جەنگی ئەمریکاو ئێران نرخی هەموو پێداویستییەکانی ژیانی لەکوردستان بەرزکردوەتەوە
  2026-04-30       293       
ئەوەی لەبازاری هەرێمدا هەستی پێ دەکرێت هەڵاوسانی ئابورییە

ئا: شیلان محەمەد

 

جەنگی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کاریگەری لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان‌و گرانبوونی نرخی شتومەک هەبووە، سەرۆکی هەناردەو هاوردەی هەرێم دەڵێت "گرفتی کوردستان ئەوەیە زیاتر لەوەی بەرهەمهێن‌و هەناردەکار بێت، بەکاربەرو هاوردەکارە، ساڵانە تەنها بەبڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلارێک بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردە دەکات ، بەڵام لەبەرامبەردا ساڵانە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار هاوردەی کاڵا دەکرێت لەدەرەوە بۆ ناو هەرێم".

 

ڕێبوار، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییەو هەست دەکات خەریکە هەم داهاتی کەمی کردووەو هەم نرخی کاڵاو شتومەکە پێویستییەکانی بەرزبووەتەوە، نان‌و کولێرە لەزۆر شوێن یان کێشی کەمی کردووە یان ژمارەی کەم بووەتەوە، تەماتەو سەوزەو میوە بەراورد بەساڵان ئەم وەختە هەمووی گرانن، ئەو بەنیگەرانییەوە بەئاوێنەی وت "دۆخەکە بەجۆرێکی لێهاتووە ئەگەر کەسێک باری ئابوریشی باش بێت، وەک پێشتر ناتوانێت پێداویستی‌و خۆراک بکڕێت، دەچێت دەگەڕێت کام شوێنەی نرخی شتەکانیان هەرزانرە لەوێ دەیکڕێت".

وتیشی "من وەک خۆم ئێستا تەنها پێویستییە سەرەکی‌و گرنگەکان نەبێت ئەوانی دیکە ناکڕم، بۆ نموونە خواردن، بەڵام لەخواردنیشدا دەبێت لایەنە ئابوورییەکە ڕەچاو بکەین‌و هەم بڕێکی کەمتر هەم بە نرخی هەرزانتر بەدەستی بهێنین ".

 

هاولاتیان هەموویان هەست دەکەن لەپاڵ بێ بازاڕیی‌و دواکەوتنی مووچەدا، ئێستا بەهۆی کاریگەری جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئێستا خەمیکی دیکەشیان بۆ زیاد بووە، کە ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکانی بازاڕە.

غاز، کە یەکێکە لەپێویستییە سەرەکی‌و گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانە لەو بارودۆخەشدا نرخی بەجۆرێک بەرز ببۆوە کەسانی کەم دەرامەت توانای کڕینیان نەبوو .

 

نازم، یەکێکە لەبریکارەکانی غازی سلێمانی‌و لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "لەناو شاری سلێمانیدا ٣٦ کارگەی غازی تێدابوو، خەزنیان هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی کە خەزنیان نەما لەکەلار، بازیان، چەمچەماڵ، داوای غازیان دەکردو دەهاتە نێو سەنتەری شارەکان، هەروەها غازی بەنزینخانە کە ئەوان بەبازرگانی دەیکڕن‌و دەیفرۆشن، هەر بوتڵە غازێک لەبەنزیخانە چووە سەروو ٢٠ هەزار دینارەوە، لەبازاڕی ڕەشیشدا هەبوو، وەک سایەق تەکسی کە چون لەبەردەم کارگەکاندا وەستاون،  سێ سێ‌و چوار چوار غازییان گۆڕیوە پێش ئەوەی ببێتە فۆڕم، لەبەرئەوە ئێمە فریای ئەوە نەدەکەوتین غازی زۆر بخەینە نێو بازاڕەوە ".

