ئەم ژیاننامەیە کە نوسەرو شانۆکاری گەورەی کورد، سمکۆ ناکام بەر لەوەی بەیەکجاری چاوی لێکبنێت خۆی نووسیویەتی، تایبەت بۆ (ئاوێنە) نێردراوە.

مەڵکەندی ١٩٥٥
• پاش هەرەسهێنانی کۆماری مهاباد ١٩٤٦و لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد سێ مانگ پاشتر، ناکامی رۆژنامەنووسو هەڵسونێەری چاپخانەی کوردستان هەڵدێو لەگوندەکانی سەرسنووری نێوان ئێرانو عێراق خۆی بزر ئەکا. لەگوندی (کانییە رەش) کە ئەکەوێتە بەری رۆژهەڵاتەوە لە ١٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٥٠دا سمکۆ پێ ئەنێتە ئەم دنیاوە.



پۆلی یەکەمی سەرەتایی ١٩٥٧
• سمکۆ هەر لە سلێمانی گەورە دەبێو دەچێتە قوتابخانە.

• لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا سەراپای خێزانی ناکام ئەگیرێو ئەمنی عێراق نیازێتی بەرەو ئێران دووریان بخاتەوە. ئەم نۆبەرەکردنەی زیندان بۆ مندڵاێکی پێنج ساڵان ئەزموونێکی جێی سەرنجە.
• ساڵی ١٩٥٨، بۆ یەکەم جار بە شانۆ ئاشنا دەبێ، ئەویش بەوەی دەوری منداڵێ دەبینێ لەشانۆگەریی (تاوانی چی بوو)دا، کە بەرهەمی (کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان)و نووسینی مامۆستا (مستەفا ساڵح کەریم)و کارگێڕانی (قادر دیلان) بوو.
• ساڵی ١٩٦٠ پیلانی دوورخستنەوەی ناکامو ژنو منداڵەکانی بەرەو ئێران دەهێنرێتەوە بەر مەیدان. چەند مانگێ دەبنە میوانی گرتووخانەکانی ساواک. پاش گەڕانەوەیان بۆ عێراق سەراپایان دووردەخرێنەوە بەرەو ناسرییە. نزیکەی دوو ساڵ لەو خوارە. ئەم هەموو چەرمەسەرییە بە قانزاج نزیکتر ئەشکێتەوە: سمکۆ لە زمانی فارسی و عەرەبی نزیکتر دەبێتەوە.

لەگەڵ ناکامی باوکیدا لەبەغدا ساڵی ١٩٦٤
• پاش گەڕانەوە بۆ سلێمانی سمکۆ دەچێتەوە بەر خوێندنو تا پۆلی سێی ناوەندی بەردەوام دەبێت، بێ ئەوەی هەرگیز ئەم پۆلە ببڕێت.
• ساڵی ١٩٦٨ لەگەڵ شێرکۆی برایدا ئەبن بە پێشمەرگە. چەند ئیزگەیەکی جۆربەجۆر لەباڵەکایەتی، قەرەداخ، پێنجوین.. هتد. بەیاننامەی ١١ی ئازار لەگوندێکی هەقەکان لەنزیک کەرکووکەوە ئەبیسێ.


بەغدا ١٩٧٠
• لە ١٩٧١ پەیوەندی بە (کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی)یەوە لەسلێمانی دەکات دەبێتە ئەندامی. ئەمە ئەبێتە هەلێ بۆ ناسینو هاوڕێیایەتی پتەوکردن لەگەڵ گەلێ هاوکاری ساڵەکانی پاشتردا: تەها باراوی، مستەفا ئەحمەد، ئازاد حەمە پچکۆل، رەئوف حەسەن... هتد.
• لەگەڵ دامەزراندنی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردیدا ١٩٧٣، ئەبێتە یەکێ لەئەندامەکانی. یەکەم بەرهەمی ئەم تیپە (لانەوازان - ثامر مطر) سمکۆ لەعەرەبییەوە ئەیکوردێنێ.
چەخماخە لەگەڵ مستەفا ئەحمەدو عومەری کەریم ئاغا ١٩٧٣
• هەر هەمان ساڵ ئەو تیپە نووسینێکی سمکۆ بۆ یەکەم جار ئەباتە سەر شانۆ: چەخماخە.
• ساڵی ١٩٧٤ حکومەتی بەغدا ئەچێتەوە بەگژ بزوتنەوەی کورددا. سەرلەنوێ پێشمەرگایەتی. کردنەوەی ئێران بەڕووی پەنابەرانی کورددا
• لەعێراقدا هەلێ ئەبێ بۆ قووڵترکردنەوەی زانیاریەکانی دەربارەی زمانی فارسی.

زانکۆی سلێمانی ١٩٧٧
• لەگەڵ ئاشبەتاڵی ١٩٧٥دا، سمکۆ ئەگەڕێتەوە سلێمانی. لەزانکۆی سلێمانی ئەکەوێتە کارکردن.

• هەر هەمان ساڵ بەرهەمێکی تری سمکۆ ئەبریتە سەر شانۆ: رەجەبو پیاوخۆران.

لەگەڵ ستافی پاڵتۆ
• جگە لەچالاکیی لەتیپی پێشڕەودا بەنووسین، بەوەرگێڕان، بەئامادەکردن، یا بەوردە ئەرکی ترەوە، سمکۆ لەگەڵ هاوڕێکانیدا چێوار (کارگێڕان)، دلێر ئیبراهیمو سەلاح رەئوف (مۆسیقا) ئەکەونە تاقیکردنەوە لە بواری شانۆی منداڵان (١٩٧٦ – ١٩٧٨)

لارۆشێل - فەرەنسا ١٩٨١
• لەناوەڕاستی ١٩٧٩دا سمکۆ عێراق جێدێڵێ بەرەو فەرەنساو لەوێ وەک پەنابەرێ بەرەسمی ئەناسرێ.
• ١٩٨٤ شەش مانگێ لە سوێد.

سالۆنیکی یۆنان ١٩٨٦
• ١٩٨٥ – ١٩٨٦ نیو ساڵێ لەیۆنان.

لەگەڵ کوڕەکەیدا (تیمۆ)ی تەمەن یەک رۆژ ٤ی ٣ی ١٩٩٢
• ساڵی ١٩٨٦ سمکۆ فەرەنسا بەیەجگاری جێدێڵێ بەرەو ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی لەوێ لەگەڵ (ئیرێنێ)ی کچە هاوڕێیدا ژیانێکی هاوبەش بخەنە گەڕ. لەم پەیوەندییە لە٣ی مارتی ١٩٩٢دا (تیمۆ)ی کوڕیان ئەبێ لەدایک.


• رۆژی ئەمڕۆ سمکۆ تەقاویتە.