فارووق رەفیق لەهەناوی تەکیە ڕۆحیەکەی دایکی بۆ سەفەری ئەبەدی
  2026-04-29       1012       
فارووق ڕەفیق و حاجی ئامینی دایکی

سۆران شێخ عەلی

 

دوێنێ هەواڵی کۆچی دوایی کاک فارووق ڕەفیقم بیست. لە نێوان ئەو هەموو قسە و قەزاوەتە توندانەی لەسەر بیروباوەڕی ئەو دەکران، من گەڕامەوە بۆ وێستگەیەکی زۆر دوور؛ بۆ سەردەمی منداڵیم و بۆ ناو ماڵێک کە لێوانلێو بوو لە عەشق و زیکر. ناسینی من بۆ کاک فارووق، لە کتێب و فەلسەفەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە دایکم دەستی دەگرتم و دەچووین بۆ ماڵی حاجی ئامین. حاجی ئامین لە ماڵەکەیدا تەکیەیەکی بچووکی دروست کردبوو ؛ هەموو دووشەممە و پێنجشەممەیەک دوای عەسر، ئەو ماڵە دەبووە مەڵبەندی کۆبوونەوەی ئافرەتانی گەڕەکەکەمان بۆ ستایشی خودا و پێغەمبەر (د.خ).

وێنەی حاجی ئامینم هەرگیز لە یاد ناچێت؛ ئافرەتێکی نەجیب و ڕەسەن، بەو سەروپێچ و شاڵ و خەنچەرەی کە شکۆی کوردایەتی و ئیمانی لێ دەبارا. حاجی ئامین، بەو سیما نەجیب و پۆشاکە کوردییە پڕ لە هەیبەتەوە، لەسەر قەڵەوێرەیەک دادەنیشت و دەبووە "سەرحەلقە"ی زیکر و ستایشی ئافرەتانی گەڕەک. کاتێک بە دەنگە "داودی"یەکەی دەستی دەکرد بە زیکری "لا الە الا اللە"، گیانی دەخستە بەری بێگیاندا. لەوێدا نە ئایدۆلۆژیا هەبوو، نە ڕەخنە؛ تەنها تینی مەحبەت و بۆنی بەرەکەت بوو کە لە کۆڵانەکە دەڕژا.

لەو ماڵەدا، کە کاک فارووق لێی گەورە ببوو، قەسیدەی

ئەی حەبیبی حەی غەفور

هەشتا هەزار پەردەی لە نوور

پەردەی لادا چوو بۆ حزور

ئەشرەفی عالەم محمد سەلاوات

قوربانی ناوت ، ناوت چەند خۆشە

عارەقت گوڵاو بۆنت وەنەوشە

بۆنت بوەتە بەستەی فریشتە

کلیلی دەرگای باخی بەهشتە

بەناوی تۆوە چرا هەڵکرا

لە دوور لە نزیک ڕێی پێ دەرکرا

لە ژێر بارەگای خودا نوسراوە

فروستادەدەی تێدا نوسراوە

لە کۆتاییشدا هەمووان لە دەوری مەنجەڵە یاپراخێکی گەورە کۆدەبوونەوە کە تامی "تەبەڕوک" و مرۆڤدۆستی لێ دەهات ، بەشێکیان ئەم تەبەڕوکەیان دەبردەوە ماڵەوە هەتا خانەوادەکەیان بێبەشنەبن لە خێر و وزە و بەرەکەتی ئەو یاپراخەی کە هەناسەو نەشئەی ئیلاهی بەسەردا چووە .

ئەمڕۆ کە کاک فارووق ماڵئاوایی دەکات، زۆر کەس بە تێڕوانینێکی ڕەهاوە سەیری دەکەن، بەڵام من ناتوانم ئەو ڕەگ و ڕیشە ڕۆحییە فەرامۆش بکەم کە ئەو لێیەوە هاتووە. ئەو لە ناو هەناسی سۆفیانەی حاجی ئامین و لە ناو ئەو کەشە پڕ لە عەشقەدا چاوی کراوەتەوە. فەلسەفە و گەڕانەکانی ئەو، هەرچییەک بووبن، لە باوەشی ئەو ڕەسەنایەتییەدا گەورە بوون.

مرۆڤەکان زۆر لەوە ئاڵۆزترن کە ئێمە لە چەند وشەیەکدا کورتیان بکەینەوە. خوای گەورە لە حاجی ئامین و کاک فارووقیش خۆش بێت. یادەوەریی ئەو یاپراخە و ئەو زیکرە مەلەکوتییە، هەمیشە وەک بەشێک لە مێژووی جوانی ئەم شارە لە لام دەمێنێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×