وتیشی "لەکاتی سەرمادا خواست لەسەر غاز زیاد دەکات بەهۆی سۆپای غازو گیزەرەوە، ئەویش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێریی، زۆرێک لەماڵان گیزەریان داناوە، ڕۆژانی ئاسایی لە زستاندا بڕی ١٦ هەزار غاز فرۆشراوە، خواستی خەڵکیش بۆ غاز لەئێستادا لەچاو کاتی جەنگەکەدا کەمی کردووە، لەکۆرمۆرەوە رۆژانە بڕی ٢٤٠ تەن غاز دێت بۆ سلێمانی، کە دەکاتە ١٢ تەنکەر، ٦ تەنکەری بۆ سەنتەری شارەو ٦ تەنکەریش بۆ قەزاو ناحییەکانە کە دەکاتە ٢٠ تەن بۆ هەر تەنکەرێک" .

 

یەکێکی تر لەهۆکارەکانی گرانبونی نرخی کاڵا وابەستەیە بەو کۆت‌وبەندە گومرگیانەی کەحکومەتی عێراق خستویەتییە سەر بازرگانان بەتایبەتی لەڕووی گومرگەوە، وەک بازرگانان دەڵێن.

 

باوەڕ محەمەد، کە بازرگانێکی خۆراکە لەشاری سلێمانی بەئاوێنەی وت "ئەو دۆخەی ئێستا بەرۆکی ناوچەکەی گرتۆتەوە کاریگەری لەسەر هەموو شتێک دروست کردوە، بواری بازرگانیش یەکێکە لەو بوارانەی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەیە ، ئێمە وڵاتێکی بەکاربەرین بەرهەمهێن نین، لەسەدا ٩٠ی بەرهەمەکانمان لەدەرەوەی وڵات هاوردە دەکەین، شەڕو نائارامی بووەتە هۆکاری گرانبوونی نرخی گواستنەوەو ئەمەش نرخی کاڵاکانی زیاتر بەزر کردوەتەوە، زۆرێک لەبازرگانەکانیش لەسەرەتای مانگی یەکی ٢٠٢٦ بارەکانیان داخڵ نەکرد، لەبەر خستنەسەری گومرگی زیاتر کە ڕێژەکەی ١٠٪ بۆ ٣٥٪ە، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاکان".

وتیشی "بەشێکی زۆری کاڵاکانمان لەئێرانەوە دێن، بەهۆی ئەم شەڕەوە دەستکەوتنی کاڵا زۆر زەحمەت بووە، بگرە زۆرێک لەکاڵاکان قەدەغە کراون لەئێران ببرێنە دەرەوە، بۆردومان کردنی ئەو کارگانەی کە ماددەی سەرەتایی دروست دەکەن کە شەریکاتی پترۆکیمیایین، نرخی زۆربەی کاڵاکانی تری بەرزکردوەتەوە".

 

ئابوریناسێکیش ئاماژە بەوە دەکات کە هەنووکە ئەوەی لەبازاری هەرێمدا هەستی پێ دەکرێت هەڵاوسانی ئابورییە، لەئەنجامی ئەو جەنگەی ناوچەکەی گرتوەتەوە.

 

د. ئارام قادر کۆکۆیی، پسپۆڕی بواری ئابوری بەئاوێنەی وت "هەمیشە جەنگ کاریگەری نەرێیی هەبووە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، ئێستا نرخی سووتەمەنی بە بەراورد بەکاڵاو شتوومەکەکانی، دوو هێندە زیاد بووە، گرانی سووتەمەنی‌و وزەش کە هەر لەبەرهەمهێنانی کارەباوە تا گازی شل بۆ دروستکردنی خۆراک‌و بەنزین بۆ گواستنەوەو هاتوچۆ بەکاردەهێنرێت،  نرخی کاڵاو شمەکەکانی دیکەی بەرزکردووەتەوە، ئەمە لەئابوریدا پێدەوترێت شۆکی خستنەڕوو، واتە خواست هەیە، بەڵام خستنەڕوو کەمە، کە خواست لەسەر هەر شتومەک‌و کاڵاو خزمەتگوزارییەک زۆر بوو، خستنە ڕوو کەم بوو نرخی ئەو کاڵاو خزمەتگوزاری‌و شمەکە زیاد دەبێت، واتە هەڵاوسان روودەدات".

