مەزڵوم عەبدی: پلان بۆ سەردانی تورکیا دادەڕێژم‌و رەنگە لەگەڵ ئۆجەلان کۆببمەوە
  2026-05-15       310       
مەزڵوم عەبدی

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، "پلان دادەڕێژرێت" بۆ سەردانەکەی بۆ تورکیە و لەو سەردانەدا "ڕەنگە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالانیش کۆببێتەوە".

 

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی لەچاوپێکەوتنی تایبەتی ڕۆژنامەنووس عەمبرین زەمانی پەیامنێری ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر ەایگەیاند "بە تەلەفۆن لەگەڵ ئۆجەلان قسەم نەکردووە، بەڵام نامەیم پێگەیشتووە".

لە وەڵامی پرسیارەکەی عەمبەرین زەماندا، "لەچاوپێکەوتنێکدا کاتێک لێت پرسین ئایا بیر لەگەشتکردن دەکەیتەوە بۆ ئەنقەرە، وەڵامت دایەوە بۆچی نا؟ ئایا بانگهێشتنامەیەکتان لەحکومەتی تورکیاوە پێگەیشتووە؟"، عەبدی وتی "دەتوانین بڵێین لەئێستادا پلانی لەو شێوەیە دادەنرێت".

مەزڵوم عەبدی ئەو قسانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن لە دیمەشق لەگەڵ نوح یڵماز باڵیۆزی تورکیا کۆبووەتەوەو دەڵێت "ئەو هەواڵانە ڕاست نین".

لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بەردەوامە. ناچمە ناو وردەکارییەوە. بەڵام پێمان وایە هەر گفتوگۆیەکمان لەگەڵ تورکیا هەبێت بەرهەمدارتر دەبێت ئەگەر حکومەتی سوریاش بخرێتە نێو ئەو گفتوگۆیەوە".

مەزڵوم عەبدی هەروەها ڕایگەیاندووە، "هەمیشە بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیی دراوسێیەتی ئاشتیانەمان هەبێت. جگە لەوەش ئێمە ئێستا بەشێکین لە سوپای سوریا".

عەبدی هەروەها ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە سیستەمی پەروەردە لە ناوچەکەدا لەچوارچێوەی لیژنەیەکی هاوبەشدا بەردەوامەو وتی "گرنگترین داواکاریمان ئەوەیە کە خوێندن لەو ناوچانەی زۆرینە کوردن بەزمانی کوردی بێت".

عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە هیچ ڕێسایەکی یاسایی نییە کە ڕێگە بە ژنان بدات لە سوپای سوریادا خزمەت بکەن و بەو هۆیەوە ئەندامانی یەپەگە یەکدەخرێن بۆ ئەوەی لە ئاسایشی ناوخۆدا سوودیان لێ وەربگیرێت.

 

"ئێمە چاوەڕوانی ئەم هەڵوێستەمان لەئەمریکا نەدەکرد"

عەبدی سەبارەت بە پشتیوانی ئەمریکا بۆ حکومەتی دیمەشق دوای شەڕەکانی مانگی یەک وتی، "ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان لەئەمریکا نەدەکرد".

عەبدی وتی، "کاتێک ئەم شەڕە دەستیپێکرد، ئەمریکییەکان دەیانتوانی دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن بۆ وەستاندنی شەڕەکە پێش ئەوەی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی تا ئەم ئاستە پێشڕەوی بکەن. دەیانتوانی گرێبەستێک بکەن پێش ئەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە خراپ بێت".

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، کوردانی ئێرانیش داواکاری ڕەوایان هەیە و "دەتوانن بە هەر شێوەیەک بیانەوێت بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن":

ئاماژەی بەوەشکردووە، "چ لەڕێگەی گفتوگۆ یان بەرخۆدانی چەکدارییەوە، ئەوە هەڵبژاردنێکە کە دەبێت بیکەن. لە هەر حاڵەتێکدا ئێمە ڕێز لە بڕیارەکەیان دەگرین."

بەڵام ئەمریکییەکان گەرەنتی پێویستیان بۆ بەشداریکردن لە خەباتی چەکداری بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران دابین نەکرد.

زۆرترین بینراو
“ئۆجالان هۆشداری داوە و شێوازێکی نوێی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز کردووە”
​تۆم باراک لە لێدوانەکەی سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلان پەشیمان دەبێتەوە: سیاسەتی ترەمپ نەگۆڕاوە
عەلی زەیدی کاتی راگەیاندنی سەروەریی تەواوەتی دیاری دەکات
قالیباف له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سوپاسالاری پاكستان: گوشاره‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئێران نابێت
هێرشی دارایی بێپێشینە بۆ سەر شادەمارەکانی ئابووریی ئێران؛ وردەکاریی پلانە نوێیەکەی ئەمریکا
فشاری سێقۆڵی لەسەر عێراق بۆ داماڵینی چەکی میلیشیاکان
مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق*
«کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیان بە کارکردنەوە کرد و نرخی بەنزین لە هەرێم دادەبەزێت»
پۆلیسی هەولێر: چەند کەسێک بە تۆمەتی تێکدانی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی لە گوندی گردەڕەشە دەستگیر کران
حکومەتی عێراق وادەی کاراکردنی پلاتفۆرمی پڕۆژەی «یەک ملیۆن زەوی نیشتەجێبوون» و مەرجەکانی ئاشکرا دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×