سمکۆ ناکام جێی ھێشتین 
  2026-04-05       869       

کاروان چێوار

 

بۆ کۆچی ئەبەدی نوسەرە گەورەکەی کورد "سمکۆ ناکام"

 

ئەو نوسەرەی لەخولە چەخماخەوە پێی وتین ، دنیا ئەم دوو خولەیە بەڕێوەی دەباتHو ھەمیشە ئەم دوانە خەڵکانی چڵێس بەشوێنیانەوەن بەدڵی خۆیان ژیان وێران دەکەن . 
سمکۆ ناکامی بەیتی ڕێزانکێ شانۆی مناڵان 
سمکۆ ناکامی گوڵە مێخەک وانەی جوانی و ھەڵوێست و مرۆڤایەتی 
سمکۆی داپیرەی دانا 
سمکۆی لانەوازانی خەڵکانی بێ لانەو زەحمەتکێش ئەم دنیایەی جێ ھێشت 
سمکۆی نوسەری گوڵ عومەری مێژوی نەتەوەیەک سەفەری کرد بۆ ئەبەد. 

ڕەنگە ئێستا لەگەڵ چێوارو کەمال سابیرو دڵشاد مەریوانی سەرقاڵی شانۆیەکی نوێ بن سەبارەت بەم ژیانە کورت و دژوارە. بەناوی "لەبەھەشتەوە مەرحەباتان لێ بێت"
سمکۆی کوڕی سەعید ناکامی نوسەر جێی ھێشتین 
سمکۆی برای پشکۆی ھونەرمەندو ئەکتەر ڕۆشت و ئێمەی جێ ھێشت بۆ ھەتا ھەتا... 

ئەم خێزانە بەھرەمەندەو بیرمەندە ئەشێت لەجوگرافیایەکی ھەڵە ھاتبێتنە نێو ژیانەوە. ئەگەر لەجوگرافیایەکی تر بونایە ئێستا دەبوونە جێی فەخری ئەدەب و ھونەری ئەو وڵات و نەتەوەیە. 
سمکۆی ھاوڕێی عوسمان چێوار ئەمڕۆ وادەی یەکتر بینینیان لەگەڵ یەک ھەبوو لەم دیدارەدا زۆر شت باس دەکەن ھەروەک جارانیان ھەندێک قسە مابوو پێکەوە بیکەن تەواوی دەکەن. 
سمکۆ ناکام تێگەشتنی بۆ ژیان تێگەشتنێکی قوڵی ھەبوو ئەشێت ھەموو نوسەرو ھونەرمەندێک پەی بەو تێگەشتنە نەبەن و لێشی تێ نەگەن. چونکە ئەو لەڕستەیەکی سادە، بەڵام قوڵی نێو نوسینەکانی ئاشنای دەکردین بەوەی کە لەژیان چی دەگوزەرێت . 
ئەوەندە بیرمەندو ڕۆشنبیرو خاوەن ھەڵوێست بوو وەک بڵێی خوا ڕۆژێکی بۆ تەکوینی مێشکی  ئەم تەرخان کردبێت و بۆیە ئەشێت نوسەرو ھونەرمەندی تر ئەم بەشە لەبیرو ھەڵوێستەیان بەرنەکەوتبێت. 
ناکامی ئازیز چنگێک تۆوی گوڵە مێخەک لەدەستمایەو لەگەڵ خۆت بیبە. گەر گوڵی گرت گوڵەکان بدە لەئێخەی ئازیزانت. گەر بۆنی گوڵەمێخەکەکەتان کرد یادی ئێمە بکەنەوە. 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×