وتیشی "هەنووکە ئەوەی لەبازاری هەرێمدا هەستی پێدەکرێت هەڵاوسانە بەهۆی گرانبوونی کاڵاو شمەک‌و خزمەتگوزاریی‌و ئەم هەڵاوسانەش بارگرانی لەسەر  شانی هاولاتیان دروستکردووە، بەتایبەت بەهۆی نەبوونی سیولە واتە کاش لەلای هاووڵاتیان، کە ئەمەی دواییان بۆ نەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوە ئەگەر ئەنجامەکانی شەر لەسەر هەرێم‌و دەوڵەتانی هاوشێوەی هەرێمی دراوسێ وەک ئێران تەنها هەڵاوسانی نرخ بێت، بۆ هاوڵاتیان‌و خێزانەکانی هەرێمی کوردستان ئەم کاریگەرییە دوو هێندەیە".

 

بەڵام سەرۆکی یەکێتی هاوردەو هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک بێ خەم بن، لەبەرئەوەی کۆگاکان پڕن لەخۆراک‌و بەردەوامیش دێت‌و نرخیش زۆر بەرز نابێتەوە.

 

شێخ مستەفا شێخ عەبدولرەحمان، سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردەو هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بەئاوێنەی وت "سوپاس بۆ خوا کۆگاکانمان هەمووی پڕە لەخۆراک، بەردەوامیش خۆراک دێن، بەڵێ لەسەرەتاوە دەروازەکانی سنوری ئێران بەڕووی هەرێمی کوردستان داخران، بەڵام پاش هەفتەیەک ئەو دەروازانەش کرانەوە، بارودۆخ لەدوو مانگی   ڕابردوودا بەرەو گرژی‌و ئاڵۆزییەکی زۆر ڕۆشت، بەڵام ئێمە نەخۆراکمان لێ بڕا، نە نرخ یەکجار بەو شێوەیە بەرز‌ بۆوە کە خەڵکی پێشبینیان دەکرد ".

وتیشی "هەرچەندە دورگەی هورمز گرژی تێکەوت، کاڵاکانمان بەڕێگەیەکی تردا دەهات کە درێژو کاتی زیاتر دەخایەنێت، واتە لەجیاتی لەو دورگەیە ڕاستەوخۆ بچێتە بەسڕە ، ئەوا دەچووە عوممان، پاشان سوریا، تورکیاو لەوێشەوە هەرێمی کوردستان بەڕێگای مەرزی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، دیارە کە ڕێگا دووربێت تێچوی گازو بەنزینیش زیاتر دەبێت کە نرخیشی دووقات بوو، بەو هۆیەوە کاڵاکەش زیاتری دەچووە سەر، بەڵام بەڕێژەی لەسەدا ١٠ زیاتر تێنەدەپەڕی، .

  سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردەو هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە گرفتی کوردستان ئەوەیە زیاتر لەوەی بەرهەمهێن‌و هەناردەکار بێت، بەکاربەرو هاوردەکارە، ئە وتی "ساڵانە تەنها چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵ هەناردە دەکرێت بەبڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلارێک، ئەم ١٠٠ ملیۆنە ئەو شتانەش دەگرێتەوە کە هەندێ کۆمپانیا بەرهەمیدەهێنن وەک  هەنگوین‌و شەربەت‌‌و لەوەرزی پێگەشتنی میوەشدا ساڵانە هەناری هەڵەبجە بە بڕی کەم تا زۆر دەنێرین بۆ دەرەوە ، بەڵام لەبەرامبەردا ساڵانە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار هاوردەی کاڵا دەکرێت لەدەرەوە بۆ ناو هەرێم".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×