ئا: محەمەد هاوژین
گهنجانی دابڕاو لهخوێندن، رای جیاوازیان هەیە سەبارەت بەوازهێنانیان لەخوێندن، بەشێکیان پەشیمانی دهردهبڕنو بهشێكی دیکەشیان دەڵێن خۆشحاڵن، زۆرینهشیان هۆكاری دابڕانیان لهخوێندن بۆ بارودۆخی جیاجیای ئابووریو كۆمهڵایهتی دهگێڕنهوه، کۆمەڵناسێکیش دەڵێت "لەهەر كۆمەڵگەیەکدا، هەرزەکارو گەنجان، خوێندنو قوتابخانەیان پێ گرنگ نەبێو بەكارێكی سەختو درێژخایەنو بێ ئەنجامی لەقەڵەم بدەن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە مەعریفەی باوی كۆمەڵگەیە كایەی خوێندنی بێ بەها كردووە".
سەریاس سامان، گەنجێکی تەمەن ٢٦ سالەو ماوەی ٩ ساڵە وازی لەخوێندن هێناوەو ئێستا خەریکی فیتەرییە لەناوچەی پیشەسازی هەولێر، کاتێک بیر لەرۆژگاری خوێندنو قوتابخانەو مامۆستاکانی دەکاتەوە، دەداتە پڕمەی پێکەنین، ئەو بەئاوێنەی وت "چەندم کرد لەپۆلی نۆ دەرنەچووم، زۆر تەمەڵ بووم، هیچ لەبیرکاریو عەرەبی تێنەدەگەیشتم، تەقەی سەرم دەهات، باش بوو خوێندنم تەرک کردو خۆم فێری فیتەری کرد، ئێستا ئۆتۆمبێلی خۆم پێیەو داهاتیشم زۆر باشەو خەریکی پارە پاشەکەوت کردنم بۆ کڕینی خانووییەک یان شوقەیەک".
پاشان باس لەهاوپۆلە زیرەکەکانی دەکات کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردو ئێستا پولو پارەیان پێنییەو بەدوای ئیشێکدا دەگەڕێن، ئەو وتی "هاوڕێی سەردەمی خوێندنم هەیە زانکۆی تەواو کردووەو تازە بەتازە ئەچێ ئیشی سیکۆرێتی دەکات مانگی بە ٤٥٠ هەزار دینار، کەسی نزیکی خۆم هەیە ماستەری خوێندووە خۆزگە بەمن دەخوازێ".
بەڵام هەموو ئەوانەی کە وازیان لەخوێندن هێناوە وەک سەریاس بیر ناکەنەوە، بەشێکیان پەشیمانن لەوەی خوێندنیان تەواو نەکرد، هەرچەندە بێکاریش نین.
سهیوان ئازاد، كه پاسهوانی یهكێك لهبارهگا حیزبییهكانی شاری هەولێرە، ١٢ ساڵە وازی لەخوێندن هێناوە، لەبەرئەوەی بووە بەچەکدارو خێزانەکەشیان پێویستیان بەهاوکاریی ئەم بووە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەوانەی وەکو منن، یاخود پۆستو پلەی سەربازیشیان پێدراوە، کێشەیەکیان نەبوونی بڕوانامەیە، هەیە عەقیدو نەقیب یان پلەکەشی بەرزتر بووە تازە بەتازە لەم ساڵانەی دواییدا چووە تاقیکردنەوەی پۆلی نۆی بەڕەتی یان ١٢ی ئامادەیی کرووە بۆ ئەوەی کێشە بۆ پۆستو پلەکەی دروست نەبێت، لەبەرئەوەی شهرم دایاندهگرێت كاتێك كه یهكێك لێیان دهپرسێت تا پۆلی چهندت خوێندووه؟! ههمیشه وهڵامی ئهم پرسیاره بێزاریان دەکاتو خۆیانی لێ دهدزنهوه".
وتیشی "زۆرجار بێزار دەبم کە وازم لەخوێندن هێنا، بەتایبەتی کە بیر لەوە دەکەمەوە شهوو رۆژ بهدیار چهكهوه شهونخونی دەكێشـم، یان لەبەر دەرگای ئەم بەرپرس یان بارەگای حیزبیدا شەو تا بەیانی پاسەوانی بکەیت چۆن ســــهد خۆزگه بەوانە ناخۆیت کە خوێندنیان تەواو کرد، ههست دهكهم تازه ناتوانم بهژیان ڕابگهمهوه".
ئەگەر بەشێک لەکوڕان پەشیمانی دەرببڕن کە خوێندنیان تەواو نەکردووە، ئەوا هەموو ئەو کچانەی کە لەخوێندن دابڕاون، ئاخ بۆ ئەوە هەڵدەکێشن کە خوێندنیان تەواو نەکرد.
دیلان، کە کچێکی تەمەن ٢١ ساڵی گەنم رەنگە، بەهۆی هاوسەرگیرییەوە لەخوێندن دابڕاوە، ئەو کاتێک دەرچووە بۆ پۆلی دەیەم وازی لەخوێندن هێناوەو ئێستا دوو منداڵیشی هەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "من زۆر پەشیمانم، ئێستا کە دەبینم براکەم بووە بەئەفسەرو خوشکێکیشم بووە بەپارێزەر، دەڵێم من چیم بەخۆم کرد؟!".
