مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، تەڤگەرێکی لەو شێوەیە نین کە لە کامپدا نیشتەجێببین و دەوڵەتی تورکیش باش دەزانێت ئەمە قەبووڵ ناکەین، چۆڵکردنی قەندیل و ناوچەکە دەرگا بۆ نیشتەجێبوونی هێزەکانی وەک داعش و پێکدادانی لایەنەکانی وەک یەنەکە و پەدەکە دەکاتەوە و دەرئەنجامی زۆر نەرێنی دەبێت.
ئاوێنە: ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) مستەفا قەرەسوو لە بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤیدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەوان ‘ئەرداڵ ئەر’ـی دایەوە و قسەی لەسەر ڕۆژەڤەکان بە گشتی و قۆناغەکانی ئێستای پرۆسەکە و ئەو گومان و هەڵمەتە میدیاییە کرد کە لە دژی پرۆسەکە لە ئارادان.
قەرەسوو لە بارەی ئەو دەنگۆیانەی لە بارەی ‘کامپنشینی’ ئەندامانی تەڤگەرەوە دەکرێت ڕایگەیاند، دەکرێت زۆر شت ڕووبدەن بەڵام بابەتی ‘کامپنشینی’ ئەندامانی تەڤگەر زۆر مەحاڵە و بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەنەوە و وتی: لە جیهاندا هەموو شتێک دەشێت ڕوو بدات، بەڵام شتێکی لەم شێوەیە نابێت، ئێمە تەڤگەرێکی ئاوا نین، ناتوانین ببینە تەڤگەرێک کە ئیرادەی خۆمان لە ناو کامپەکاندا سنووردار بکەین و بیخەینە ژێر کۆنترۆڵەوە.
وتیشی: ئێمە دەمانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەین، دەمانەوێت بچینە تورکیا و سیاسەتی دیموکراتی بکەین، دەمانەوێت ببینە بەشێک لە تێکۆشانی دیموکراسی لە تورکیادا، تەڤگەرێکی دیموکراتی و شۆڕشگێڕی لەم شێوەیەین، نابێت کەس بکەوێتە ناو تێڕوانینێکی لەو شێوەیەوە کە پێمان بڵێن بڕۆن لە فڵانە کامپدا بمێننەوە، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە دەوڵەتی تورکیش ئێمە دەناسێت، پەکەکە دەناسێت، تەڤگەرەکە دەناسێت، ئەوان خۆشیان زۆر باش دەزانن کە ئێمە شتێکی لەم شێوەیە قبووڵ ناکەین.
هاوکات لە بارەی پرسی چارەنووسی سنووری قەندیل و جێگەکانی دیکە، لە دوای ئەگەری جێبەجێکردنی پرۆسەی گەڕانەوەی گەریلا بۆ باکوور، قەرەسوو وتی: ئەو ناوچانەی ئێمە لە ئێستادا لێیانین، بەهۆی ‘پێگەی ستراتیژی’ـیانەوە هەمیشە جێگەی ململانێ و شەڕ بوون، هەر ئەم گرنگییەش وایکردووە کە دەیان ساڵە سەرەڕای دژایەتیی جیهانی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، خۆمان لەم جوگرافیایەدا ڕابگرین.
جەختیشی کردەوە، چۆڵکردنی ئەم ناوچانە لە لایەن ئێمەوە، مەترسیی دروستبوونی بۆشایییەکی ئەمنی گەورە و جێگیربوونی هێزەکانی وەک داعش یان سەرهەڵدانی پێکدادانی ناوخۆیی لە نێوان لایەنەکان لەوانە پەدەکە و یەنەکەی لێدەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، پاشەکشەی هێزەکانمان لەم قۆناغەدا تەنیا لە کاتێکدا دەکرێت کە سیاسەتێکی ورد و پلانێکی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە لە ئارادا بێت، ئەگەر پرۆسەکە بە هۆشیارییەوە ئەنجام نەدرێت، گەڕانەوە یان کشانی هێزەکانمان دەبێتە هۆی دەرئەنجامی زۆر نەرێنی و ئەگەری هەیە شەڕێکی گەورەتر لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێنێت، کە ئەمەش بابەتێکی هەستیارە و لە ژێر گفتوگۆدایە.
هاوکات لە بارەی بوونی کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان تەڤگەری ئازادی و ڕێبەر ئاپۆ (ئیمراڵی)ـدا قەرەسوو ڕایگەیاند، پەیوەندی و گفتوگۆکان لە نێوان دەوڵەت، ڕێبەرێتی (ئیمراڵی) و تەڤگەردا لە ڕێگەی چەند کەناڵێکەوە بەردەوامن، پرسی دۆخی ڕێبەرێتی هێڵی سوورە، چونکە بەپێی بڕیارەکانی کۆنگرە، هیچ پرۆسەیە، تەنانەت پرسی دەستبەرداربوون لە چەک، بەبێ سەرپەرشتی و بەشداریی ڕاستەوخۆی ڕێبەرێتی ناچێتە پێشەوە، شتێک نییە بەناوی “چەک دابنێن و تەسلیم ببنەوە”، بەڵکو ئامانجەکە گەڕانەوەیە بۆ تورکیا بۆ درێژەدان بە تێکۆشانی سیاسی و دیموکراتی.
وتیشی: دوورکەوتنەوە لە خەباتی چەکداری بە مانای دەستبەرداربوون لە بنەما ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکان نییە، ئامانجی سەرەکیی تەڤگەر هێشتا بریتییە لە خوڵقاندنی تورکیایەکی دیموکراتی، بنیاتنانی سۆسیالیزمی دیموکراتی و کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ کە پشت بە کۆمۆنەکان ببەستێت؛ بۆیە هیوای تەڤگەر گواستنەوەی ئەم خەباتەیە لە شاخەوە بۆ ناو کایەی سیاسیی مەدەنی، نەک دەستبەرداربوون لە ئامانجە ٥٠ ساڵییەکە.