ئا: محەمەد هاوژین
هەرچەندە زمانی عەرەبی زمانی فەرمی عێراقەو لەقۆناغی سەرەتاییو بنەڕەتییەوە قوتابیانی کورد لەوانەکانی قوتابخانەدا دەیخوێنن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان دوای تەواوکردنی زانکۆش زمانی عەرەبی فێرنابن، مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت "فێربوونی زمانی ئینگلیزی جێگەی بەزمانی عەرەبی لێژ کردووە لەهەرێمی کوردستان".
رێکار مەریوان، تەمەن ٢٤ ساڵ، کە ساڵی رابردوو بەشی کارگێڕی لەزانکۆی سلێمانی تەواوکردووە، باس لەوە دەکات ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵ وانەی عەرەبی خوێندووە، بەڵام ئێستاش نە لێی تێدەگاو نەدەتوانێ قسەشی پێبکات، ئەو وتی "ئێستاو ئێستاش سەر لەقەواعیدی عەرەبی دەرناکەم، مضاريعو حەرفی جەڕو ضمەو هەمزەم بۆ لەیەک جیا ناکرێتەوە، لەقسەکردندا مؤنث و مذكر و مثني تێکەڵ دەکەم، بەڕاستی زمانێکی قورسو ناخۆشە، کوردیو عەرەبی دوو زمانی زۆر جیاوازو دوورن لەیەکترەوەو تەنانەت زۆر پیتیشیان لەیەکتر ناچێو چەندم کرد فێر نەبووم".
وتیشی "لەوانەیە گرفتەکە ئەوە بێت منو هاوڕێکانیشم هیچ ئامڕازێکی سەرگەرمیمان بەعەرەبی نییە، نەگوێ لەگۆرانی عەرەبی دەگرین، نەسەیری دراماو فیلمی عەرەبی دەکەین، نەسەرچاوەی هەواڵمان بەعەرەبییەو نەتێکەڵبوونیشمان هەیە لەگەڵ عەرەب، لەبەرئەوە زەحمەتە بەپرۆگرامی خوێندن فێری عەرەبی بیت، کە تەنها بەمەبەستی دەرچوون کۆششی بۆ دەکەین".
رێکار، نمونەیەکە لەهەزاران قوتابیو خوێندکارو گەنجی کوردستان کە سەرباری خوێندنی وانەی عەرەبی شتێکی ئەوتۆ لەزمانی عەرەبی نازانن، بەپێچەوانەی باوکو باپیرانیانەوە کە لەسایەی دەسەڵاتی بەعسدا گەورە بوونو لەبەر چەندین هۆکاری جیاواز عەرەبی فێربوون.
حەسەن دلێمی، پیاوێکی عەرەبی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی ئەنبارەو چەند ساڵێکە لەسلێمانی دەژی، بەهۆی پێویستی ئیشوکارییەوە فێری زمانی کوردی بووەو نەک هەر کوردی تێدەگات، بەڵکو قسەشی پێدەکات، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەوەندەی سەرنجم داوە، ئەو کەسانەی لەناو کورددا تەمەنیان لەپەنجا ساڵ بەرەو ژوورە، بەشێکی بەرچاویان عەرەبی دەزانن، لەبەرئەوەی زۆربەیان یان عەسکەرییان کردووە یان لەپەیمانگاو زانکۆکانی بەغداو موستەنسریەو موسڵ خوێندویانەو تێکەڵبوونی رۆژانەیان لەگەڵ عەرەب هەبووە، زۆربەشیان گوێ لەهونەرمەندە ناودارەکانی عەرەب دەگرن وەک ئوم کەلسومو مەیادە حەناویو کازم ساهر، بەپێچەوانەی گەنجەکانەوە کە نەعەسکەرییان کردووەو نەپێویستاین بەوە بووە بچن لەبەغداو موسڵ زانکۆ بخوێنن، مەگەر لێرە بەهۆی پێویستی ئیشوکارەوە کەسانی وەک دکتۆرو بازرگانو کاسبکاری بازاڕ عەرەبی فێربووبن".
وتیشی "بەلای منەوە گرنگترین خاڵ کە وادەکات لەئاستێکی گشتیدا خەڵک زمانی عەرەبی فێربن، پێویستی ئیشوکارە، بۆ نمونە من کە کوردی فێربووم لەبەرئەوەیە زۆرترین سەروکارم لەگەڵ کورددا هەیەو ناچارم فێر بمو رۆژانە کڕینو فرۆش دەکەم، ئەگینا هەیە هەر لەگەڵ مندا هاتوەتە سلێمانییەوەو ئێستاش لێرەیە بەڵام کوردی فێرنەبووەو زۆرجار لەکڕینو مامەڵەکردندا داوا لەیەکێ دەکات کە عەرەبی بزانێت وەرگێڕانی بۆ بکات".
ئەمە لەکاتێکدایە کە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بههۆی فراوانبوونی بهكارهێنانی لهم سهردهمهدا بۆته پێویستییهكی بنهڕهتی بهتایبهتی بۆ قوتابیانو گەنجانی کوردستان بهمهبهستی پهیوهندیكردن بهجیهانهوه، ئەمەش کاریگەری لەسەر بایەخ نەدان بەزمانی عەرەبی هەبووە.
