دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
دوای ئەوەی زیاتر لەهەفتەیەک بوو پەیوەندیمان نەمابوو لەنیوەڕۆی پێنجی ئەم مانگەدا (٥/نیسانی/٢٠٢٦)دا خاتوو شەرمن ناکامی خوشکی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە هەواڵی ئەو کۆستەی پێگەیاندم (مەرگی سمکۆ ناکامی مەزن)، بۆ ماوەیەک ڕوناکی لەبیناییمدا نەما ئەژنۆکانم لەجوڵە کەوت، پاش ئەوەی بیروهۆشم ڕادستی قەدەر کرد یادەوەیەکانمم هێنایەوە بەرچاوم، بەخۆمم وت کاکە سمکۆ هەر بەجەستە جێی هێشتوم، ڕۆحی پیرۆزی هەر بەسەر سەرمەوەیە.
کاکە دڵنیابە ئامۆژگاریەکانت، دایەلۆکی شانۆگەریەکانت، نوسینەکانت، ڕاسپاردەکانت هەمویان ئەبنە ڕوناکی بۆ ڕێگامان بۆ دڵو دەرونمان، هەرچەندە کۆچی دڵتەزێنت هەندێ دەمامکی تری بۆ لابردم، هەندێ ڕوو پێش دوا ماڵئاواییت بەسپی دەر ئەکەوتن، بەڵام کە تۆ کۆچتکردو دەمامک کەوتە خوارەوە، ئەبینم ڕەشن! سەیرە تا لەژیاندا بووی ئەگەر لای هەندێ کەس باسم بکردیتایە یان بێدەنگ ئەوبون یان خۆیان ئەخڵافان، ئێستاش کە ئەزانن بۆ هەمیشە دنیات جێ هێشت سنگ ئەبەنە پێشەوەو بەکەناڵەکانی تی ڤی ئەڵێن نهێنیەکانی سمکۆ ناکام لەهەگبەکەی ئێمەدایە، یان سۆشیال میدیا پڕئەکەن لەباسی پەیوەندیان بەناکامی مەزنەوە، چونکە مەعافەو هیچی تێناچێ، جا کاکە بێنازەکەم هاوڕێ ئازیزەکەم دوای ڕۆشتنتنی یەکجارەکیت هیچم لەدەست نایە جگە لەشێوەنێکی کپی ناو ناخی خۆم، بنو مامۆستا ئازیزەکەم، هاوڕی بەئەمەکەکەم، دڵنیام یۆرۆیەکت لەماڵی دنیا لەدوا بەجێنەماوە، بەڵام دایەلۆکەکانی شانۆگەریەکانت گەورەترین سەروەتە کە نیو سەدەیە کۆن نەبونو بوەتە ویردی سەر زمانی نەوەو لەدوای نەوە.
ڕۆحت شاد هاوڕێ گۆر غەریبەکەم.