وتیشی "گرنگترین شت سەربەخۆیی ئابورییە بۆ ژن، ئێستا سەیر دەکەم خوشکەکەم پارێزەرە هیچ پێویستییەکی بەپارەی هاوسەرەکەی یان هاوکاری ماڵی باوکم نییە، بەڵام من هەرئەبێ چاوەڕوانی رەحمەتی ئەوان بم".
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەساڵانی پێشتردا ئەوانەی زانکۆیان تەواو دەکرد، دەرفەتی دامەزراندیان لەدامودەزگاکانی حکومەتدا بۆ دەڕەخسا، بەڵام زیاتر لە ١٥ ساڵە لەبواری چەکدارییدا نەبێت، دامەزراندن وەستاوەو ئەمەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبووە، هاوکات دواکەوتنی مووچەش لەم ساڵانەی دواییدا دیسان کاریگەری لەسەر سایکۆلۆجیای گشتی هەبووە سەبارەت بەخوێندن.
کـاروان عـەلـی، نوێنەری گشتی دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆو پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، کە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ خوێندنی لەزانکۆی سەلاحەدین تەواو کردووەو لەئاستی کۆلیژەکەیدا یەکەم بووەو تا ئێستاش دانەمەزراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە چەندین کوڕو کچی دەرچووی زانکۆ پەیمانگاکان لەسێ یەکەمەکان تەلەفونی بۆ دەکەنو دەڵێن کوڕو کچی هەژارن هەموو تا خوێندنیان تەواو کردووە شەونخونیو رەنجێکی زۆریان کێشاوەو پارەیەکی زۆریان خەرج کردووەو ئێستاش دوای تەواوکردنی زانکۆو ئەو هەموو ساڵە خوێندنەیان بێکارن، ئەو بەئاوێنەی وت "هەیە یەکەمی کۆلیژەکەی بووەو وا حەوت ساڵە چاوەڕوانی دامەزراندنەو یەک دینار لەگیرفانیاندا نییە".
وتیشی "هەیە لەیەکەمەکانی زانکۆو پەیمانگاکانە ئێستا خەریکی کرێکارییە، هەمانە خەریکی بارکردنو داگرتنی فەردە ئاردە، هەمانە یەکەمە کاری سیکۆرێتیو پاسەوانی دەکات، هەشمانە دەچێت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی مقەبا کۆدەکاتەوە، ئەمە بێ بایەخ کردنی خوێندنو زانکۆ نەبێت چییە؟".
کۆمەڵناسانیش جەغت لەوە دەکەن کە دابڕانی گەنجان لەخوێندن کاریگەری کورتخایەنو درێژخایەنی لەسەر ئاستی رۆشنبیرییو مەعریفەو جیهانبینی تاکو کۆمەلگەش دەبێت.
د.دڵشاد نەجمەدین، پسپڕی کۆمەڵناسی ئاماژە بەوە دەکات دابڕانی گەنجان لەخوێندن كاریگهری لهسهر تاکو خێزانو کۆمەڵگەش هەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئهگهر تۆ تاكێكی تهندروستت ههبێت، دڵنیابه كۆمهڵگایهكی تهندروستت دهبێت، ئهگهر كۆمهڵگایهكی تهندروستت ههبێت دواجار خێزانێكی تهندروست بەرهەمدەهێنێت، واته ههرسێكیان كاریگهرییان لهسهر یهك ههیهو سهرهنجام تاکو خێزانو کۆمەڵگەیەش سهركهوتوو دهبن".
ئەم کۆمەڵناسە ئاماژە بەوە دەکات هۆكاری دابڕان لەخوێندن بەپێی كەسو ژینگه كۆمەڵایەتیەكانو ڕەوشی خوێندن جیاوازە، ئەو وتی "ئەوە هەرزەكارەکان یان لاوان نییە بیر لهوازهێنان لەخوێندن دەكەنەوە، بەڵكو ئەوە خودی كۆمەڵگە خۆیەتی ئاراستەی دەكاتو ئاستێكی هۆشیاریو مەعریفیان بۆ فەراهەمدەكاتو جۆرێك لەجیهانبینیو تێڕوانینیان لا دروست دەكات، بەها بۆ كارو چالاكیەكانیان دادەنێتو بەرەو ئاراستەیەك هانیان دەدات، چ خوێندنو فێربوونو ڕێچكەی زانستو كارو داهێنان بێت یان پشت كردنە زانستو كاری ڕەمەكیو بێ بەرنامەیی بێت".
وتیشی "لەهەر كۆمەڵگەیەکدا، هەرزەکارو گەنجان، خوێندنو قوتابخانەیان پێ گرنگ نەبێو بەكارێكی سەختو درێژخایەنو بێ ئەنجامی لەقەڵەم بدەن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە مەعریفەی باوی كۆمەڵگەیە كایەی خوێندنی بێ بەها كردووە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات