ڕۆژنامەی حورییەت ئاشکرایکرد، لەگەڵ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان، ئەندامانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) دەبن بە بەشێک لە سوپای عێراق.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی حورییەت بڵاویکردەوە، چاوەڕێ دەکرێت پرۆسەی چەکدانان تا مانگی ١١ تەواو ببێت و کار بە یاسای پرۆسەی ئاشتی بکرێت بۆ گەڕانەوەی گەریلاکان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تورکیا و باکووری کوردستان و ژمارەیان حەوت بۆ هەشت هەزار گەریلا دەبێت، بەڵام نزیکەی ٢٤٠ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە یاساکە سوودمەند نابن.
هەر بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بەپێی یاساکە ئەو ٧٠-٨٠ هەزار کەسە کە لە ئەوروپا دەژین و لایەنگری پەکەکەن و هەشت هەزار پەنابەری کەمپی مەخموور دەتوانن بگەڕێنەوە تورکیا و باکووری کوردستان.
پێشتریش میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردبوویەوە نزیکەی چوار هەزار کەسیش کە بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردن و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستگیر کراون، ئازاد دەکرێن.