"داهێنەری راستەقینە هەرگیز نامرێت"
  2026-04-07       318       
سمکۆ ناکام

رێبین هەردی

 

دوێنێ هەواڵی کۆچی دوایی سمکۆ ناکام بڵاوبۆوە، یەکسەر گەڕامەوە بۆ هونەر و شانۆگەری حەفتاکان. من هەرگیز ڕووبەڕوو نەمدی بوو، تا چەند ساڵ لەمەوپێش و لە چایخانەی شەعب لەگەل مامۆستا رەئوف بینیم کە زۆر بە گەرمی باوەشیان کرد بە یەکدا و هەواڵی یەکیان پرسی. بە چرپە لە مامۆستا رەئوفم پرسی ئەوە کێ بوو. وتی سمکۆ ناکام.. هەر ناوەکەم گوێم لێ بوو من و ئاسۆسی برام لە جێی خۆمان هەستاین و بەگەرمی چوین بۆ لای تەوقەمان لەگەڵ کرد. داواشمان لێکرد شانازی وێنەگرتنێکمان پێ ببەخشێ. بەس کاتێک وێنەکەمان گرت ڕستەیەکی وت کە زۆر خەمباری کردم و لەکاتی هەواڵی کۆچکردنیدا هاتەوە یادم. سەیرێکی مامۆستا رەئوفی کرد و وتی وێنەی پێش مردنە. زۆر بەو قسەیە خەمناک بوین و داوای تەمەن درێژیمان بۆ خواست.

بڕوا ناکەم کەسێک هەبێت و کەمێک ئارەزوی ئەدەب و هونەری هەبێت ناوی نەبیستبێت..بەس بە تەنیا شانۆگەری خولە چەخماخە بەسە بۆ ئەوەی بزانین ئێمە لەبەردەم چ سیناریست و هونەرمەندێکی گەورەدا ڕاوەستاوین. ڕەنگە هیچ شانۆگەریەکیش وەک خولە چەخماخە کاری لەسەر ناساندنی سایکۆلۆجیای مرۆڤی ئێمە و ئەو بەها و نۆرمانە نەکردبێت کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا باڵادەستە.. چیرۆکێکی دانسقە کە لەڕێگەیەوە بە پێچەوانەی سەردەمەکەی و زۆر پێش هەمووان، نە قاڵبی سیاسی و پاڵەوانێتی و زوڵملێکراوی بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت، نە قسەی حەماسی و دروشمی بریقەدار دەخاتە سەر زاری کارەکتەرەکانی .خولە چەخماخە پیشاندای بێ ڕتوش و بێ پیاهەڵدان و بێ بەرگی ئایدۆلۆژیی بوونی ئێمەیە وەک خۆی. ڕێگەدانە بۆ ئەوەی وەک چۆن هەین دەرکەوین، نەک وەک چۆن پێویستی سیاسی و ئایددۆلۆژی دەیەوێت. لەراستیدا خولە چەخماخە ڕەخبەیەکی راستەوخۆیە لە هەموو ئەو چاوەڕوانی و ئەرک سیاسیانەی ئەو سەردەمە ئەدەب و هونەر لە خەڵکی داوا دەکرد. دەکرێت بڵێین خولە چەخماخە دەیوسیت بڵێ کۆمەڵگای ئێمە بەو جۆرە نیە کە دەتانەوێت و بەو جۆرە نیە کە وێنەی دەکێشن، بەڵکو کارەکتەر و سایکۆلجیایەکی هەیە تەواو ناکۆکە بەو چاوەڕوانیانە. کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگای ترس لە دەسەڵات و پڕ درۆ و نیفاقە کە دوورە لەو وێنەیەی دیدی ئایدۆلۆژی دروستی کردووە. گرنگی شانۆگەریەکەش ڕێک ئەمەیە. مومکین نیە بتوانی کۆمەڵگایەک بگۆڕێت و دەوری سیاسی ئازادیخوازانەی لێ داوا بکەیت، گەر پێشتر بە وردی نەتناسیبێت و نەزانیت خاوەن چ سایکۆلۆژیا و ج دیدێکە بۆ خۆی و دنیا. سمکۆ ناکام زۆر زۆر پێش سەردەمەکەی کەوت و هەوڵیدا کۆمەڵگا وەک خۆی ببینێت و بە چاویلەکەی سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە لێی نەڕوانێت. کارەکتەرەکانی ئەو پاڵەوان و نیشتیماپەروەرانە نەبوون کەلەخەێالی سیاسیەوە دێنەوە ناو تەختەی شانۆ، بەڵکو ئەو کەسە سادە و پڕ ترس و دڵەڕاوکێ و بێباکانە بوون کە لە واقعەوە دەهاتن. کارەکتەرەکانی بەهۆی زوڵم و ستەمی سیاسیەوە سەرکوت نەکرابوون، بەڵکو خەونی ژیانی ئارام و سادە و پڕ ترس و گومان پاڵنەری ڕەفتارەەکانیان بوو. سینارێۆکانی سمکۆ ناکام تابلۆی کۆمەڵگایەکی دەکێشا کە نەک وەک پاڵەوان دژی ستەم قوڵی لێ هەڵمالێوە، بەڵکو ئەو بەشە تاریکانە دەردەخات کە وادەکات دوور بێت لەوەی ببێتە پاڵەوان.

لەکاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خۆمان و هەموو کەسوکاری کاکە سمکۆ بەتایبەتی کاک پشکۆ دەکەم، هەزار درود بۆ گیانی ئەنێرم و ئەو قسەیە بە بیر دەهێنمەوە کە داهێنەری راستەقینە هەرگیز نامرێت و نەوە بە نەوە لەگەڵمان دەبێت، گەر بە جەستەش بە جێی هێشتبین. سمکۆ ناکامیش هەمیشە لەگەڵماندا دەبێت و بە کارە دانسقە و دەگمەنەکانی هەمیشە بە نەمری دەمینێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×