سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان، نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی ئێستای بەرهەمهێنانی مریشک و زیانە زۆرەکانی خاوەن کێڵگەکان رادەگەیەنێت.
ئاوێنه: نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تێچوی بەرهەمهێنانی هەر کیلۆیەک مریشک نزیکەی ٢,٤٠٠ دینارە، بەڵام لە ئێستادا مریشک لە هۆڵەکان بە نرخی ١,٩٠٠ دینار دەفرۆشرێت. ئەمەش بوەتە هۆی دروستبونی زیانێکی گەورە بۆ خاوەن کێڵگەکان و کاتێک بەم شێوەیە لە زەرەرو زیانداین کەس پشتیوان و بەدەمەوەهاتنیان نییە، بەڵام کاتێک نرخ بەرزدەبێتەوە هەموان بەرامبەرمان نیگەرانن. بەردەوامبونی ئەم دۆخە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەردەوامی بەرهەمهێنان دەبێت.
بڵاوبونەوەی هەندێک نەخۆشیی ڤایرۆسی، مردنی مریشک لە هۆڵەکانی بەخێوکردندا، لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی عەلەف، کارەبا و سوتەمەنی، بارگرانییەکی زۆریان خستوەتە سەر بەرهەمهێنەرانی مریشک.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوامبونی ئەم بارودۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی زیانی زیاتر بۆ خاوەن کێڵگەکان و لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراک و بەردەستبونی بەرهەمی مریشک و نرخەکانی بازاڕ دادەنێت.
وتیشی، بۆیە، کۆمەڵەکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە خێرایی هەنگاوی پێویست بنێن بۆ:
١- چارەسەرکردنی کێشەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان و بەهێزکردنی چاودێری تەندروستی کێڵگەکان .
٢- پشتیوانی لە بەرهەمهێنەرانی مریشک و کەمکردنەوەی بارگرانییەکانیان.
٣-هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنان و دۆخی بازاڕ و دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ڕێکخستنی نرخ، بە شێوەیەک کە نە بەرهەمهێنەر زیانی زۆر بکات و نە هاوڵاتی بە نرخی گران بگاتە سەر سفرەکانیان.
٤- هەماهەنگی زیاتر لەنێوان حکومەت، بەرهەمهێنەران و بازرگانان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام.
نازم عبدوڵا، لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە رێکخستنی بازاڕ و پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی تەنها بۆ پاراستنی خاوەن کێڵگەکان نییە، بەڵکو بۆ دابینکردنی بەرهەمی جێگیرە بە نرخێکی گونجاو کە بۆ هاوڵاتیان گرنگ و پێویستە.