لە شاری فرایبۆرگی وڵاتی ئەڵمانیا، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی و چالاکوانان، گردبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ پشتیوانیکردن لە زمانی دایک و پێگەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پاراستنی زمان، پارێزەریکردنە لە ناسنامەی نەتەوەیی.
ئاوێنە: گردبوونەوەکە کە ئەمڕۆ بە دەستپێشخەریی هەریەک لە ئەنجوومەنی ژنانی شەهید نوودا، ئەنجوومەنی کوردیی فرایبۆرگ، پارتی چەپی ئەڵمانیا (دی لینک) و کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا ڕێکخرابوو، بە خولەکێک وەستان و بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی دەستی بە کارەکانی کرد.
لە میانەی بەرنامەی چالاکییەکەدا، بەیاننامەیەکی هاوبەش بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی خوێندرایەوە کە تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگیی تێکۆشانی یەپەژە و خەباتی زمانەوانی. پەیامی سەرەکیی ئامادەبووان بۆ گەلی کورد ئەوە بوو کە بەتوندی خاوەندارێتی لە زمان و کولتووری ڕەسەنی خۆیان بکەن. لە بەشێکی وتارەکاندا هۆشداری درا و وترا: "هەر گەلێک نەتوانێت بە زمانی دایکی گوزارشت لە ناسنامە و بوونی خۆی بکات، ئەوا بە تێپەڕبوونی کات لە ڕاستینە و مێژووی خۆی دادەبڕێت و دووردەکەوێتەوە."
لە تەوەرێکی دیکەی گردبوونەوەکەدا کە لەژێر درووشمی "هەموومان یەپەژەین" بەڕێوەچوو، پرسی داننان بە پێگە و قوربانیدانەکانی یەپەژە بەرز نرخێنرا. لەم ڕووەوە، پەیامێک ئاراستەی حکومەتی کاتیی سووریا کرا و داوای لێکرا کە بە شێوەیەکی فەرمی دان بە ڕۆڵی مێژوویی و پێگەی سیاسی و سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی ژناندا بنێت.
لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا، ئامادەبووان بە یەکدەنگی و بە جۆش و خروشەوە درووشمەکانی “ژن، ژیان، ئازادیی”، “بژی یەپەژە” و “زمانمان بوونمانە”یان وتەوە. دواتر بەشداربووان بە گێڕانی شایی و هەڵپەڕکێی کوردی، کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.