وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم له‌باره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی كچێكی 21 ساڵان له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی له هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئەنجامدەرانی نەشتەرگەری و ئیدارەی نەخۆشخانەكه، سەرپێچی بڕیاری وەزارەتیان کردوەو پابه‌ندنه‌بون، دەرەنجام نەخۆش گیانی لەدەستداوە. ده‌شڵێت، نه‌خۆشخانه‌كه داده‌خه‌ن و ئیدارەی نەخۆشخانەكه و سه‌رپێچیكاران ده‌ده‌نه دادگا.
ئاوێنه: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی گیانلەدەستدانی نەخۆشێکی ئافرەت تەمەن 21 ساڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانه ئەهلیه‌كانی شاری هه‌ولێر بڵاوكرده‌وه، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی پشکنین و بەدواداچون سەردان و بەدواداچونی مەیدانی کراوه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وتویه‌تی، پزیشکی نەشتەرگەر هیچ ڕێگەپێدانی کارکردنی نییە لەو نەخۆشخانەیە وئه‌و پزیشكه لە لیستی میلاکی ڕێگەپێدراوانی وەزارەتدا نییه بۆ کارکردنی لەم نەخۆشخانەیە.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، نەشتەرگەری فریاکەوتن بەبێ بونی فریاکەوتن و بەبێ بونی هۆڵی چاودێری چڕ لەو نەخۆشخانەیە ئه‌نجام دراوه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، لەبەر نەبونی سەلامەتی نەخۆش و گونجاونەبونی ئەم نەخۆشخانەیە و پابەندنەبون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەسەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە بەفەرمی هۆڵەکانی نەشتەرگەری نه‌خۆشخانه‌كه لەلایەن وەزارەتی تەندوستییه‌وه داخراوە و بەبڕیار کارکردن تێیدا ڕاگیراوە.
وتوشیه‌تی، بەڵام بەداخەوە پزیشکی نەشتەرگەری و پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانە بەڕێگای دیکەی نافەرمی و بەشێوازی نایاسایی بەدەرگای دیکەی نافەرمی چونەتە ژورەوە و کاریان کردوە.
جه‌ختیشی كردۆته‌وه "ئەنجامدەرانی نەشتەرگەری و ئیدارەی نەخۆشخانە، سەرپێچی بڕیاری وەزارەتیان کردوە و پابەند نەبونە، دەرەنجام نەخۆش گیانی لەدەستداوە."
ئه‌وه‌شی وتوه، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان پاڵپشت بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2020 تایبەت بە مافی نەخۆش و پەیڕەوی ژمارە 16ی ساڵی 2022 تایبەت بە لێکۆڵینەوە، ئەو نەخۆشخانەیە دادەخات و ئیدارەی نەخۆشخانە و ئەنجامدەرانی سەرپێچی هەواڵەی دادگا دەکات بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.