ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی لەشکرکێشیی بۆ سەر ئیسرائیل دەکاتو دەڵێت "هەروەک چۆن 'چووینە ناو لیبیاو قەرەباخەوە، دەتوانین وەهاش ئیسرائیل داگیر بکەین، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی نەیکەین"، لەهەمانکاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئەگەر پاکستان دەستوەردانی نەکردایەو دانوستان لەنێوان ئەمریکاو ئێران ئەنجام نەدرایە، تورکیا هەڵوێستی خۆی پیشانی ئیسرائیل دەدا".
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان لەوتارێکدا لەبۆنەیەکی حزبیدا لەشاری ڕیزە، دەڵێت "لەڕۆژی ئاگربەستدا ئیسرائیل سەدان لوبنانی بێتاوانی کوشت، نەتانیاهۆ بەهۆی خوێن و ڕقەوە کوێر بووە ، ئەگەر پاکستان دەستوەردانی نەکردبایە لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەڵوێستی خۆیمان پیشانی ئیسرائیل دەدا".
دەشڵێت "هەروەک چۆن ئێمە چووینە ناو لیبیاو قەرەباخەوە، دەتوانین بچینە ناو ئیسرائیلەوە، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی نەکەین، پێویستی بەهێزو یەکگرتوویی دەبێت".
ڕۆژی شەممە نەتانیاهۆ بە توندی ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرت کە کۆمەڵکوژی بەرامبەر بەهاوڵاتیانی مەدەنی کورد دەکات، دوای ئەوەی بەپێی زانیارییەکان داواکاری گشتی تورکیا ٣٥ بەرپرسی باڵای ئیسرائیلیان تۆمەتبار کردووە ، لەنێویاندا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داوای زیاتر لە ٤٥٠٠ ساڵ زیندانیکردنیان کردووە بە گشتی .
بەدوای ئەوەدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕەخنەی لەنەتانیاهۆ گرت لەسەر لێدوانەکانی دژی ئەردۆغانو وتی "نەتیانیاهۆ هیتلەری ئەم سەردەمەیە".
