رۆژانه جۆره‌ها سیناریۆی سواڵكردن ده‌بینیت به‌ناوی نه‌خۆشی‌و لێقه‌وماوی‌و پارەی گەڕانەوەی پێنییە فریوت ده‌ده‌ن
ئا: هێڤی ئاوات
سواڵكردن دیاردەیەکەو بووە بەپیشەی رۆژانەی ژمارەیەک لەخەڵکی له‌کوردستان، هاوڵاتیانیش پێیانوایه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سواڵ ده‌كه‌ن ته‌نها خوویان پێوه گرتووه، ئه‌گینا زۆربەی هەرە زۆریان پێویستییان به‌و پاره‌یه نییه‌و هەشیانە دەوڵەمەندن.
كچێكی باڵا مام ناوه‌ندی موو زه‌رد، كه ته‌مه‌نی له‌نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵدا ده‌بوو، خۆی به‌نازه‌نین ناساند، له‌نێو حه‌شاماتی ئه‌و نوێژخوێنانه‌دا دانیشتبوو كه له‌دوای ته‌واو بوونی نوێژی هه‌ینی مزگه‌وته‌كه‌یان جێده‌هێشت، له‌ناو حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌كه‌دا ده‌پاڕایه‌وەو هاواری له نوێژخوێنه‌كان ده‌كرد خێری پێبکەن‌و پاره‌ی بده‌نێ: "له‌رێی خوا برایانی موسڵمان، نەخۆش‌و دەردەدارم، زۆر داماوین یارمه‌تیه‌كم بده‌ن خوا لەدەردو بەڵا بتانپارێزێت".
ئه‌م كچه سواڵكه‌ره بەوتەی خۆی له‌منداڵییه‌وه دایكی فێری ئه‌و پیشه‌یه‌ی كردووه‌و ڕۆژانه به‌گه‌ڕانی دوكانه‌كانی ناو بازاڕ نزیكه‌ی ١٥ هه‌زار دیناری ده‌ست ده‌كه‌وێت.
نازەنین لەکاتێکدا کە سه‌یری ئه‌ملاولای خۆی ده‌كرد، به‌ئه‌سپایی وتی "دایكم به‌منداڵی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنام بۆ بازاڕ بۆ ئه‌وه‌ی فێری ئه‌و ئیشه‌م بكات"
باس لەوەش دەکات کە ماوه‌ی ١٠ ساڵه كاری سواڵكردن ده‌كات‌و له‌و ماوه‌یه‌شدا زۆرترین قازانجی له‌و ئیشه کردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئه‌م كاره بۆ عه‌یبه، ئه‌مه‌ش كاسبییه خۆ كاری خراپ ناكه‌ین، به‌زۆر پاره له‌كه‌س ناسێنین"، هه‌روه‌ها شانازیشی ده‌كرد به‌كاره‌كه‌یه‌وەو وتیشی "باشترین ئیشم هه‌یه بۆ وازی لێبهێنم".
رۆژانه ژمارەیەک لەخەڵکی تەمەن جیاواز‌و لەهەردوو رەگەزی نێر‌و مێ له‌ناو بازاڕ‌و لەكوچه‌و كۆڵانه‌كان‌و لەکاتی وەستانی ئوتومبێل لەترافیکەکان یان لەبەردەم‌و ناو مزگه‌وته‌كان خه‌ریكی سواڵ‌و داواكردنی پاره‌ن له‌هاوڵاتیان.
کاروان، کوڕێکی ئەسمەری گەنجەو دەستی منداڵێکی بچوکی گرتووەو لەگەڕەکی سەروەری دەرگا بەدەرگا دەگەڕێ‌و بەدەنگێکی کز‌و پڕ لەکوڕزانەوە داوای خێر دەکات، باس لەوە دەکات کە ئاوارەیەو بێ دەرەتانە، ئەو بەئاوێنەی وت "ژن‌و منداڵم هەیەو ئیشم دەستناکەوێ‌و ناچارم کە سواڵ بکەم".
