ئا: مەزهەر کەریم
پارتیو یەکێتی تا ئێستا لەسەر "کاندیدێک" بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوونو هەریەکەو کاندیدی خۆیان هەیە، یەکێتیو زۆربەی لایەنەکان پەلەیانە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ سەرۆککۆمار ئەنجامبدرێو پارتیش دەڵێت "ههوڵدان بۆ سهپاندنی ئەو بڕیارە دهبێته مایهی لێكترازانی قوڵتری عێراق".
نزیکەی ٥ مانگ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومونی نوێنەرانی عێراقداو تا ئێستا جگە لەسەرۆکی پەرلەمان، نەسەرۆککۆمار هەڵبژێردراوەو نەسەرۆک وەزیران، بەمەرجێک بەپێی دەستوری عێراق، دەبێت لەماوەی ٣٠ ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێتو سەرۆکی پەرلەمانیش لەکۆتایی ساڵی رابردووەوە هەڵبژێردراوە.
"لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، ماڵی شیعی دووبەرەیە"
شوان داودی، کە خۆی بەربژێر کردووە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراقو یەکێکە لەو حەڤدە کاندیدەی کێبڕکێیانە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، سەبارەت بەدواخستنی وادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەئاوێنەی وت "داواکراوە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبونەوە بکات، بەڵام ماڵی شیعی دووبەرەیە، بەرەیەکیان لەگەڵ ئەوەدایە کۆبوونەوەکە بکرێت، بەرەیەکیشیان لەگەڵی نیە، ماڵی کوردیش بەرەیەکی لەگەڵیدایەو بەرەیەکی لەگەڵیدا نیە".
وتیشی "لەوتاری یەکێتیدا کێشەیەک دەبینم، لەسەرەتای شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێران سەرۆکی یەکێتی راگەیاندێکی بڵاوکردەوە داوای یەکڕیزیی کوردی دەکرد، چۆن دەبێت ئێستا بەبێ یەکڕیزی کورد ئیمزایان کردووە لەئەنجومەنی نوێنەران بەشداربنو پرسی سەرۆک کۆمار یەکلابکەنەوە، کە رۆژانە کوردستان بۆردومان دەکرێتو شەڕێکی گەورە لەناوچەکەدایە کە ئەمە زیان بەکورد دەگەیەنێت، بۆخۆم ئەوەم زۆر بەلاوە سەیرە کە برادەرانی یەکێتی بۆ ئەوە دەکەن! سونەکان بەھەموو ناکۆکیەکانی خۆیان پێکەوە لەئەنجومەنێکدا قەراریان داوە کێ سەرۆکی پەرلەمان بێت، شیعەکان لەڕێگەی چوارچێوەی شیعیەوە کاندیدیان دەستنیشان کردووە".
شوان داودی ئاماژە بەخراپی یەکڕێزی کورد دەکات لەبەغداو وتی "خۆزگە پارتی، یەکێتی بگەشتنایەتە رێکەوتن لەپرسی سەرۆک کۆمارو تا منو ئەو کەسانەی دیکەش دەکشاینەوە تا نەبوینایەتە سەرئیشە بۆیان، بەڵام ئەوان کە ناگەنە رێککەوتن ئامادە نین لەئاستی بەرپرسیارێتی دۆخەکەدا بن بۆچی من بکشێمەوە، ئەگەر دەنگێکیش بھێنم بەشداردەبم لەپرۆسەکەدا".
یەکێتی: پارتی دەزانن کاندیدەکەیان دەرناچێت بۆیە داوای دواخستنی دەکەن
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران لەفراکسیۆنی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "نزیکەی ٢٣٠ ئیمزا کۆکراوەتەوە کە خۆی بۆخۆی پێویستی بە ٢٢٠ ئیمزایە، بەڵام ئەوەی ئێستا بایکۆتی کردووە سیادەو عەزمو دەوڵەتی قانونو تەقەدومو پارتیە، پارتی نایەوێت ئەو دانیشتنە بکرێت، چونکە دەزانێت دەدۆڕێت بۆیە بەرەسمی داوایی کردووە دوابخرێت و دەڵێت بەشداری دانیشتنەکە ناکەن".
وتیشی "ھێشتا دیارنیە دانیشتنەکە دەکرێت یان نا، ئەگەر کرا نیسابی یاسایی تەواو دەکات یان نا؟ کە دەبێت ٢٢٠ دەنگ بەدەستبھێنێت، ئەوکات ئەو دانیشتنە دەکرێت ئەو قسانەشی دەکرێت کە گوایە پەرلەمانتاران پارە وەردەگرن یان ئۆتۆمبیل بەشداربن، ئەوە تەنیا دەیانەوێت ئەو کەسانە ناشرین بکەن بەشداری دانیشتنەکە دەکەنو ھیچی تر".
