ئا: ئاوێنە
گۆڕانی ئاراستەی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئۆپەراسیۆنێکی خێراوە بۆ قۆناغێکی پڕ لە ئاستەنگ و ماندووبوونی درێژخایەن، بووەتە جێی بایەخی ناوەندە شیکارییە جیهانییەکان. بەپێی ئەو ڕاپۆرت و شرۆڤانەی لە میدیا دیارەکانی وەک "آی بيبر" و "واشنطن بوست"دا بڵاو کراونەتەوە، دەرکەوتووە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر توانای بەرگری و ئابووریی واشنتن هەبووە، هاوکات تاران توانیویەتی لەم درێژبووەوەیە سوود وەربگرێت بۆ دروستکردنی گوشاری سیاسی و ئابووری.
فشارە ئابووری و سەربازییەکانی گەروی هۆرمز
لە ماوەی ڕابردوودا، گرژییەکان لە ناوچەی گەروی هۆرمز دوای زنجیرەیەک پێکدادان و لێدانی سەربازی پهرهی سەند، ئەمەش ڕاستەوخۆ بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ نەوت بە ڕێژەی لەسەدا دوو. شارەزایانی سەربازی پێیان وایە کە تاران سەرکەوتوو بووە لە بەکارهێنانی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە وەک کاراتێکی گوشار دژی واشنتن و هاوپەیمانەکانی. لەم چوارچێوەیەدا، تێچووی ئابووری و سیاسی لەسەر شانی ئەمریکا قورس بووە، بە جۆرێک زیاتر لە پەنجا هەزار سەربازی ئەمریکی و دوو گروپی فڕۆکەهەڵگر ڕەوانەی ناوچەکە کراون، ئەمەش باری سەرشانی لۆجستیکی و هێزی زەمینی و دەریایی وڵاتەکەی خستووەتە ژێر گوشارێکی توندەوە.
داکشانی یەدەگی سەربازی و کێشەی دابینکەرەکان
ئەم جەنگە درێژخایەنە بووەتە هۆی بەکارهێنانی رێژەیەکی بەرچاو لە کەرەستە و پێداویستییە سەربازییەکانی ئەمریکا، لەوانەش بەکارهێنانی دوو لەسەر سێی یەدەگی مووشەکەکانی پاتریۆت، لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی مووشەکە وردپێکاویەکانی توماهۆک. لای خۆیەوە، بن کێشلينگ، ئەفسەری پێشووی هێزی دەریایی، هۆشداری دەدات لە بوونی کەلێنێکی هەستیار لە بواری کەرەستەی لۆجستیکیدا، وەک بەکارهێنانی پاتری و کەرەستەی ئەلیکترۆنیی دروستکراوی چین لە ناو یەکە مەیدانییەکاندا، کە ئەمەش مەترسیی ئیداری و ئەمنی بۆ سەر زانیارییە نهێنییەکان دروست دەکات و دەکرێت وەک خاڵێکی لاواز لەلایەن رکابەرە ستراتیژییەکانەوە بقۆزرێتەوە.
گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکان و کێشەی سەرکردایەتی
لە لایەکی ترەوە، کێشەی کارگێڕی و سیاسی لەناو پێکهاتەی سەرکردایەتیی سەربازیی ئەمریکادا قووڵتر بووەتەوە. بە وتەی شرۆڤەکاران، بە لادانی ژمارەیەک لە ئەفەسەر و فەرماندە باڵاکان لە پێناو مەرجی سیاسیدا، بۆشاییەکی گەورە لە پلانی سەرکردایەتی و بڕیاردانی پیشەییدا دروست بووە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئامادەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی تری جیهانی دروستکردووە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا، تێچووی بەردەوامی ئەم جەنگە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری دەبێتە بارگرانییەکی گەورە بۆ سەر ئیدارەی کۆشکی سپی، لە کاتێکدا ئێران هەوڵ دەدات دۆخەکە بە ئاراستەی بەدیهێنانی دەستکەوتی درێژخایەنی سیاسی بقۆزێتەوە.