تافگە عومەر، مامۆستای عەرەبییەو ماوەی ٢٥ ساڵە وانە بەقۆناغی ئامادەیی دەڵێتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ئاماژەکان روەو ئاڕاستەی دوورکەوتنەوە لەزمانی عەرەبین، ئەو بەئاوێنەی وت "گەنجانی ئێستای کوردستان ئەوەندەی گوێ لەبەندبێژانی کورد دەگرن، نیو ئەوەندە گوێ لەهونەرمەندانی عەرەبی، تەنانەت وەک جاران گوێ لەهونەرمەندانی فارسیو تورکیش ناگرن، سەیری درامای عەرەبی ناکەن، سەروکاریان لەگەڵ عەرەبدا زۆر سنووردارە، هەرچەندە شارەکانی کوردستان رێژەیەکی زۆر عەرەب روویان تێکردووە، بەڵام هێشتا تێکەڵبوونیان سنوردارەو ئەمەش نەبووەتە هۆکاری ئەوەی کە گەنجەکانمان عەرەبی فێر بن".
وتیشی "ئەوەندەی تێبینیم کردووە، یەکێ لەو وانانەی کە قوتابی کورد لەقۆناغەکانی بنەڕەتیو ئامادەییدا تیایدا بەزەحمەت دەردەچێو نمرەی زۆر ناهێنێ عەرەبییە، ئەم نەوەیەی ئێستا زیاتر خۆیان فێری زمانی ئینگلیزی دەکەن تا عەرەبی".
پسپۆرانی بواری زمانی عەرەبیش لەپاڵ ئەو هۆکارانەدا ئاماژە بەچەند هۆکارێکی دیکە دەکەن لەبارەی لاوازی فێربوونی زمانی عەرەبی لهسیستمی فێركاریی هەرێمی کوردستاندا.
عەتا عەبدولقادر، پسپۆڕی زمانی عەرەبیو مامۆستای زانکۆ، ئاماژە بەوە دەکات یەکیک لەنیشانەکانی بایەخ نەدان بەزمانی عەرەبی لەلایەن گەنجانی کوردەوە، ئەوەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا کەمترین ژمارەی خوێندکارو قوتابی کورد ئامادەیە بچێت بەشی زمانی عەرەبی بخوێنێت لەزانکۆ کە لەسفر نزیک دەبێتەوە، لەبەرئەوەی فێربوونی ئەم زمانە پێویستییەکی ئەمڕۆی بازاری کار نییەو دامەزراندنیش نەماوە تا بڕوات وەک مامۆستای عەرەبی لەوەزارەتی پەروەردە وانە بڵێتەوە، ئەو بەئاوینەی وت "لەبەرامبەر ئەمەشدا لەم ساڵانەی دواییدا دەیانو بگرە سەدان باخچەی ساوایانو قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆی تایبەتی کراونەتەوە لەهەرێمی کوردستاندا کە زمانی خوێندنیان بەشێوەیەکی سەرەکی ئینگلیزییە، نەک کوردیو عەرەبی، لەبەرئەوەی ئینگلیزی ئەمڕۆ زمانێکی جیهانییەو هەرچی زانستو تەکنەلۆجیاو ئینتەرنێتە بەزمانی ئینگلیزییەو گرنگترین ئامرازی پهیوهندیكردنیشە لهگهڵ جیهانی دهرهوه، ئەمە لهسیستمی فێركاریی زۆربهی وڵاتاندا ئێستا وایە، ئەگەر زمانی ئینگلیزی زمانی رهسمیشیان نەبێت، ئەمە وایکردووە کە فێربوونی زمانی ئینگلیزی جێگەی بەزمانی عەرەبی لێژ کردووە لەهەرێمی کوردستان".
ئەم پسپۆڕەی زمانی عەرەبی لەبارەی فێرنەبوونی عەرەبی لەلایەن خوێندکارانی کوردەوە، ئاماژە بەوە دەکات هۆکارەکانی زۆرن، هەر لەپرۆگرامی خوێندنو رهوشی وانه وتنهوهوە بگرە تا دەگات بەژینگهی قوتابخانهو ماوەی وانەکانی خوێندنو ئارهزووی قوتابیانو خوێندكاران بۆ فێربوون، ئەو وتی "ئهنجامی لێكۆڵینهوهكان ئهوه دهردهخهن كه بهداخهوه لهگهڵ ئهوهی دهرچووانی ئامادهییهكان ههشت ساڵی خوێندن سهرقاڵی خوێندنی ئهو زمانه دهبن، پاشان زۆربەیان لەزانکۆش چوار ساڵ وانەی عەرەبی دەخوێنن، بهڵام ناتوانن بهو زمانه قسە بكهن، دیارە سهپاندنی پێكهاتهكانی گرامهرو دهستوری زمان لهقاڵبی تیۆریدا نهك تهنها كارساز نیه بهڵكو كارێكه فێرخوازی پێ ماندوو ئهبێتو وایان لێ دێت ئارهزووی فێربوونی زمانهكهیان نامێنێتو بهلایانهوه قورس دهبێت".
وتیشی "چارهسهركردنی فێربوونی زمانی عەرەبی تهنها پهیوهندی بهوهزارهتی پهروهردهوه نیه، بهڵكو كهناڵهكانی راگهیاندنیش دهتوانن رۆڵێكی كاریگهر لهو بوارهدا ببینن، کە ئەمە چەند ساڵێکە لەکوردستاندا بەرچاو ناكهوێت، یهكێك لهگهورهترین خاڵی لاوازیش ههم لهفێركردنو ههم لهفێربووندا لاوازییه لهپهیوهندیكردن، واته لهقسهكردنو بیستندا كه ئهمهش دەبێتە هۆی فێرنهبوونی (قەواعید)و فۆنەتیکو شێوازی دروستكردنی رسته".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات