کاتێک قاسملۆ دەدوێت...!
  2026-05-09       869       

✍️ھێمن مەحموود

 

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران حزبێکی مێژوویی و کاریگەر و خۆشەویستی کوردانی ڕۆژھەڵات و تەواوی کوردانە لە ھەر شوێنێک بن. ئەم حزبە کاتێک ناوی دێت بێئاگا یەکسەر کۆمارە تاقانەکەی کوردستان و پێشەوا قازی و د. قاسملۆمان وەبیردێتەوە و ساڵانی خەباتی ئەم حزبەمان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بیردەکەوێتەوە.
کۆمارە تاقانەکەی کوردستان لە مەھاباد ئەستێرەیەکی گەشاوەیە لە مێژووی پڕ شکۆی خەباتی گەلی کورددا لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستان و ھەر کە ناوی دێت ڕێز و شکۆ و ھەیبەتی ئەو کۆمارە تەمەن کورتە یانزە مانگییە دەدرەوشێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قازی محەممەد وەک پێشەوای ئەو کۆمارە ناوی لە مێژووی کورددا ھەمیشە بە گەورەیی و بە بەرزی دەمێنێتەوە و جێگای ستایش و ڕێزی ھەموو کوردێکە.
لەم چەند ڕۆژەدا کتێبی (چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی- کورتەیەک لە مێژووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران)م خوێندەوە کە شەھید د.عەبدولڕەحمان قاسملۆ وەک ڕابەر و سکرتێری حزبی دیموکرات لە ساڵیادی چل ساڵەی تەمەنی ئەو حزبەدا لە ساڵی  ١٩٨٥ نووسیویەتی و بە وردی لە دوو فەسڵدا باس لە مێژووی قۆناغێکی گرنگی ئەو حزبە دەکات.
فەسڵی یەکەمی ئەم کتێبە باس لە ھەلومەرجی ئاخنراو لە ڕووداوی پێش سەردەمی دامەزراندنی حزب و پێویستی پێکھاتنی حزبێکی دیموکرات و شۆڕشگێڕ لە ساڵی ١٩٤٥دا دەکات، فەسڵی دووھەمیشی تەرخانکراوە بۆ باسی یەکێک لەلاپەڕە زێڕینەکانی ڕابردووی نەتەوەی کورد کە بریتییە لە پێکھاتن و تەمەنی پڕ لە ھەوراز و نشێوی کۆماری مەھاباد (١٩٤٥_١٩٤٦) دەکات.
قاسملۆی ڕەحمەتی لەم کتێبەدا وەک سکرتێری ئەم حزبە نا، بەڵکو وەک مێژوونووسێک، وەک ڕەخنەگرێک، وەک نووسەرێکی ورد و واقیعی تەواوی ڕووداوەکان و بەسەرھات و ھەلومەرج و باروودۆخەکانی ئەو ماوەیە دەخاتە ڕوو، بەبێ بریندارکردن و خۆفەرزکردن و لەخۆبایی بوون و خۆھەڵنان وێنەیەکی واقیعی ئەو سەردەمان پیشاندەدات، لەکۆیدا ھەڵەکراوە دەستدەخاتە سەر برینەکان، لەکوێدا کاری باشکراوە دەستخۆشی دەکات، قاسملۆ لێرەدا بە زمانێکی سادە، بە زمانی خوێندەوارێک و شارەزایەک، بە شێوازێکی کورت و پوخت مێژوو دەنووسێتەوە، مێژوو وەک ھیچی تر نا بەڵکو مێژووی وەکخۆی.
لەڕاستیدا من وەکخۆم ئەمە یەکەم کتێبی قاسملۆیە بیخوێنمەوە، تاوەکو ئەمەشم نەخوێندەوە لەوە تێنەگەیشتم کە ئەو شەھیدە سەرکردەیە ھەروەکچۆن لە سیاسەتدا سیاسی و دیپلۆماتکار و پێشمەرگەیەکی ئازابوو، ئاوەھاش لەبواری نووسیندا چەندە نووسەرێکی باڵا و بیرکەرەوەیەکی ورد و خاوەن ڕوئیا و دونیابینییەکی گەورە و فراوانە. شێوازێکی نووسینی تایبەت بە خۆی ھەیە کە کەم سەرکردەی حزبی ئەو خوێندەوارییە و ئەوە

شێوازە نووسینەیان ھەیە.
لەبارەی قازی محەممەدی پێشەواشەوە نەمدەزانی ئەو سەرۆککۆمارە چەندە سیاسییەکی واقیعی و خاوەن خەونی گەورە و چاونەترس و بەوەفابووە بەرامبەر ڕێباز و پەیامەکەی خۆی کە ھەر ئەوەش وایلێکرد لە تەمەنێکی گەنجی ٤٧ ساڵیدا لە پێناوی گەلەکەیدا بڕواتە بەر پەتی سێدارە و خۆی بکاتە قوربانی نەتەوەکەی، بڕوام وایە سەرکردەی وەک قازی محەممەد بە ئاسانی بۆ کورد دووبارە نابێتەوە.
قاسملۆ لەم کتێبەدا لە باسی کۆماری مەھاباددا زۆر بە وردی باسی لەدایکبوونی ئەو کۆمارە و خاڵە بەھێزو لاوازەکانی ئەو کۆمارە و کاریگەرییە چینایەتییەکانی ناو کۆمارەکە و ھۆکاری شکسھێنانی ئەو کۆمارە دەخاتە ڕوو.
نێوانی تەمەنی دروستکردنی حزبی دیموکرات و کۆماری مەھاباد کەمتر لە شەش مانگە، ھەر ئەمەشە وایکردووە کە حزبەکە ئەرکێکی زۆر قورسی بکەوێتە سەر شان و لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا بەبێ ھیچ ئامادەکاری و ھەبوونی کادێری پێویست ببێتە خاوەنی کۆمارێک.
دەستکەوتە بەھێزەکانی ئەو کۆمارە خۆی لەوەدا دەبینییەوە یەکەمجاربوو کورد ببێ بەخاوەن کۆماری خۆی، ئازادی و دیموکراسی، نەمانی ڕێژەی تاوان و گەندەڵی و بەرتیل، گەشەسەندنی خوێندەواری و زمانی کوردی و ڕۆژنامەگەری، لەھەمووشی گرنگتر سەیرکردنی ئەو کۆمارە وەک خۆرێک بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان ( نابێ ڕۆڵی بارزانییەکان لەبیربکرێت کە بڕبڕەی پشتی ھێزی نیزامی کۆمارەکەبوون) و دەیان دەستکەوتی دیکە لەو تەمەنە کورتەی کۆماردا.
ھاوکات خاڵە لاوازەکانی کۆمارەکەش نەبوونی کادیری پێویست و تێکەڵاوبوونی حزب و حکومەت و بەخشینەوەی پلەی سەربازی بەبێ شایستەیی ( سەربووردەیەکی خۆش ھەیە لەو بارەیەوە، گوایە سەرۆک ھۆزێک ناڕازی بووە لەو پلە سەربازییەی پێیدراوە و داوای پلەیەکی دیکەی کردووە، پێشەواش ئەستێرەیەکی سەرشانی داوەتی بەڵام پێیوتووە ھەر لەناو ھۆزەکەی خۆتدا بیبەستە کە ھاتیتە شار لێیکەرەوە)، ھاوکات خیانەتی چەند سەرۆک ھۆز و خاوەن موڵک و ئاغایەک، فراوانترنەکردنی سنووری کۆمارەکە و قەتیسبوون لە سنووری مەھاباد، بێ بەڵێنی سۆڤیەتەکان و شکستی کتوپڕی کۆماری ئازەربایجان و بەرگری نەکردن ( قاسملۆ دەڵێت کاتێک ھێزەکانی ئێران ھاتنە مەھاباد تەنیا ٢٠٠ سەربازبوون) و چەندین ھۆی دیکە وایکرد کۆمارەکە بڕووخێت.
قاسملۆ دەڵێت زۆرێک لە سەرۆک خێڵەکان کە لە کۆماردا کاربەدەستبوون دوای ڕووخانی کۆمار دەرکەوت لەژێرەوە لەگەڵ کاربەدەستانی تاران لە پەیوەندیدابوون. 
شکستی کۆماری مەھاباد وەھایکرد دۆخێکی نائومێدی باڵ بەسەر کوردستاندا بکێشێت، بەڵام بەرگری ھێزەکانی بارزانی و چەندجار شکاندنی ھێزەکانی ئێران لەکاتی ڕاوەدوونانی بارزانییەکاندا دیسانەوە ھیوا و ورەی بۆ خەڵکی گەڕاندەوە.

کتێبەکە چەندین ڕووداو و بەسەرھاتی تێدایە چەند نموونەیەک دەخەمە ڕوو:
*لەدوای پێکھێنانی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، پێشەوا قازی محەممەد سەردانی بەرپرسێکی یەکێتی سۆڤیەت دەکات بەناوی باقرۆف.
لەکاتی چا خواردنەوەدا باسی یارمەتی بە کۆماری مەھاباد دەکرێت، پێشەوا قازی نوکتەیەک دەگێڕێتەوە گوایە ئاغایەک لە گوندێک دەبێت تاژییەک بە گوندییەکی ھەژار دەبەخشێت، ئەویش بۆ ڕۆژی دواتر سەردانی ئاغا دەکات و لە ڕادەبەر سوپاسی دەکات. ئاغاش بەلایەوە سەیر دەبێت و پێی دەڵێت بۆ ئەوەندە سوپاسم دەکەیت تاژییەک کەی ئەوە دەھێنێ؟
ھەژارەکەش دەڵێ ئاغا تۆ تاژییەکەت پێداوم ئێ دەبێ ئەسپێکیشم بدەیتێ ڕاوی پێبکەم، ئەسپیشت دامێ دەبێ تفاقی ئەسپیشم بدەیتێ، کە ئەوانەشت پێدام دەبێ جێگاو خانوو ھەم بۆ ئەسپەکە و ھەم بۆ خاوەنی ئەسپەکە بدەیتێ ئەوسا بەتەواوەتی لێت ڕازی دەبم..!!
دیارە قازی بۆیە ئەم نوکتەیەی بۆ بەرپرسەکەی سۆڤیەت گێڕاوەتەوە کە ھەر بەتەنیا قەول و قەرار بۆ پاڵپشتی کۆماری مەھاباد بەس نییە و دەبێ بە کردەوە سۆڤیەت یارمەتی کۆمارەکە بدات.
*کاتێک نوێنەری کوردانی تورکیا کە پاش پێکھێنانی کۆماری کوردستان ھاتبوونە مەھاباد، پێشەوا قازی لەسەر پارچەیەک کاغەز بۆی دەنووسێت: ڕووناکایی ئێرە لە دواڕۆژدا بۆ ئێوەش تیشک دەداتەوە!
*دەربارەی ناوی پێشمەرگە، قاسملۆ دەگێڕێتەوە پاش دامەزراندنی کۆمار، کۆڕێکی ئەدەبی لە مەھاباد پێکھات بۆ ئەوەی لەباتی وشەی فارسی و عەرەبی وشەی کوردی ڕەسەن بۆ زاراوەکانی سوپا بدۆزنەوە، ئازەربایجانییەکان بەرامبەر وشەی سەرباز وشەی فیداییان دانابوو، ئەدیبەکان دەستەوەستان بوون ناوێکی وایان شک نەدەبرد، پیاوێکی دنیا دیدە کە چایی بۆ دەبردن پێیوتن کورد بە پیاوی لەخۆبووردوویان دەوت "پێشمەرگە".

خوێندنەوەی ئەم کتێبە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە دۆخی ڕابووردو و ئێستا و داھاتووی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بگەین.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×