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی ئەوەشی کردکە پارتی خۆیان دەزانن کاندیدەکەیان دەرناچێت بۆیە داوای دواخستنی دەکەن.
پارتی: سەرۆک کۆمارێکمان دەوێت دەسەڵاتی ھەبێت
شوان کەلاری، پەرلەمانتاری پارتی لەخولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئاوێنەی وت "پارتی دەیەوێت پرسی ھەڵبژادنی سەرۆک کۆمار بکرێتە فاکتەری یەکڕیزی نێوماڵی کورد، نەک ببێتە ھۆکارێک بۆ تێکدانی نێوماڵی کورد، پارتی دەڵێت با سەرۆک کۆمارێک دابنێین بەڕەزامەندی ھەموو لایەک بێت کە مەرجیش نیە پارتی بێت کە بەتایبەت ئەمە ئستیحقاقی کوردە، سەرۆک کۆمارێکیش بێت دەسەڵاتی ھەبێتو لەسەر مافەکانی کورد لەبەغدا بێتە دەنگ، ستراتیژیی پارتی نیشتمانیو نەتەوەییو روونە، نەوەک ھەندێک وڵاتی ئیقلیمی ھەڕەشە بکەنو بڵێن ئەو پۆستە هی منەو ببێتە ھۆکارێک بۆ تێکدانی نێوماڵی کورد".
لەبارەی ئەوەی لە رۆژانی ئایندەدا بەبێ پارتی سەرۆک کۆمار ھەلبژێردرا پارتی کاردانەوەی چی دەبێت؟ شوان کەلاری وتی "ئەگەر ھەر نەگەشتینە رێککەوتن ئەوا خراپ دەبێت چونکە دەبێتە ھۆکارێک بۆ شپرزەی نێوماڵی کوردو پەرتەوازەییو نەبوونی یەک ھەڵوێستی دەبێتە ھۆکارێک بۆ دەستێوەردانی کەسانی دیکە، کە پارتییان ناوێتو دەستوەردان دەکەن، ھەروەھا ئەوانەی یەکێتیان ناوێت لەھەندێک پرسدا دەستوەردان دەکەن، خەڵکانێک دەکەونە ئەو بەینەوە بەکەیفی خۆیان یاری دەکەن واتا درزەکە گەورەتر دەبێت لەناو ماڵی کورد".
وتیشی "لەدوای نەمانی مام جەلالو نەوشیروان مستەفاو زیندانی کردنی عەبدوڵا ئۆجەلان کاک مەسعود سموبلێکی نەتەوەییە، بەڵام لایەنەکان غەدری لێدەکەن کە ئەو ھیڵی سووری لەسەر سەرۆک کۆمار بۆ لایەنێک نیە، بەڵام خۆ چەپڵەش بەیەک دەست لێنادرێت، ھەقە لایەنەکان بچنە پێشەوە رێک بکەونەوە، ئەگەر بۆچونەکەی ھێندە حیزبی بوو ئەوکات دەتوانن لایەنەکان قسەی خۆیان ھەبێت، ئەولەویەت لای ئەو پرسە نیشتمانیەکانە نەک حیزبێکی دیاریکراو جا خەڵکی لەخۆیەوە چی دەلێت با بیڵێت".
نەوەی نوێ: ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارین
سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسۆنی نەوەی نوێ لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دانیشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو یەکلایکرنەوەی ھەڵبژانی سەرۆک کۆمار، بەئاوێنەی وت "ئێمەش لەگەڵ ئەو دوو سەدو سی پەرلەمانتارانەی واژۆیان کۆکردۆتەوە ئیمزامان کردووە لەبەرئەوەی ئەوە کاری پەرلەمانە دەبێت ئیستحقاقی پەرلەمانی تەواو بکرێتو سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت، ئەوەشی پەرلەمان کێ ھەڵدەبژێرێتو کێ ھەڵنابژێرێت ئەوە کارێکی دیکەیە، بەلای ئێمەشەوە سبەینێ یانزەی چوار هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین کە دەنگ بەکێ دەدەین".
وتیشی "ھەتا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی بەنووسراوی رەسمی ھیچی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەو رۆژەی سەرۆک کۆمار ھەڵدەبژێرێت ئەوکات گەورەترین کوتلە دەتوانێت بەنوسراو داوا بکات کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەوەی دیارە جارێکی دیکە بە زۆرترین داواکاری سودانی ھەڵبژێرێتەوە، بەڵام مالیکیش تائێستا وازینەھێناوە، لەدوای ھەڵبژادنی سەرۆک کۆماریش پانزە رۆژیان لەبەردەستدایە بەپێی دەستوور سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەڵدەبژێرێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات