەوەتان لەگەڵدا بەش بکەم، هەرچەندە سەرنجمان بۆ ڕووداوە نائومێدکەرەکانی دیکە براوە کە لەجیهاندا ڕوودەدەن".
جولی ئاماژەی بەوە کردووە، کە کچەکە لەنامەکەیدا دەڵێت "لەشەڕەکانی پێشوودا پێمانوابوو گیان لەدەستدان یان مردن مەترسیدارترینو دڕندەترین شتە کە لەم وڵاتەدا بەسەر کەسێکدا بێت. ئێمە پێمانوابوو ئەمە بەرزترین ئاستی ئازارە و هیچ شتێک لەوە خراپتر نابێت. بەڵام لەم شەڕەدا بۆمان دەرکەوت کە شتێک لەمردن خراپترو بەئازارتر هەیە، ئەویش ئەوەیە بەردەوام بین لەژیان بەبێ ڕۆح، هەڵگری ئازارێکی قورس بەقەد ئەو هەموو تەنە چیمەنتۆی داڕوخاوانەی کە ڕۆژگارێک لەشارەکانماندا بەپێوە وەستابوون".
دەشڵێت "نزیکەی پێنج مانگ دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، ژیانی ئەمڕۆ لەغەززە تەنها ئەوە نییە کە لەبۆردومانەکان ڕزگارمان بووە، بەڵکو زنجیرەیەک وردەکاریی ماندووکردنە کە لە ساتەوەختی بەخەبەرهاتنمانەوە بەدوای ئێمەدا دێت، شتە بچووکەکان کە لەڕابردوودا ئاسایی بوون، ئێستا لەڕادەبەدەر قورسو گران بوون، لەکەمپە قەرەباڵغە خنکێنەرەکاندا، چیرۆکەکە لەبەیانییەوە دەست پێدەکات، کە خەڵک لەگەڵ لەبری جریوەی پاسارییەکان، بەژاوەژاوی بێوچانی هاوارکردنی منداڵان و گەورەکان لەخەو هەڵدەستن، لەکاتێکدا لەڕیزەکاندا چاوەڕێی سەرەی ئاو دەکەن. دوای ئەوەی ئاویان دەست دەکەوێت، بۆ مەودایەکی دوورودرێژ لەژێر خۆرەتاوی گەرم یان سەرماو کڕێوەدا لەسەر شانو سەریان هەڵیدەگرن. پاشان ریزێکی سەرەگرتن لەبەردەم چێشتخانەکانی یارمەتییە مرۆییەکاندا هەیە، کە وەرگرتنی بەشە خۆراکێک بەسە بۆ پاراستنی منداڵێک لەبرسێتی. ئەو منداڵانەی لەبیریان چۆتەوە قوتابخانە چۆنە، یان گرتنی قەڵەم یان وێنەکێشان چۆنە. خەونەکانیان سنووردار بووە بەوەرگرتنی لیترێک ئاو یان ژەمە خواردنێک".
