وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیاردان لەسەر چارەنووس و ئایندەی گەرووی هورمز لە دەستی ئێرانیدایە، هاوکات پێشبینی دەکات لە داهاتوودا هێڵی نوێی بۆری گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا دروست بکرێن.
ئاوێنە: لە لێدوانێکی نوێدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، وەزیری وزەی ئەمریکا ئاشکرایکرد کە ئاساییکردنەوەی دۆخی گەرووی هورمز پەیوەستە بە هەڵوێستەکانی تارانەوە. ناوبراو پێشبینی خۆیشی خستەڕوو کە ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا ناوچەکە شایەتحاڵی بنیادنانی هێڵی زیاتری بۆری گواستنەوە بێت (وەک جێگرەوەیەک بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان).
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیرە ئەمریکییەکە جەختی لەوە کردەوە کە پرسی ئازادیی دەریاوانی و جووڵەی بازرگانی لە گەرووی هورمز دەتوانێت بە خێراییەکی ڕێژەیی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، بەڵام ئەمەش تەنها لەو کاتەدا دەبێت کە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بکرێت.