ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ی ئایاری 2026)، دادگای تاوانەکانی سلێمانی بۆ جاری سێیەم، دانیشتنی دادبینیی تایبەت بە دۆسیەی لاهوور جەنگی، پۆڵادی برای، ڕێبوار حامید حاجی غالی و هاوڕێکانی بەڕێوەبرد. لەم دانیشتنەدا شایەتحاڵێک ئاشکرای دەکات کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی توندی جەستەیی بووەتەوە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (زووم)ـی نزیک لە لاهوور جەنگی، لە میانی پرۆسەی دادبینییەکەدا، یەکێک لە دەستگیرکراوانی کێڵگەی لالەزار بە ناوی (حەمە ڕەش)، کە پاسەوانی ڕێبوار حامید حاجی غالی (بەرپرسی یەکەی پاسەوانەکانی لالەزار)ـە و لە 22ی ئابی ڕابردووەوە دەستبەسەرە، لەلایەن دادوەرەوە وەک شایەتحاڵ بانگهێشتی بەردەم دادگا کرا. دوای ئەوەی لەبەردەم ئامادەبووانی هۆڵەکەدا هەستا و لەسەر قورئانی پیرۆز سوێندی یاسایی خوارد، دادوەر پێی ڕاگەیاند کە وتەکانی پێشووی لە لێکۆڵینەوەدا بۆ دەخوێنێتەوە و ئەگەر هەر جیاوازییەک هەبوو، پێی بڵێت.
پێش خوێندنەوەی وتەکان، بورهان ڕەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دۆسیەکە، سەرنجی دادوەری بۆ ئەوە ڕاکێشا کە شایەتحاڵەکە لەژێر فشاری تونددا وتەی لێ وەرگیراوە و ئەشکەنجە دراوە. لەسەر ئەو بنەمایەش، داوای لە دادگا کرد کە لیژنەیەکی تەندروستی بۆ پشکنینی ڕەوشی ناوبراو پێکبهێنرێت و ڕاپۆرتی پزیشکیی لەسەر ئامادە بکرێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ناوبراو لە ئاسایشەوە بۆ گرتن و گواستنەوەی سەر بە پۆلیس بگوازرێتەوە.
دوابەدوای داواکارییەکەی پارێزەر، دادوەر ڕاستەوخۆ لە حەمە ڕەشی پرسی کە ئایا ئەشکەنجە دراوە؟ ئەویش لە وەڵامدا ئاشکرای کرد: "بەڵێ، ددانم شکێنراوە، پشت و سەرم تەقەڵەی تێدایە و لە پیاوەتی خراوم." کاتێکیش دادوەر وتەکانی پێشووی بۆ خوێندەوە، حەمە ڕەش پاساوی هێنایەوه و گوتی: "لەبەر ئەوەی ترسام جارێکی دیکە ئەشکەنجە بدرێمەوە، لە لێکۆڵینەوەدا هەرچییەکیان دەگوت، منیش دەمگوت وایە."
لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە کاتی لێدان و جۆرەکەی، ئەو دەستگیرکراوەی لالەزار ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجەی جەستەیی نەدراوە، بەڵکوو تەنیا هەڕەشەی لێ کراوە، بەڵام سەبارەت بەو ئەشکەنجە قورسە جەستەییەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە گوتی: "لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا بەو شێوەیەیان لێ کردووم."