دەشتی نەینەوا، سەکۆی هەڵدانی درۆنەکان روەو هەرێمی کوردستان
  2026-04-23       395       
دەشتی نەینەوا لەژێر هەژمونی حەشدی شەعبیدایە

ئا: عمار عەزیز

 

زۆربەی ئاماژەکان روەو ئەو ئاڕاستەیان کە دەشتی نەینەوا، سەرچاوەیەکی سەرەکی هێرشە درۆنییەکانن بۆ سەر شارەکانی ھەولێرو دھۆک، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت "نەک هەر ئێستا، پێشتریش ھەر وابووە کە دەشتی نەینەوا بەکاردەھێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لەڕێگەی درۆن‌و مووشەکەوە".

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری ئاوێنە کەوتووە، ئەو درۆنانەی ئاراستەی ھەرێمی کوردستان کراون‌و دەکرێن لەلایەن چەند گرۆپێکەوە ئەنجامدەدرێن، واتە تەنیا یەک گروپ نین، بەپێی چەند سەرچاوەیەک دەڵێن سەر بەرێکخراوی "بەدر"ی حەشدی شەعبین، ئەمە لەکاتێکدایە ھەندێکجار باس لەھەندێک سەرکردەی تریش دەکرێن کەپلەی سەربازییان ھەیە لەڕێزەکانی حەشدی شەعبی .

دەشتی نەینەوا بەشێکی لەژێر ھەژمونی سەرکردەی دیاری کریستیان "رەیان کلدانی" یە، ھاوکات بەم دواییە بەشێک لەپۆستە ئیداریەکان لەسەر ئاستی دیوانی پارێزگاو قایمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیەکان دران بە"بابلیۆن"، پێشتر بەشێکی زۆر لەپۆستەکان ھی پارتی بوون، ھاوکات پەیوەندی پارتی‌و رەیان کلدانی باش نیە، ھەندێکجار لەسەر ھەندێک پرس یەکتر تۆمەتبار دەکەن ‌و بەئاشکراش هەڕەشە لەیەکدی دەکەن.

بنکەکانی حەشدی شەعبی زۆرینەیان لەناوچەکانی کریستیاننشیندان لەدەشتی نەینەوا، بەتایبەت لەسنوری ناحیەی تلکێف، گومان دەکرێت لەو شوێنانەوە ھێرش بکرێتە سەرھەرێمی کوردستان، ئەمریکاش چەند بنکەیەکی ئەوانی لەدەشتی نەینەوا کردوەتە ئامانج.


ناجی ھورمز، موختاری کۆمەڵگای "تلسقوف"ی کریستیانەکانە کە سەر بەقەزای تلکێفە، ئەو بەئاوێنەی وت "دەنگی فڕۆکەو درۆن‌و ئەو شتانە زۆر دەبیستین، بەڵام نازانین لە چ ناوچەیەکەوە دێن‌و ئاڕاستەی کێ دەکرێن، پێش ماوەیەک ھێزەکانی ئەمریکا چەند شوێنێکی حەشدی شەعبییان لەناحیەی بەرتەڵەی سەر بەتلکێف کردە ئامانج".

وتیشی" ھیچ کەسێک لەدەشتی نەینەوا پێی خۆش نیەو حەزناکات نەینەوا بۆ ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستان‌و شارەکانی تر بەکاربھێنرێت، بەڵام ئێمەی ھاوڵاتی سڤیل ھیچ دەسەڵاتمان نیە، ئەوەی دەکرێت سەرووی ھەموو شتێکە، لەھەمانکاتدا ئەمە وایکردوە کە دۆخی ناوچەکە لەرووی ئەمنییەوە جێگیرو سەقامگیر نەبێت، زیانەکەی بۆ خۆمانە"..

