ئەنوەر رەشەی عەوڵا
(لە ناکەس کارییا، خاکم بە سەر، ڕۆیی بە با عومرم
خودا… تۆ بمژیێنە تا لە بەر قاپی کەسێ دەمرم
بە زایع چوو لە ما لا یعنییا وەقتم ھەموو، یەعنی
دەبێ وەقتێ لە بوالوقتێ بخوازم دا تیا بمرم)
یەکێک لە شکۆدار و پێشڕەوانی شانۆ.. سمکۆ ناکام، ئەو رۆشنبیرو ھونەرمەندە گۆشەگیرە تاک و تەنیایەی بوو، بەماھییەتێکی «قەڵغانی ھونەرو ھونەرپەروەری» بەناکامی دواماڵئاوایی لێکردین.
ئەو لەو جۆرە توخمە رۆح ئەرخەوانی و دەگمەنانە بوو، بۆ ئەوەی پێگەی مرۆییانەی خۆی، لە نێو وێرانە و ڕەشاوی رۆژگاردا بدۆزێتەوە، ھەڵچنێتەوە، بە بێدەنگی… مژۆڵی ململانێ ناوەکییەکان و نیگەرانیی و خەرەندە قووڵە دەروونی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤی ئێمە بوو.
لەبەرئەوەی «مرۆڤە لانەوازەکانی» بەگۆشت و خوێنەوە دەبینین و ئاھو و ناڵەناڵ و ئازار و ژانەکانی دەبیستن، پەڕەی دڵی دەخوێندنەوە» بەو پێودانگانە، نەیدەتوانی لە پرانسیپەکانی خۆی دەربچێ و بشارێتەوە.
بەو «ڕابوونە رۆحییەوە» بوو، دەیویست خۆی، خۆی دیاری بکات و ھیچی تر.
بۆیە نەبوو وە نەیدەتوانی توخنی قاپی ئەو ئەقڵ و دوکان و بازاڕی دزێویی و نادادپەروەرییەی «خولە چەخماخە» تازە پیاکەوتووەکانی دەسەڵاتی خۆماڵی و ستەمکارییەکانی بەعس بکەوێ.
ھەڵبەت ئەم «ھەقیقەت و تێگەیشتن»ە رەوشی ھونەرمەندێکە؛ پەیمانی ئەبەدییانەی، لەگەڵ خۆی بەستبێ. ڕێبوارێک و گەڕاڵێک بێ، عاریفانە بۆ بەرکەماڵی ھونەرەکەی بژی.
ئەودەمەی ئیتر ھونەر بۆ ئەو دەروازەی ژیان و رەوشی ژیانکردن دەبێ.. ھونەر بۆ ئەو گوێھەڵخەر و گوێپێدەری رزگاریی راستەقینە دەبێ.
بۆ کەسی ھونەرپەروەر، ژیانی بێ ھونەر، پووچی پووچە.
چون ھونەر بۆ ھونەرمەند، ڕێگەیەکی ترە بۆ گەیشتنەوە بە خودە بزربووەکەی. ئا لەوێدایە ھونەر دەبێ بە ھەناسە.. و خوێنی ژیان.. و دروستکردنەوەی کەسایەتی.. و دەربڕینی باوەڕ.. و گەشەی ھەست..و ماکی رۆحێکی نوێ.
ئەم خودە رزگاربووەیە، ئەم بەھا رەسەن و نەبڕاوەی، ھونەرییەی پێ سەرفرازبوونەکەیەتی.
دیارە سەرفرازبوونیی ئەقڵ و دڵیش کە گوزارشت لە جەوھەری خۆی بکات بە پارە و پوڵ پێوانە دەکرێن نە دەکڕردرێن.
ھونەر بۆ ھونەرمەند: ویست و ھێزی وجودییانەی خۆیەتی. بۆ ژیانێکی سەردەمی و تازە.
کە پڕ بەبەری ژیانێکی بەژن زراڤ و لەرە لەرەی رۆحی و ھەناسەی ئازادییەکەی بێ.
ئا لەم دووڕێیانەدایە دەردەکەوێ: ھونەر وەک «غایەت/ ئامانجی کۆتایی» یانەخۆ ھونەر وەک «وەسیلە/ ئامڕاز »خزمەتی تۆ دەکات؟
یەکەمین.. ڕێگا ڕەوشت و ژیانە، کە ھۆشیاریی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و جوانناسیانە کانگا و پاشخانێتی.
دووەمیش… قەرەقۆزانە، ڕێگایەکی بازرگانی و ڕزگاری بوونە لە برسێتی بە ھونەرێکی حەرامزادەی ھەرزان!؟
ئەی روحی قەدر گران وەختە بڵێم: باش بوو ڕزگارت بوو لەم ئازارە زڕ و ھەرزانبەھایانەی رۆژگار.
تۆش سوێ و برینێکی خوێن لێڕۆییشتووی دیکەی وەک محەممەد عومەر عوسمان و ئومێد ئاشنا و عوسمان شەیدا و ھیدایەتی عەبدوڵا حەیران…. کێ و کێی تر بە جەستەی ئەم نیشتمان و شارە ڕێلێوێڵبووەوە!
ئارامشی روحیت، بۆ ھەرمان بە جوانییەکانی خۆتت دەسپێرم رۆحی بێباک و سەرفراز.