مەرگی فاروق رەفیق وەک تاقیکردنەوەی ئەخلاقیی
  2026-04-28     
فاروق رەفیق

د. موئمین زەڵمی

 

هەواڵی کۆچی دوایی فەیلەسووف و ڕەخنەگری ناسراوی کورد، فاروق ڕەفیق (رۆحی شاد) جێگەی داخ و کەسەری ناوەندە فیکری و ئەدەبییەکانە، بەڵام بەداخەوە لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی دیمەنێکی نامۆ و نیگەرانکەر بووەوە. بەشێک لە کەسانی ئایینی و چالاکوانانی ئیسلامی، بەجێگەی ئەوەی ڕێز لە شکۆی مەرگ بگرن، بە وتەی ڕەق و دەربڕینی خۆشحاڵییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەواڵە دەکەن.

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ لە رێگەی رۆژنامەی هاوڵاتی و دواتریش نامیلکەی «پاکس-ئەمریکانا» خوێنەری دیدگاکانی بەڕێزی بووم، دواتریش ئەوەندەی دەرفەت هەبووبێت سەرنج و بیروڕا و تێزەکانیم خوێندووەتەوە، بۆیەش ئەم دیاردەیە بە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی دەماگیریی فیکریی کۆمەڵگە دەبینم. ئەم جۆرە ڕەفتارانە پێویستی بەوە هەیە بە دیدێکی ڕەخنەیی و هێمنانەوە لەسەر بنەمای خودی ئایین و بەها مرۆییەکان لێی بڕوانین.

با وای دابنێین فاروق ڕەفیق، وەک بیرمەندێکی سکۆلار، لە چەندین نووسین و بۆچوونیدا ڕەخنەی توندی لە فیکری ئیسلامی و دەقە دینییەکان گرتبێت و لە دیدگایەکی جیاوازەوە سەیری ژیانی کردبێت. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە: ئایا جیاوازی فیکری و ململانێی ئایدۆلۆژی، مۆڵەتی ئەخلاقیی بە کەس دەدات کە لە کاتی مەرگی بەرانبەرەکەیدا، شکۆ و حورمەتی مرۆڤایەتی پێشێل بکات؟

لە بنەڕەتدا، لە زۆربەی ئایینەکان و بەتایبەت لە ئیسلامی پیرۆزدا، ڕێزگرتن لە «مرۆڤ» وەک مرۆڤ، سەرباری ئایین و بیروباوەڕی، بنەمایەکی جێگیرە. ئایا ئەوانەی سوکایەتی بە مەرگی مرۆڤێک دەکەن، بیر لەو دەقە پیرۆزە ئیسلامییانە ناکەنەوە کە رێز لە مرۆڤ دەگرن!، چونکە کاتێک مرۆڤێک دەمرێت، دەبێتە خاوەنی حورمەتێکی تایبەت؛ تەنانەت لە فیقهی ئیسلامیدا، تەرمیش حورمەتی هەیە، چ جای ئەوەی بە قسەی زبر و دڵخۆشی بە مەرگی کەسێک، سووکایەتی بە ڕۆحی مرۆڤایەتی بکرێت.

ئەم جۆرە ڕەفتارانە، زیاتر لەوەی خزمەتی ئایین بکەن، نیشانەی لاوازیی ئاستی تێگەیشتنی فیکری و لاوازیی هێزی رووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەن. ئایینی راستەقینە و باوەڕداری بەهێز، لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە بەرانبەرەکەت جیاوازە، یان ڕەخنەگرە. ئەگەر ئایین پەروەردەی لێبوردەیی و حورمەت بێت، کەواتە چۆن دەکرێت لەسەر سەکۆی ئایینەوە، بە دروشمی ئایینییەوە، دژایەتی ڕێزی مرۆڤایەتی بکرێت؟

فاروق ڕەفیق، خاوەنی پرۆژەیەکی فیکری و زمانێکی ئەدەبی بوو کە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر کایەی ڕۆشنبیریی کوردی هەبووە. ڕەخنەگرتن لە بیری ئەو، دەبوایە لە ڕێگەی دایەلۆگی فیکری و نووسین و بەڵگەوە بووایە، نەک لە ڕێگەی دەربڕینی هەست و سۆزی نەرێنی لە کاتی مەرگیدا.

کاتێک ئێمە لە ڕووی ئەخلاقییەوە دەدۆڕێین، ناتوانین بە ناوی ئایینەوە سەرکەوتوو بین. چونکە ئایین بۆ ڕێکخستنی مرۆڤایەتی هاتووە. سوکایەتی کردن بە مەرگی کەسێک، تەنیا ڕەنگدانەوەی کینە و تۆڵەسەندنەوەیە، نەک پەیامێکی خودایی یان ئایینی.

کۆچی دوایی فاروق ڕەفیق با تەنیا هەواڵی ڕۆیشتنی بیرمەندێک نەبێت، بەڵکو با دەرفەتێک بێت، با فێربین چۆن لەگەڵ ڕەخنەگرەکانماندا بژین و چۆن ڕێز لە کۆتاییهاتنی ژیانیان بگرین. چونکە شکۆی مرۆڤایەتی لەوەدایە کە لە سەرووی هەموو ئایدیۆلۆژیا و ئایینەکانەوە، ڕێز لە بوون و نەبوونی یەکتر بگرین.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×