 

بەپێی زانیارییەکان ئەو درۆنانەی ئاڕاستەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن تەنیا یەک جۆر نین، بەڵکو چەند جۆرێکن‌و شێوەو قەبارەو نرخیان جیاوازە، بەشێکیان ھەر لەئاسمانەوە لەلایەن خەڵک‌و ھێزە ئەمنیەکان تەقەیان لێکراوەو تەقیونەتەوە پێش ئەوەی بەر شوێنێک بکەون، بەشێکی تریش ئامانجیان پێکاوەو زیانی گیانی‌و ماددیان بەدوای خۆیاندا ھێناوە.

 

ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا بەئاوێنەی وت "ئێمە کۆبوونەومان ھەبووە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی شارەکە لەسەر کۆی پرۆسەکەو گرتنی رێکارەکانی دەزگا ئەمنیەکان بۆ کونتروڵکردنی شارەکە، بەدڵنیایی سەد لەسەد ڕاستە کە دەشتی نەینەوا بەکاردەھێنرێت بۆ ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستان، ئێمە دەزانین ئەوان کێن‌و سەر بە چ لایەنێکن، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عیراق ھیچ رێکارێک لەدژی ئەوان ناگرێتە بەر".

وتیشی "نەک ئێستا پێشتریش ھەر وابووە کە دەشتی نەینەوا بەکاردەھێنرێت، دەیانجار داوا لەحکومەتی عیراق کراوە کە رێگری لەو گروپانە بکەن تا چیتر ھێرش نەکەنە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام بێسوود بووەو ھیچ نەکراوە".

 

لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەمریکاو ئێرانەوە، بەسەدان درۆن ئاڕاستەی شارەکانی هەرێمی کوردستان کراون، بەتایبەتی هەولێری پایتەخت، کە گیان لەدەستدانی چەندین هاوڵاتی لێکەوتوەتەوە، گومان دەکرێت بەشێک لەم هێرشانە لەدەشتی نەینەواوە بۆ سەر هەولێرو دهۆک ئەنجامدرابێت.

 

محەمەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی‌و بەرگری لەئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئەوە رەتدەکاتەوەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە مەرج نیە ھەموو ئەو ھێرشە درۆنیانەی دەکرێنە سەر شارەکانی ھەرێم سەرچاوەکەی دەشتی نەینەوا بێت، ئەو بەئاوێنەی وت "پێشتر وابوو، بەڵام بەمدواییەو دوای بەدواداچوونی ورد لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان ئەو جۆرە ھێرشانە لەدەشتی نەینەوا بۆ سەر خاکی ھەرێم کەمبوونەتەوە".

وتیشی "ھەر لەدوای ڕوودانی شەڕ لەنێوان ئەمریکاو ئێران‌و ھێرشکردن بۆ سەر بارەگاو شوێنەکانی حەشدی شەعبی، دوو لیوای تازە کە سەر بەفیرقەی ١٦ی سوپای عیراقن لەسنوری نەینەوا جێگیرکراون، لەھەرشوێنێک بۆشاییەکی ئەمنی ھەبێت ئەم دوو لیوایە پڕی دەکەنەوەو رێگەنادەن شەڕو ئاڵوزی دروست بێت‌و ئێستاش دۆخەکە لەژێر کونتروڵی ھێزە ئەمنیەکاندایە".

لەبارەی دەستگیرکردنی چەند کەسێک بەتۆمەتی ھێرشکردن بۆ سەر شارەکانی ھەرێم، ئەو وتی "لەسنوری ناحیەی رەبیعە چوار کەس لەلایەن ھێزە ئەمنیەکان بەتۆمەتی ھێرشکردن بۆ سەرھەرێم دەستگیرکراون‌و بەپێی یاسا لێکوڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، لەسەر بابەتی ھێرشکردن بۆ سەرھەرێم بەدواداچوونی دەزگا ئەمنیەکان بەردەوامە".

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی‌و بەرگری لە ئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا جەغت لەوە دەکات کە ھەڵویستی خەڵکی نەینەوا ھەمان ھەڵویستی ھێزە ئەمنیەکانەو ئەوان نایانەوێت بەھیچ شێوەیەک خاکەکەیان بەکاربھێنرێت بۆ ھێرشکردنە سەر شارەکانی ھەرێمی کوردستان.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×