بیرەوەرییەکانی شەرع و ھەڵوێستێکی مام جەلال..
  2026-05-06       754       

✍️ھێمن مەحمود

 

بۆ نەوەی ساڵانی نەوەدەکان و دووھەزارەکان ناوی (فاروق شەرع) ناوێکی ئاشنای ناو ھەواڵ و ڕووداوە سیاسییەکانە.
 

شەرع کە لە ساڵی ١٩٨٦ تاوەکو ٢٠٠٦ وەزیری دەرەوەی سوریا و لە ٢٠٠٦وە تا ٢٠١٤ جێگری سەرۆککۆماری سوریا بووە کاراکتەرێکی دیار و دیپلۆماتکارێکی بەناوبانگی ناوچەکە بووە.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ویستم زیاتر لە دۆخی ئێستا و ڕابردووی سوریا تێبگەم، ھەر بۆیە کتێبی دووەمی بیرەوەرییەکانی شەرعم خوێندەوە کە باس لە ساڵانی ٢٠٠٠ -٢٠١٥ ی ژیانی خۆی دەکات کە چەندین نھێنی دەربارەی شێوازی حوکمڕانی حافز ئەسەدی باوک و بەشار ئەسەدی کوڕی تێدایە، ھەروەھا چەندین نھێنی ڕووداوە عەرەبی و ناوچەییەکانی سەبارەت بە ململانێی عەرەب - ئیسرائیلی تێدایە و ھەڵوێستی سەرۆک و پاشا عەرەبییەکان و چۆنییەتی گرێدانی کۆنگرەکانی عەرەبی تێدایە، باسی لوبنان و چۆنیەتی کوژرانی ڕەفیق حەریری و لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە خراوەتەڕوو،  لە ھەمووشی گرنگتر ڕووداوەکانی بەھاری عەرەبی و چۆنیەتی سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانی سوریا و بێباکی و گوێنەگرتنی بەشار ئەسەد لە پێشنیار و چارەسەرەکان بۆ گۆڕینی دۆخی سوریا و دیوی ناوەوەی دەسەڵاتی ئەمنی لە سوریادا خراوەتەڕوو.
بیرەوەرییەکان زیاتر لە ٢٧٣ لاپەڕەیە، زۆر بە پیشەییانە و دوور لە ھیچ کاریگەرییەکی سیاسی نووسراوە، کە دەیخوێنیتەوە ھەستدەکەیت ڕۆژنامەوانێکی بێلایەن نووسیویەتی و تەنیا دەیەوێ زانیاری ببەخشێت.
ھەر بۆ زانیاریش فاروق شەرع لە کاتێکدا جێگری بەشار ئەسەدە لەساڵی ٢٠١٣ لە چاوپێکەوتنێکدا ڕەخنە لە چارەسەری سەربازی بۆ دۆخی سوریا دەگرێت و داوای گفتوگۆ دەکات، ھەر بەھۆی ئەو چاوپێکەتنەشەوە بەشار ئەسەد لە پۆستەکەی لایدەدات و دەستبەسەری دەکات.
ئەم کتێبە شێوازی حوکمڕانی سوریا لە ئەسەدی باوکەوە بۆ ئەسەدی کوڕ دەخاتەڕوو، جیاوازی حوکمڕانێتی باوک و کوڕ و وەعد و بەڵێنی درۆینەی گەنجێتی بەشار و چاکسازی سیاسی و ئابووری ئاشکرا دەکات کە ھەمووی بانگەشە و درۆ بووە و بەشار کەسێکی نێرگزی و ئارەزووبازی دەسەڵات و پەرستن و تینووی خوێن بووە.
پێمخۆشە بە کورتی ھەندێک بابەتی ناو کتێبەکەی باسبکەم.
🔹 لەباسی خوالێخۆشبوو مام جەلالدا:
لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٠٣، بڕیاری ١٤٨٣ لە ئەنجومەنی ئاسایش دەرچوو کە تیایدا بوونی ھێزەکانی ئەمریکای بەداگیرکەر لە عێراقدا وەسفکرد و بەو جۆرە شەرعیەت درا بە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا کە ماوەی مانگێک بوو ئەو وڵاتەیان داگیرکردبوو. 
سوریا کە ئەو ساڵە بە نوێنەری وڵاتانی عەرەبی لە ئەنجومەنی ئاسایش ئەندامێکی ھەمیشەیی نەبوو، لەدژی بڕیارەکە دەنگی نەدا ئەمەش بە واتای ڕازیبوون دەھات.
فاروق شەرع لەبیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: مام جەلال کە ئەندامی ئەنجومەنی حوکم بوو سەردانی دیمەشقی کرد، لەگەڵ عەبدولحەلیم خەدامی جێگری سەرۆککۆمار کۆبوویەوە، منیش ئامادەبووم.
خەدام گلەیی لە مام جەلال کرد کە بۆچی دەربارەی داگیرکاری ئەمریکا بێدەنگ بووەو ھەڵوێستی نەبووە، مام جەلالیش بە زمانە کاریگەرەکەی وتی جەنابی جێگری سەرۆککۆمار ئێوەش لە دژی بڕیارەکە دەنگتان نەدا، کەواتە ئێوەش ڕازی بوون بە داگیرکردنی عێراق. شەرع دەڵێت ئیدی خەدام بێدەنگ بوو.
🔹 لە باسی ھۆشیار زێباریدا دەڵێت: زێباری تازە بوو با وەزیری دەرەوەی عێراق، لە دیمەشق کۆنگرەی عەرەبی ھەبوو، یەکەمجاربوو عێراق بەشدار بێت، بەڵام فڕۆکە نەبوو زێباری بھێنێت، ئەمیری کوەیت دەستپێشخەریکرد و فڕۆکە تایبەتەکەی خۆی بۆ نارد، بەمەش بۆ یەکەمجار پەیوەندییەکانی عێراق و کوەیت لەدوای داگیرکردنی کوەیتەوە لەساڵی ١٩٩١ ئاسایی بوویەوە.

🔹لەباسی دانانی ئەمیل لحود بۆ پۆستی سەرۆککۆماری لوبنان، شەرع دەڵێت لەساڵی ١٩٩٨ سەردانی فەرەنسام کردو جاک شیراک وەرەقەیەکی پێدام چەند ناوێکی تێدابوو بۆ سەرۆکایەتی لوبنان، یەکەم ناو (لحود)بوو، دواتر کاتێک گەڕامەوە و ڕەفیق حەریریم بینی پرسی باشە کەسێکی باشترتان لە لحود دەستنکەوت؟ منیش پێموت جاک شیراکی ھاوڕێت پێشنیاری کردووە، کەچی حەریری وتی من پێشنیاری ناوی لحودم بۆ شیراک کرد، چونکە دڵنیابووم حافز ئەسەد بزانێت شیراک پێشنیاری کردووە ئەوا ڕازی نابێت ببێتە سەرۆکی لوبنان.
🔹فاروق شەرع دەڵێت کە حەریری کوژرا، لە شاشەکانەوە بینیم عەبدولحەلیم خەدامی جێگری سەرۆکی سوریا لە پرسەکەیە و دەگری، تەلەفۆنم کرد بۆ بەشار ئەسەد بزانم ئەو ناردوویەتی کەچی ئەسەد وتی من بێئاگام لەو سەردانە.دواتر بەھۆی ئەو ڕووداوەوە خەدام دەرکرا.
🔹شەرع دەڵێت حافز ئەسەدی باوک دەفتەرێکی ھەبوو ڕۆژانەی ڕێژەی بارانبارین و ئاستی ئاو و بەرھەمی کشتوکاڵی لەسوریا تۆمار دەکرد کەچی بەشار ئەوەی گرنگ نەبوو بەلایەوە ئەو شتانەبوو.
🔹دەڵێت تازە ئەسەدی باوک مردبوو، بەشار کرابوو بە سەرۆک، ھێشتا پرسە کۆتایی نەھاتبوو، بەشار لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا لە کۆشک چوو بۆ ئاھەنگ و سەیران.
شەرع دەڵێت لەسەرەتای خۆپیشاندانەکان لە دیمەشق 🔹شۆفێرێکی تاکسی لەگەڵ پۆلیسێکی ھاتووچۆ بوو بە کێشەیان، کێشەکە گۆڕا بۆ خۆپیشاندان، بەرپرسێکی ئەمنی گەورە ڕۆیشتە ناو خۆپیشاندانەکە و توانی بە ئاشتی کێشەکە چارەسەر بکا، کەچی دواتر بەرپرسەکە دەرکرا چونکە ھەیبەتی دەوڵەتی شکاندبوو ھێزی بەکارنەھێنابوو.

بە کوردی و بە کورتی ھەتا ئەم کتێبە نەخوێنیتەوە تێناگەیت دەسەڵاتەکان چۆن لەناوەوە گەندەڵ دەبن و چۆن دەیانەوێ بە زەبری ھێز بمێننەوە و چۆن دواجار کۆتاییان دێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×