ئاوات ئەحمەد سوڵتان
فاروق وەک ئەوانیتر نەمرد! ئەو بە هێمنی لە هەراوزەنای بوون کشایەوە. هەر لەسەرەتاوە دەیزانی کە ژیان هیچ نیە جگە لە سەفەرێک بەرەو مەرگ.
شەوی ڕابردوو، گڵۆپەکانی کوژاندەوە، زۆری پێنەچوو چرای ژیانیشی کوژایەوە. کە هەواڵەکەم بیست، بیرم کەوتەوە، ئێوارەیەکیان بە دوو قۆڵی لە پارکی دایک پیاسەمان دەکرد. لەناکاو وتی "دەزانیت چی! مەرگ پێچەوانەی ژیان نیە، بەڵکو ساتەوەختی کەشفبوونێتیی. ئێمە تەنها لە مەرگەوە دەتوانین لە ژیان تێبگەین." پاشان نوکتەی کەسێکی کاڵفامی گێڕایەوە کە وتبووی "ئەگەر بمرم شێت دەبم." ئەو ڕۆژە تێگەیشتم کە دەستی کردووە بە مەشقکردن لەسەر ڕۆیشتن.
فاروق لە مەرگ نەدەترسا، بەڵکو لەوە دەترسا ژیان تێبپەڕێت بێ ئەوەی بیخەینە ژێر پرسیارەوە.
من کە ئەم وشانە دەنووسم، هەست بە دەستەوسانی زمان دەکەم. ئاخر زمان کە ئامڕازی ژیانە، چۆن دەتوانێت قسە لەسەر کەسێک بکات کە تێپەڕیوە بۆ ئەودیوی ژیان.
من گەرچی لە زۆر شتدا لەگەڵی ناکۆک بووم، بەڵام هەمیشە خۆشم ویستووە. لەکاتێکدا ئەم هەواڵە دەبیستم خەریکی خوێندنەوەی دواهەمین کتێبی ئەوم و ڕاستگۆیانە بڵێم: بەدڵم نیە.
ڕەوانت شاد هاوڕێم. تەنها ئەوەندەم لەدەست دێت کە قسەکەی سۆکرات بکەمەوە (بە دەستکارییەوە): مەرگ هیچ نیە جگە لە نوستنێکی بێ خەوبینین.