کاتێک کە لێشی دەپرسی تۆ گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵانی بۆ سواڵ دەکەیت، باس لەوە دەکات کە ماوه‌ی ساڵێكه ده‌ستی داوه‌ته كاری سواڵكردن‌و به‌وته‌ی خۆی"له‌تاو نەخۆشی‌و بێ ئیشی" ئه‌و كاره ده‌كات.
بەشێک لەسواڵکەرانیش، شەوو رۆژیان بۆ نییە، زۆربەی شەوان لەو رێگا قەرەباڵغەی نێوان سەراو مزگەوتی گەورە کە پڕە لەکڕیارو فرۆشیار، چەند کچێکی پۆشتەو گەنج خەریکی سواڵکردنن‌و داوای پارە لەخەڵکی دەکەن.
شەرمن، کە بەدیار ئەو کوڕە گەنجانەوە وەستابوو لەفەیان دەخواردو داوای پارەی لێدەکردن، بەئاوێنەی وت "من پێویستم به‌وه‌یه بڕێك پاره‌م هه‌بێت پێی بژیم، ئەگینا كێ حه‌ز به‌سواڵكردن ده‌كات".
بەپێی قسەی خۆی ڕۆژانه نزیكه‌ی ده هه‌زار دیناری ده‌ست ده‌كه‌وێت‌و ئه‌وه‌ش بۆ خۆی سه‌رف ده‌كات‌و وتی"ئه‌گه‌ر ده‌ستمایه‌یه‌كی باشم ده‌ست بكه‌وێت ماوه‌یه‌كی تر وازی لێدێنم".
له‌نێو دیارده‌ی سواڵكردندا رۆژانه زۆر پاساو ده‌بیستیت كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌جۆرێك بەهانە بۆ بەردەوامبوون لەسەر سواڵكردنی خۆیان ده‌هۆننه‌وه، لای به‌شێكی زۆری هاوڵاتیانیش ئه‌م كاره به‌هونه‌ری سواڵكردن ناودەبەن‌و بڕوایان وایه به‌شی زۆری ئه‌و شتانه‌ی سواڵكه‌ره‌كان باسی ده‌كه‌ن، دووره له‌راستیه‌وه.
هیوا، گه‌نجێكه‌و له‌ناو بازاڕی سلێمانی دوكانی هه‌یه، رۆژانه چه‌ند جارێك سواڵكه‌ر رووی لێده‌كه‌ن، ئه‌و بەئاوێنەی وت "ئێستا ئه‌وه‌نده سواڵكه‌ری درۆزن زۆر بووه تۆ نازانی چۆن سواڵكه‌رێكی راسته‌قینه بدۆزیته‌وه‌و خێرێكی پێبكه‌یت".
وتیشی "رۆژانه جۆره‌ها سیناریۆی سواڵكردن ده‌بینیت به‌ناوی نه‌خۆشی‌و كاره‌ساتی ئۆتۆمبێل‌و لێقه‌وماوی‌و پارەی گەڕانەوەی پێنییەو بەچه‌ندان به‌هانه‌ی تر فریوت ده‌ده‌ن".
منداڵ كاره‌كته‌رێكی ساده‌ی نێو دنیای سواڵكردنه، هیوا هیچ شتێك هێنده‌ی ئه‌و ساتانه ئازاری نادات كه منداڵێك بێ ده‌سه‌ڵاتانه ده‌پاڕێته‌وه له‌پێناو پێدانی بڕێك پاره، ئه‌گه‌رچی كه‌میش بێت، ئەو وتی "منداڵ ئه‌و ساته‌ی بەکاردەهێنرێت بۆ سواڵكردن گه‌وره‌ترین گوناهی به‌رامبه‌ر كراوه‌و رێنادرێت به‌ئازادانه له‌نێو دونیای خۆیدا له‌ماناكانی ژیان بگات".
وتیشی "زۆر كه‌س وه‌ك كاسبی‌و خوو ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی سواڵ دەکەن، خەڵکی سلێمانی نین، من خەڵکی شار دەناسم نانی نییە رووی نییە سواڵ بکات، پیرو پەککەوتەی خەڵکی شار دەناسم زۆر بێ حاڵە پەنا بۆ سواڵکردن نابات"
بەسەرسوڕمانیشەوە دەڵێت "باسی سواڵکەری وا دەکەن دوو سێ خانووی هەیە، کەچی رۆژ تا ئێوارە خەریکی سواڵە"!
مافناس‌و یاساناسانیش ئەوە رووندەکەنەوە کە دیاردەی سواڵکردن لەڕووی یاساییەوە سزای لەسەرە، بەتایبەتی بەکارهێنانی منداڵ بۆ سواڵکردن.
له‌بارەی دروستکردنی سیناریۆکانیی سواڵكردن، پارێزه‌ر دڵنیا عەبدوڵا ئاماژە بەوە دەکات کە خودی دیارده‌ی سواڵكردن به‌گشتی له‌یاسادا باسی لێكراوه‌و به‌پێی چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره قێزه‌ونه سزای بۆ دانراوه، ئەم پارێزەرە بەئاوێنەی وت "ئه‌و كه‌سانه‌ی "تصنع" ده‌كه‌ن‌و هه‌وڵئه‌ده‌ن له‌رێی نیشاندانی نه‌خۆشی یان هه‌رهۆكارێكی تری چه‌واشه‌كارییه‌وه خه‌ڵكی فریو بده‌ن‌و كاربكه‌نه سه‌ر لایه‌نی سۆزداریان ئه‌وانه سزا ده‌درێن به‌سزای به‌ندكردن كه له‌سێ مانگ زیاتر نه‌بێت".
وتیشی "گوناهێكی زۆر گه‌وره‌یه منداڵ بخه‌یته به‌ر سواڵكردن، یاسا ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌ركی به‌خێوكردنی منداڵێكیان له‌ئه‌ستۆدایه‌و ته‌مه‌نی له18ساڵ كه‌متره‌و ئه‌یخه‌نه به‌ركاری سواڵكردن، دیسان سزا ده‌دات".
بەڵام شاره‌زایانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تیش بوونی ئه‌م دیارده‌یه له ئێستای كوردستان‌و عێراقدا ده‌گەڕێننه‌وه بۆ ناداپەروەری‌و بێ پلانی حکومەت‌و ناجێگیریی باری ئابوری وڵات‌و تێکچوونی سایکۆلۆجیای هاوڵاتیان.
تەلار محەمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی ئەوە رووندەکاتەوە کە دامەزراوەکانی حکومەت زۆر بێ پلانن، تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی ورد‌و هەمەلایەن سەبارەت بەم دیاردەیە نەکراوە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵ بکرێ یاخود كه‌م بکرێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "پێویسته حکومەت‌و پەرلەمانی کوردستان یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌م دیارده‌یه ده‌ربكەن‌و جێبه‌جێشی بكەن، دوای ئەوەی بەوردی له‌هۆكاره‌كانی دەکۆڵنه‌وه، بەداخەوە لەهەرێمی کوردستاندا نایەکسانی‌و نادادپەروەری زۆر قوڵ بووەتەوە، لەهەموو وڵاتانی دنیادا دابەشکردنی داهات‌و سەروەت‌و سامان لانیکەمی دادپەروەری تیا رەچاو دەکرێ، بۆ ئەوەی هیچ هاوڵاتییەک بەو رادەیە دەستکورت نەبێ کە بکەوێتە سەر جادەو پەنا بۆ سواڵکردن نەبات".
وتیشی "دووریش نیه هه‌ندێك كه‌س له‌ساتێكدا تووشی نه‌هامه‌تی هاتبن‌و سواڵیان كردبێت، به‌ڵام دوای چاك بوونی باری ژیانیان خوویان گرتوه به‌و دیارده‌یه‌وه‌و ئێستا توانای ته‌ركدانیان نیه، بەشێک لەخەڵکی لەڕووی سایکۆلۆجییەوە بەئەندازەیەک تێکشکاون کە ئیتر سواڵکردن بەلایانەوە کارێکی ئاساییە، وەک هەر پیشەیەکی تر".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات