زەنگی مەترسی بۆ ئابووریی تورکیا؛ قەیرانی وزە باڵی بەسەر کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتوگوزاردا کێشاوە
  2026-05-14       184       

لێکەوتەکانی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قووڵبوونەوەی قەیرانی وزە، گورزێکی قورسی داراییان لە هەردوو کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتوگوزاری تورکیا وەشاندووە و بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ئاستەنگی گەورە بۆ ئەو دوو کەرتە گرنگە.

ئاوێنە: بەهۆی تۆمارکردنی ئاستێکی پێوانەیی نوێ لە بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، کە لە دیارترینیان هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیایە (Turkish Airlines)، پەنایان بۆ بڕیارێکی قورس بردووە و ناچار بوون بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی خەرجییە داراییەکانیان، بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانیان هەڵبوەشێننەوە.

لەو بارەیەوە، عەلی عارف ئەکتورک، شارەزای بواری وزە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی (BBC)ـی بەریتانی ئاشکرای کرد کە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ڕووسی لە جۆری "ئۆرال" کە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ پاڵاوگە تورکییەکان دادەنرێت، گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە و لە ٦٠ دۆلارەوە بۆ ١٠٥ دۆلار بەرزبووەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، دکتۆر مەهداین ساغلام، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی وزە و کەشوهەوا، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تورکیا لە دابینکردنی نەوتی خاودا بە شێوەیەکی تەواوەتی پشت بە هەر سێ وڵاتی ڕووسیا، عێراق و ئازەربایجان دەبەستێت. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی پاڵاوتنی سووتەمەنیی فڕۆکە لە ناوخۆی تورکیادا ئەنجام دەدرێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەو گوشارە ئابوورییانە دەگەڕێتەوە بۆ ناچاریی کڕینی نەوتی خاو بە نرخێکی زۆر گران لە بازاڕەکاندا.

کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە تەنیا لە بواری فڕۆکەوانیدا کورت نەبوونەتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی توندیان لەسەر کەرتی گەشتوگوزاریش هەبووە. بەپێی داتا فەرمییەکان، قەیرانی وزە بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی بەرچاو کە لێکەوتەکانی بریتین لە:

ئەورووپا: دابەزینی ڕێژەی تۆمارکردنی پێشوەختەی کورسیی گەشتەکان بۆ تورکیا لەلایەن گەشتیارانی وڵاتانی ئەورووپاوە بە ڕێژەی ٢٠٪ بۆ ٢٥٪.

کەنداو: هاتنی گەشتیاران لە چوار وڵاتی سەرەکی کەنداوەوە (کوێت، ئیمارات، قەتەر، و بەحرەین) بە ڕێژەیەکی پێوانەیی و بەرێژەی ٨٠٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەم پاشەکشەیەش زیانی گەورەی بە ناوچە گەشتیارییەکان گەیاندووە؛ ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شاری ئەنتاڵیا، کە بە گەورەترین ناوچەی کەناراوی گەشتوگوزاری تورکیا دادەنرێت، تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا (٢٠٢٦)، نزیکەی ٢٠٠ هەزار گەشتیاری لەدەستداوە.

لە کۆتاییشدا، ناوەندە ئابوورییەکان پێشبینییەکی نەرێنیان بۆ داهاتووی نزیکی ئەم کەرتە ڕاگەیاندووە و چاوەڕوان دەکەن کە تورکیا لەم وەرزەی گەشتوگوزاردا، بە ڕێژەی ١٢٪ لە کۆی ژمارەی گەشتیارە بیانییەکانی کەم ببێتەوە.

زۆرترین بینراو
“ئۆجالان هۆشداری داوە و شێوازێکی نوێی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز کردووە”
​تۆم باراک لە لێدوانەکەی سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلان پەشیمان دەبێتەوە: سیاسەتی ترەمپ نەگۆڕاوە
عەلی زەیدی کاتی راگەیاندنی سەروەریی تەواوەتی دیاری دەکات
قالیباف له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سوپاسالاری پاكستان: گوشاره‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئێران نابێت
هێرشی دارایی بێپێشینە بۆ سەر شادەمارەکانی ئابووریی ئێران؛ وردەکاریی پلانە نوێیەکەی ئەمریکا
فشاری سێقۆڵی لەسەر عێراق بۆ داماڵینی چەکی میلیشیاکان
مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق*
«کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیان بە کارکردنەوە کرد و نرخی بەنزین لە هەرێم دادەبەزێت»
پۆلیسی هەولێر: چەند کەسێک بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی لە گوندی گردەڕەشە دەستگیر کران
حکومەتی عێراق وادەی کاراکردنی پلاتفۆرمی پڕۆژەی «یەک ملیۆن زەوی نیشتەجێبوون» و مەرجەکانی ئاشکرا دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×