رونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ له‌باره‌ی كردنه‌ ئامانجی كه‌شتییه‌كی هه‌ڵگری نه‌وتی عێراق
  2026-09-09       63       

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند، کەشتییەکی تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی ڕەشی عێراقی لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا كراوه‌ته‌ ئامانج و هێشتا سه‌رچاوه‌ی هێرشه‌كه‌ نه‌زانراوه‌ و  روداوه‌كه‌ش‌ هیچ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌.

ئاوێنه‌: وەزارەتەکە لە رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، سەعات ٥:٣٠ی بەبەیانی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، کەشتییەک تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی ڕەشی عێراقی كه‌ ئاڵای کۆماری پەنەمای هه‌ڵكردوه‌، لە سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا كراوه‌ته‌ ئامانج و پێكراوه‌. بەو هۆیەوە زیانی مادی بە دیواری کەشتییەکە کەوتوە.

وەزارەتەکە جەختیکردەوە کە ڕوداوەکە هیچ زیانێکی گیانی یان برینداربونی لەنێو ستافی کەشتییەکه‌دا لێنەکەوتوەتەوە، هەروەها نەبوەتە هۆی هیچ لێچۆونێكی سوتەمەنییەکەی بۆ ناو ئاوەکە.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، دەستبەجێ دوای ڕوداوەکە، لایەنە ئەمنی و ڕەسمی و دەریاییە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان كردوە؛ کەشتییەکە جیاکراوەتەوە و خراوەتە ژێر چاودێریی بەردەوامەوە، لەگەڵ بەدواداچونی مەیدانی بۆ ناوچەی دەوروبەری، بۆ دڵنیابونەوە لە نەبونی هیچ ڕژانێكی سوتەمەنییەکه‌ یان زیانی تر یان هەر ئاماژەیەک کە مەترسی لەسەر سەلامەتی کەشتیوانی و ژینگەی دەریایی دروست بکات.

وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچون بۆ وردەکارییەکانی ڕوداوەکە دەکەن و کار دەکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوەی كردنه‌ ئامانجی کەشتییەکەو هۆکارەکانی و وەزارەته‌كه‌یان لە کاتی خۆیدا هەر پێشهاتێک یان زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەم بارەیەوە بڵاودەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×